رۆژنامەی ھەولێر

هاوكێشەكانی ئایندە و ئاڵای کوردستان لە دیمەشق

‎هاودەنگ فارووق
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا و، شێوازی پێشوازیکردن و ئەو پرۆتۆکۆلەی بینیمان، بەر لە هەموو شتێک دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە واقیعێکی نوێ لە ناوچەکەدا هاتووەتە پێشەوە. لەو واقیعەدا هاوکێشەی نوێ خەریکە دەخەمڵێت و، ئەوەندەی پەیوەندی بە کوردەوە هەیە، کورد وەکوو هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگ و بنەڕەتی هەیە؛ ئەوەندەی دیدی چاودێرێکی ئاسایی هەستی پێ بکات، دەتوانین بڵێین: هەرێمی کوردستان و ئاڵای کوردستان وەکو نوێنەر و تایتڵی فەرمیی نەتەوەی کورد لە ناو ئەو واقیعەدا بەفەرمی ناسراوە.
لەلایەکی دیکەوە، بمانەوێ یان نا، نهێنییەک باس ناکەین کە هەمووان هەستیان پێ نەکردبێت، ئەویش ئەوەیە لە ئێستادا شیەکانی عێراق شکستیان هێناوە لەوەی بتوانن فەرمانڕەوایەکی تەواو بۆ هەموو جەستەی دەوڵەتی عێراق و پەیوەندییەکی ساغڵەمیش لەگەڵ دراوسێکان و وڵاتانی دنیا بهێننە ئاراوە. ئەو شکستە وایکردووە وڵاتانی دنیا نەتوانن ونبووی خۆیان لە بەغدا بدۆزنەوە، بۆیە لەم حاڵەتەدا، هەرێمی کوردستان وەک ئۆپشنی هەرە بەهێزی مامەڵەیەکی نێودەوڵەتیی ساغڵەم دەبینرێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئەوە ڕاستە کە هیچ دەوڵەتێک دەزگای خێرخوازی نییە، ئەو مامەڵەیەش کە لەگەڵ کوردستان دەکرێت، لە دیدگای مەکرەمە و خێرخوازییەوە نییە، بەڵکو دەرئەنجامی واقیعی دابەشبوونی هێزەکانە. وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش ئەوە دەزانن کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەو ڕۆڵە ببینێت کە لە هر پەیوەندییەکی لەو چەشنەدا لێی چاوەڕوان دەکرێت.
بە مانایەکی دی، ڕاستە لە هەر پەیوەندییەکی سیاسیی نێوان دوو وڵاتدا، هەر لایەنە و بە دوای بەرژەوەندیی خۆیدا دەگەڕێت، بەڵام ئەوەی خاڵی گەشە بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە وڵاتانی سەربەخۆی خاوەن سەروەری پێیان وایە بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ کوردستان، ئەو بەرژەوەندییەیان مسۆگەر دەکرێت کە چاوەڕوانی دەکەن. هاوکات ئەوەندەی دەتوانین بە بێ زیادەڕۆیی بڵێین: ئەو سەردانە و هاوشێوەکانی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە سەرباری هەموو ئەو کۆسپ و لەمپەرانەی کە بۆ کوردستان دروستکراون، هەموو ئەو سیاستەی برسییکردن و گەمارۆدانەی لەسەر کوردستان جێبەجێ دەکرێن و ئاستەنگی جدییان بۆ دروستکردووە، بەڵام هێشتا هەرێمی کوردستان ئەوەندە سەنگ و بەهای گەورەی هەیە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ حسابی بۆ دەکرێت و، گرەوی ئەوەی لەسەر دەکرێت کە وەکو ڕەگەزێکی گرنگ و کاریگەری هاوکێشەکانی ئاینده ڕۆڵ و پێگەی هەبێت. واتە بەهێزیی کوردستان توانیویەتی کۆسپە تاکتیکییەکان تێپەڕێنێت و، ئەوەش خاڵێکە دەکرێت گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکرێت.
سەرباری هەموو ئەو ڕاستییانە، بەڵام تێبینییەک هەیە پێویستە ئاماژەی خێرای پێ بدرێت، ئەویش ئەوەیە: ئەگەرچی کەسایەتی و لایەن و حیزب هەبن لە قۆناغێکی کاری سیاسییدا کارەکانیان جێگەی گلەییی کورد بن، بەڵام کورد لە سیاستدا دۆستایەتی و دوژمنایەتی بەو مانایە نییە کە نەریتی کورد پێی ئاشنایە، بەڵکو پێوەرێکی دیکەی هەیە و لە کوێدا بەرژەوەندییەکان مسۆگەر کران دۆستایەتی هەیە و بە پێچەوانەشەوە. ئیدی پێویست ناکات بڕیاری کۆنکرێتی بدەین لە بارەی هیچ دۆسیە و کەسایەتی و کایەیەکی سیاسییەوە.
بۆیە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ دیمەشق، ئەو ڕاستییەی دووپاتکردەوە کە هەرێمی کوردستان واقیعێکی بەرجەستەی بەهێز و تۆکمەیە و لە هاوکێشەکانی ئاینده‌دا پێگە و ڕۆڵی پارێزراوە.