رۆژنامەی ھەولێر

یاخیبوون لە سەرۆكوەزیران، یەكەم گورز لە زەیدی

مەشخەڵ كەوڵۆسی
هەمووان بینەری ئەو چركەیە بووین كە تیایدا سەرۆكوەزیرانی عێراق لەدۆخێكی پڕلە ئیحراجبوون و لەدەرەوەی هەر نەریتێكی دەوڵەتداریی، ڕوویكردە وەزیری گواستنەوەی كابینەكەی خۆی و گوتی: چۆن واژۆت نەكردووە؟.
ئەوە لەكاتێكدا هەردوو شاندی عێراقی و توركی، بەسەرۆكایەتی زەیدی و ئەردۆگان، لەیەك هۆڵدابوون و، بەنیازی باسكردنی دەستكەوتەكانیان بوون!.. بەڵێ لەكاتێكدا زەیدی دەیویست وەكو دەوڵەتێكی خاوەن دیسپلین و سەروەری خۆی نمایش بكات، یەكەم گورزی گرانی بەركەوت و، وەزیری گەیاندنی كابینەكەی، واژۆی لەسەر ڕێككەوتنی ” ڕێگەی گەشەپێدان” نەكردبوو!.

زۆر بەكورتی كۆمەڵێك تێبینی لەسەر ئەو دیمەنە بە پێویست دەزانم:
یەكەم: دەرچوون لەهەموو نەریتێكی ڕێككەوتنەكان، چونكە پێش ئەوەی ڕێككەوتنێك بگاتە قۆناغی واژۆكردن، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت بەوردی و لەهەموو ڕوویەكەوە لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن و، پێشنیار و سەرنجی خۆیان بخەنە ڕوو، بەندەكانی هەمووار بكەنەوە و، دوا ڕوونووسی ڕێككەوتنەكە ئامادە بكەن. بەڵام دیارە لایەنی عێراقی ئەوەی نەكردووە، تاقەتی ئەو سەریەشەیان نەبووە، بۆیە بێ پێداچوونەوە گەیشتۆتە قۆناغی واژۆ!.. ئەگینا چۆن دەبێت وەزیری پەیوەندیدار بەمەبەستی واژۆكردن سەفەری وڵاتێك بكات و، كەچی لەوێ بڵێت: واژۆی ناكەم!. ئەمەی ڕوویدا بێ پێشینەیە و تەنها لە عێراق ڕوودەدات.
دووەم: نەبوونی هیچ جۆرە هەماهەنگییەك لەنێوان تیمەكەی زەیدیدا، چونكە پێویست بوو بەرلەوەی بچنە هۆڵەكەوە، ئەو زانیارییە بە زەیدی بدرایە كە جەنابی وەزیر ڕێككەوتنەكەی واژۆ نەكردووە، نەك وەكو خورپەیەك لەسەر ستەیچ، زەیدیش وەكو بینەرانی كەناڵەكان ئەو زانیارییەی پێ بدرێت!.
سێیەم: ئایا وەزیری مافی ئەوەی هەیە لە فەرمانی سەرۆكوەزیران یاخی ببێت؟ كێ ئەو دەستەڵاتەی بەوەزیر داوە پابەندی بڕیارەكانی خودی حكومەتەكەی خۆی نەبێت؟ ئایا پۆستی وەزیر پۆستێكی سیاسییە و ئەو نوێنەری حیزبەكەی خۆیەتی، یان پۆستێكی ئیداری و یاساییە و پێویستە سەداسەد پابەندی بڕیار و سیاسەتەكانی كابینەكەی بێت؟ ئایا لە سیستەمە دیموكراسییەكانی دنیادا وەزیر دەتوانێت ئەقڵی خۆی و سیاسەتی حیزبەكەی بكاتە پێوەر بۆ پابەندبوون بە بڕیاری حكومەتەوە؟ هەرچی ئەقڵی بڕی پابەندبێت و هەركات ئەقڵی نەیبڕی پابەند نەبێت؟ وەزیر كە كارنامەی كابینەی پەسەندكرد و سوێندی خوارد، ئیتر ئەندامێكی كابینەی وەزارییە نەك ئەندامی حیزبێك! بەڵام لە عێراق پێچەوانەكەی ڕاستە.
چوارەم: ئەگەر ئەو وەزیرە تێبینی هەبووە لەسەر ڕێككەوتنەكە، كەواتە بۆچی سەفەرەكەی كردووە كە دەزانێت دەبێت ئەو ڕێككەوتنە واژۆ بكات؟ بۆچی ئەو ناكۆكییانە پێش سەردانەكە چارەسەر نەكران؟.
پێنجەم: مادەم بەگوێرەی یاسا بڕیار و كارنامەی حكومەت بۆ وەزیرەكان مولزەمن، كەواتە كاتێ وەزیرێك بە میزاجی خۆی كار بكات، سەرۆكوەزیران دەبێ چۆن سزای بدات؟ ئایا سەرۆكوەزیرانی عێراق توانای هەیە سزای وەزیرەكانی بدات؟ ئەگەر سزایان بدات ئایا كاردانەوەی حیزبەكانیان چی دەبێت؟
شەشەم: ئایا دیموكراسی ئەوەش دەگرێتەوە كە وەزیری لەفەرمان و بەرنامەی كابینەی وەزارییەكەی خۆی دەربچێت؟ ئایا وەزیر دەتوانێت بەگوێرەی ڕاوبۆچوونی خۆی بڕیارەكانی سەرۆكوەزیران جێبەجێ بكات؟ ئەوەی وەزیرەكەی عێراق كردی شكاندنی هەموو پرنیسیپە ئیدارییەكان و پابەندییە یاساییەكانی وەزیر بوو، یان وەك ئەوەی هەندێك ڕۆژنامەنووسی كورد لێی تێگەیشتن بابەتەكە ئاساییە و ئازادی ڕادەبرینە؟! سەرپێچییەكی یاسایی و ئیداری زۆر گەورە و چاوەڕوان نەكراوبوو، یان ئازادی ڕادەربڕین وەك ئەوەی كۆمەڵیك ڕۆژنامەنووسی كورد بە ئەقڵ و میزاجی خۆیان باسی دەكەن؟.