رۆژنامەی ھەولێر

ئامۆژگارییەک بۆ ئەوانەی بە سوتفە کەوتوونەتە ناو دنیای سیاسەت

جەعفەر ئیمنیكی

بەشێک لەوانەی بە سوتفە کەوتوونەتە ناو دنیای سیاست لە کوردستان، توانای جیاکردنەوەی شتە زەقەکانی ژیانی ڕۆژانەیان هەیە، بەڵام هەرگیز ناتوانن جیاوازی لە نێوان دیموکراسیەت و دیکتاتۆریەتدا بکەن. ئەمەش نە لەبەر نەزانینیان، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەم دوو چەمکە زۆر ئاڵۆزن و دەبێت بە هەست و ئازارەوە ئەزموونیان بکەیت.
هەندێک کەس لە ناو دیکتاتۆریەتدا دەژین بەڵام هەست بە ئازارەکانی ناکەن؛ لە بەرامبەردا، خەڵکانێک هەن لە پێناو ئازادیدا گیانی خۆیان دەبەخشن. ئەم دوو جۆرە مرۆڤە لە کوردستاندا هەن: ئەوانەی خوێنیان بۆ کوردستانێکی ئازاد داوە و هێشتاش ئامادەی قوربانیدانن، لەگەڵ ئەوانەی ئازاری دیکتاتۆریەتی جارانیان نەچەشتووە و لەبەر بێبەریبوونیان لە هەستی نیشتمانی، بە ئاسانی دروشمی “ڕووخان” دەڵێنەوە!
مێژووی هاوچەرخ پێمان دەڵێت: دیکتاتۆریەت چەند تەمەندرێژ بێت، ئاقاری هەر رووخانە. بەڵام دیموکراسیەت چەندە پڕ بێت لە گێژاو و کێشەی سیاسی، ناڕوخێت و بە پڕۆسەی چاکسازی خۆی نوێ دەکاتەوە. ئەمە جەوهەری زانستی سیاسییە.
سیستەمە دیموکراتەکەی هەرێمی کوردستان، هەرچەندە ئابڵوقەدراو و پڕ لە ناکۆکیش بێت، ناڕوخێت. ئەم قەوارەیەی لە ١٩٩٢ەوە دامەزراوە، ساڵ بە ساڵ بەرەو ئاوەدانی و بەهێزبوون چووە. ئەوانەی بە ناوی ڕۆشنبیر و چالاکڤانەوە داوای ڕووخانی دەکەن، دەبێت بزانن جیاوازی سیستەمەکان بە دروشم تێناگەینرێت. گوزەرانی خەڵک بەرەو باشتر دەچێت و “ڕووخان” وشەیەکی بێپێزە؛ ئەوانەشی سوورن لەسەری، لە ئایندەیەکی نزیکدا تەنیا خەفەتیان بۆ دەمێنێتەوە.