عارف ڕوشدی
سەردانەکەی ئەمجارەی (تۆم باڕاک)، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هەولێر، جیاواز بوو سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیی ئەمریکا بەرامبەر بە سیستمی فیدراڵی لە عێراق و پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی. بەواتەیەکی دیکە زۆر ئەرێنی بوو، هەرێمی کوردستان لە ئێستا و داهاتوودا، هاوکار دەبێت لە چارەسەرکردنی زۆرێک لە گرفتە کەڵەکەبووەکانی عێراق، بەتایبەتی لە بواری سەرڕاستکردنی ڕێڕەوی حوکمڕانی و پاراستنی سەربەخۆیی عێراقدا. لەم بارەیەوە، جەنابی سەرۆک بارزانی لە دیدارەکەیدا پێداگیریی لەسەر شێوازی چارەسەری تەندروستانەی گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە، کە پێویستە (دەستوور) بڕیاردەر بێت و ڕێکخستنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە عێراقدا لەسەر بنەماکانی (هاوبەشی، هاوسەنگی و ڕێککەوتن) بێت. هەروەها لە دیدارەکانیدا لەگەڵ هێژایان (سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان)، هەڵوێستی بەردەوامی پشتیوانیکردن بوو لە پێکەوەکارکردنی حکوومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان و دابینکردنی هەماهەنگیی بەرفراوانتر لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا.
لە لایەکی دیکەشەوە خوازیار بوو کە کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، هەنگاوی باشتری بەخۆیەوە ببینێت.
سەردانی (تۆم باڕاک) بۆ هەولێر، خۆی لە خۆیدا ئاماژەیەکی دیارە بۆ بەهێزی و گرنگیی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی دەوڵەتی عێراقدا.
زێدەباری ئەوەش، دیداری باڕاک و مەزڵوم عەبدی بە ئامادەبوونی هێژا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ هەستیاری و کاریگەریی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەکانی سیاسەتی هەرێمایەتیدا.

