رۆژنامەی ھەولێر

بۆچی بەرگەی فشارەکان دەگرین؟

فازڵ میرانی

بەرگەمان گرتووە و هێشتاش بەرگە دەگرین؛ چ لەو فشارانەی کە لۆژیکین و چ لەوانەش کە هیچ بنەمایەکی لۆژیکی و ڕاستییان تێدا نییە. بە درێژایی سەدە و دەیان ساڵ بەرگەی فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانمان گرتووە، فشارەکان تا ئێستاش تێکەڵەیەک بوون لەو فشارانەی کە ئاراستەی گەلەکەمان کراون و ئەوانەشی کە ئاراستەی باڵە دڵسۆزەکەی بزووتنەوەی کوردی کراون. ئەمەش بەهۆی هەڵەسەنگاندنی نادروست لەلایەن هەردوو جەمسەرەوە؛ جەمسەرێک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا کە هیچ کاتێک پێش بەرژەوەندییەکانی خۆی، خۆی بە دۆزی گەلانەوە سەرقاڵ نەکردووە، جەمسەرەکەی تریش کە درک بە بایەخپێدانەکانی جەمسەری یەکەم دەکات و ئەوە پێشکەش دەکات کە بەشێک لە بەرژەوەندییەکانی ئەو جەمسەرە دەستەبەر بکات.
ئەو هاوکێشە سەختە، وایکردووە فشارە ئەمنی و سەربازییەکان و شێواندنی میدیایی، قەبارەی بەرپرسیارێتییەکانمان قورستر بکەن؛ چونکە ئێمە درک بە دوو پرس دەکەین:
یەکەمیان ئامانجی دوژمن، کە بنبڕکردنی ئێمەیە تا بتوانێت بپەرژێتە سەر گەلەکەمان و لەناویاندا بتوێنێتەوە، دووەمیش درککردنە بە سروشتی بەرپرسیارێتییەکانی خۆمان، کە بەرپرسیارێتییەکن لە سەرووی ئاستە سیاسییە باوەکانەوە، پێویستیان بە ئاستێکی بەرزی تێگەیشتن هەیە لە سەرجەم ڕەهەندەکانی ململانێکە، پاڵنەرەکانی نەیاران و نەخشەکانی دوژمن. هەروەها پێویستی بە ئاستێکی بەرزی تێگەیشتن هەیە لەو هۆکارە کاریگەرانەی لەناو کۆمەڵگەدا بەکارخراون، لە بیروباوەڕ، کولتوور، هونەر وتەنانەت کاروبارەکانی پەیوەست بە بژێوی ژیانەوە.
خەبات و تێکۆشان بە مانا وەسفییەکەی و بە هەموو پاکژییەکەیەوە، کارێکی ئاسان نییە، بە هەمان شێوه‌ پاراستنی بە پاکی لەبەردەم هەوراز و نشێوی دەستکەوت و شکستەکاندا کارێکی سانا نییە؛ چونکە زۆر کەس بەهۆی لاوازیی ناوخۆیی خۆیان یان بەهێزیی دوژمنەکەیانەوە، ڕەنگە دەستبەرداری ئەرکەکانیان ببن ـ وەک چۆن لە ڕابردووشدا ڕووی داوە ـ، جا ئەمەش لە ترسا بێت، یان بەهۆی نەتوانینی هاوشانبوون، یاخوود لەبەر هۆکاری تایبەتی و خودی.
پرسی خەباتی سیاسی کە بە گەیشتن بە دەسەڵات لووتکە وەردەگرێت، فاکتەرێکە بۆ دەرخستنی ئاڕاستە و ئامادەیی ئەو ئەقڵە سیاسییەی کە دەسەڵاتی بەدەستهێناوە، هەروەها دەرخەری ئەوەیە کە بەرنامەی کارەکەی چۆن دەبێت، کە لە پێناویدا ئەو هەموو هەوڵ و قوربانییەی داوە. لەلایەکی ترەوە، یەکێک لە فشارەکان بریتییە لە ڕێکخستنەوەی بارودۆخەکان لەگەڵ ئەو توێژەی لایەنگری دەسەڵاتی پێشوو بوون، نەهێشتنی ئەوەی کە فەرمانڕوایی ببێتە هۆکارێک بۆ تۆڵەسەندنەوەی کەسی یان دەروازەیەک بۆ دوژمنکارییەک کە ڕەوتی کارەکان دوابخات، یان ڕێڕەوەکەی بەرەو وێرانکارییەک بگۆڕێت کە تەواوکەری وێرانکارییەکەی پێشوو بێت.
بەرگەی ئەو فشارانەمان گرت کە دەرئەنجامەکەی لەسێدارەدانی کەسوکارمان بوو، هەروەها تێکدانی ژیانی ئەوانەی بە زیندوویی مانەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتی، ئابووری و فیکرییەوە. ئەرکی سەرشانمان بوو کە بەرپرسیارێتیی نوێ بگرینە ئەستۆ، کە بریتی بوو لە چاککردنەوەی هەڵەکانی ئەو لایەنانەی تری کە لەسەر کورسی دەسەڵات بوون، یان نەهێشتنیان، یاخود بێدەنگبوون لە ئاست بەشێک لە پاشماوەکانیان؛ ئەمەش بە واتای دووقاتبوونی بارگرانییەکان بوو، لەگەڵ گرتنەبەری هەمان شێواز بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە دەرەکییەکانی پەیوەست بە پڕۆژە سیاسییە حاکمەکەوە.
هۆکاری سەرەکیی هەموو ئەمانەش، لە بنەڕەتدا گواستنەوە و هاتوچۆ بوو لە نێوان دوو ئەقڵییەتی حوکمڕاندا؛ یەکێکیان بە ئەنقەست زیانی دەگەیاند، ئەوی تریشیان بەهۆی ملهوڕی و دانپێدانەنانی بە نەزانینی لە حوکمڕانیدا، بووە هۆی زیان گەیاندن. ملیۆنان عێراقی و سەرجەم پێکهاتەکان، لەوانەش کورد و کوردستانییەکان، تەنانەت غەیرە عێراقییەکانیش، لە ڕابردوو و ئێستادا ناڵاندوویانە و بەرگەی بارگرانی و فشاری زۆریان گرتووە بەهۆی ئەوانەی کە حوکمڕانی بە تێرکردنی ئارەزووەکانیان
دەبینن.
دۆزی ئێمە نەدەجوڵا و پێش نەدەکەوت ئەگەر ئێمە وەک تیمی سیاسیی کوردستانی، تەنیا بە گڵەیی و گازندە و دەستنیشانکردنی تاوانبارانی مافەکانمان بوەستاینایە، بەڵکوو بەهۆی کارکردنی سەخت و تاقەتپڕووکێن بوو کە ئەم واقیعە بەدی هات، کە تا ئێستاش لە هەموولایەکەوە ڕووبەڕووی شەڕ دەبێتەوە؛ ئەم واقیعەش نەدەما و خۆڕاگر نەدەبوو ئەگەر ئەو توانای خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتنەمان نەبووایه کە وەک قەڵغانێک بەکارمان هێنا، بۆ ئەوەی بە دوای هەڵچوونی بەپەلە و چارەسەرە سەرپێیی و کاتییە بێسوودەکاندا نەکەوین، کە ئەگەر پەیڕەومان بکردایە، پەککەوتنی گشتیی لێ دەکەوتەوە، کە
ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە زۆرێک لە دوژمنان دەیانەوێت.
ئێمە بەرگەی هەموو جۆرەکانی ئازار دەگرین، بۆ ئەوەی گەڕەکانی ململانێ بە شکستگەلێک کۆتایی نەیەن کە ببنە قازانج بۆ بازرگانانی سیاسەت و سوودمەندەکانی؛ ئەوانەی کە بەشێکیان بۆ هەر سەردەم و کاتێک ڕوخسار و هەستێکی جیاوازیان هەیە و تەنیا خەمی خۆیانیانە، تەنانەت ئەگەر باجەکەش نەتەوەیەک بێت بە تەواوی.
ئارام دەگرین، ئاراممان گرتووە و خۆڕاگر بووین لەسەر ئازاری نزیک و دوورەکان، تا ئەو ڕۆژە دێت ـ کە بەشێکی زۆری خۆری ئەو ڕۆژە پێشتر هەڵاتووە ـ کاتێک کە قوتابییەک لە پۆلەکەیدا دادەنیشێت بۆ ئەوەی پیتێک فێربێت، کاتێک بنکەیەک بۆ چارەسەر و یەکێکی تر بۆ زانکۆ بنیاد دەنرێت، و ئەفسەرێکیش لە شوێنی خۆیدا دەبێتە پارێزەرێکی ئەمین بۆ ژیانی خەڵک. بەبێ ئەو ئارامگری و بەرگەگرتنە، بێگومان شێواوی و پشێوی ڕووی دەدا، و زیانەکەش گەورەتر، گشتگیرتر و هەمیشەیی دەبوو.
هیوادارین ئەو ئەقڵەی کە خراپەی کردووە و هێشتاش بەردەوامە لەسەر خراپەکاری، هۆشیار بێتەوە ئەگەرچی بە درەنگیش بێت، چیتر واز لە تاقیکردنەوەی ئارامگری و توانای بەرگەگرتنمان بهێنێت بەو خۆڕاگرییەی کە ئێمە تێیدا کارامەین، لە کاتێکدا کەسانی تر تەنیا لە وێرانکاری و ئازارداندا شارەزان.