رۆژنامەی ھەولێر

سوهەیلە حەسەن

یاسین قادر بەرزنجی

خانمێکی رووسووری شانۆی کوردییە کە لە کۆتایی حەفتایەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە شانۆ و سینەما و درامای تەلەفزیۆنی و ڕادیۆییدا بەشداریەکی بەرچاوی کردووە و لە هەر کارێكدا بە پێی ڕەهەندەکانی کاراکتەرەکەی بە توانایی و لێوەشاوەییەکی تەواوەوە ئەکتەری سەرکەوتوو بووە.
وێڕای ئەوانە بەندە لە سێ کاری شانۆیی و دوو کاری درامیدا لەگەڵ ئەو خوشکە بەڕێزەمان بەشدار بووم، بینیومە وێڕای ئاکتی جوان و گونجاوی، هەمیشە وابەستە بووە بە سەرنجی دەرهێنەر و کاتەکانی مەشقەەوە و لێزانانە مامەڵەی کردووە.
سوهەیلە خان ساڵی ١٩٧٥ ژیانی هاوسەرگیریی لەگەڵ هونەرمەندی گەورە مامۆستا عومەر دڵپاک پێک هێناوە و ئیدی بارگەی ئەکتەرایەتیی خۆی لە تیپە دێرینەکەی نواندنی سلێمانی خستووە و زۆری کارەکانی لەگەڵ ئەو تیپەدا بووە کە بۆ هەمیشە مایەی شانازیی هونەرمەندانی کوردە، هەڵبەت ئەم خانمە ئەکتەرەمان لەگەڵ تیپ و گروپی تریشدا بەشداریی بەرچاوی هەبووە. هەمیشەش زانیویەتی چ کارێک هەڵدەبژێرێت بۆ گەیاندنی تواناکانی و درەوشانەوەی بەهرەکانی، بەتایبەت لە درامای (ژاڵە) لە ساڵی١٩٨٥دا کە لە تەمەنی ٢٤ ساڵاندا بە باشی ڕۆڵی دایکێکی پەنجا ساڵەی ڕایی کردووە.
خاتوو سوهەیلە لە چەند نمایشێکی شانۆییدا ئەکتەری بەرچاو بووە، لەوانە:
ئەو پیاوەی خۆی بە بارمتە دانا، لۆرکا، سۆناتای مەرگ، کەرنەڤاڵی دەمامکەکان، دژمنی گەل، گۆڕستانێکی نوێ، ڕۆژژمێری براکان، نیگای خۆکوژێک، لەگەڵ شانۆگەریی بێکەس.
لە بەشدارییە بەنرخەکانیشی لە درامای تەلەفزیۆنیدا:
گوڵی خوێناوی ١٩٩٢، نهێنی، نمەخان، هەتاو، گەردەلوول، ئارەزوو، هەنگاوەکانی سەر خۆڵەمێش.
هاوکات لە ٧٩دا بەشداریی درامای رادیۆیی عەلی خانی تەورێزی دەرهێنەر فازیل جافی کردووە و لە فیلمی شار، زامی کامێرا، شوێنێک بۆ یاری و فیلمی دڵی سووردا ئەکتەر بووە.
بەخت یاوەری ئەم خوشکە بەڕێزەمان بووە کە لەگەڵ چەندین دەرهێنەری خاوەن ئەزموون و ئەفرێنەردا کاری کردووە، لەوانەش:
ناسر حەسەن، فازیل قەساب، جیهاد دڵپاک، حسێن میسری، کامەران ڕەووف، جەلیل زەنگەنە و ئەرسەلان دەروێش.
سوهەیلە خان سەرفرازانە بووەتە ئاشناوڕۆشنای بینەران، هاوکات بەشداری سەنگین و خاوەن پایە لای دەرهێنەر و ئەکتەرانی بەشدار و هاوکاری کارەکانی، ئەو وێڕای ڕێز و حورمەتی وەک ژنێکی پایەبڵند، چەندین خەڵاتیشی لەلایەن سەرۆکی حکومەت، کەناڵی کورد سات، پڕۆسەی چرا، تیپی شانۆی سالار، بەڕێوەبەرێتی هونەری شانۆی سلێمانی، تیپی نواندنی سلێمانی و یەکێتیی ژنانی کوردستانەوە پێ بەخشراوە، لە سەروو ئەوانەشەوە رێز و خۆشەویستیی خەڵکی کوردستان کە هەمیشە گوڵبارانی هونەرمەندانی وەک (سوهەیلە حەسەن)ی پێ دەکەن.
بەهیوام هەمیشە بەردەوام بیت خوشکە بەڕێزەکەم، لەگەڵ مامۆستای گەورەمان عومەر دڵپاکی ئەستێرە گەشەی شانۆی کوردیدا هەمیشە بەختەوەر بن، ئێوە مایەی شانازی و ڕێزی هەتاهەتاییی ئێمەومانانن.