رۆژنامەی ھەولێر

دیزاینکردنەوەی ئەدەب لە سەردەمی دیجیتاڵیدا

بژار حەکیم

دیزاینکردنەوەی ئەدەب یان داڕشتنەوەی ئەدەب لە کۆنتێکستی سەردەمی دیجیتاڵیدا، بە تەنیا بیرۆکەیەکی سادە و تێپەڕ نییە، بەقەد ئەوەی پێویستییەکی خێرای سەردەمی مۆدێرنەیە، کە هەوڵ دەدات ئەدەب بباتە قۆناغی دووبارە داڕشتنەوە. دەکرێت لە سەردەمی تەکنۆلۆژیا و دیجیتاڵیزمدا، دیزاینکردنەوەی ئەدەب شێواز و پێناسەیەکی نوێ وەربگرێت، چونکە قۆناغی ئێستا بەهۆی خێرایی گەشەسەندنی تەکنۆلۆژی و بچووکبوونەوەی جیهان لە جوگرافیای ئەلکترۆنیدا، پێناسەی تازەی داوە بە کایەی کولتووریی لە جیهاندا، ئەدەبیش وەک هێزێکی نەرم و کاریگەر، بەدەرنابێت لە دووبارە خۆ نوێکردنەوەی لەڕووی دیزاین و پێناسەی نوێی دیجیتاڵیدا. دیزاینکردنەوەی ئەدەب یەکێکە لە پڕۆژە پێویستەکان لە سەردەمی هاوچەرخ دا، لەبەر ئەوەی تەکنەلۆژیا و شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤی مۆدێرن گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەردا هاتووە، بۆیە ئەدەبیش ناتوانێت بەشێوازی تەقلیدی بەردەوام بێت. بۆ ئەوەی ئەدەب دیزاین بکەینەوە بەشێوازێک، لەگەڵ جیهانی ئەمڕۆدا بگونجێت، دەکرێت کار لەسەر تێکەڵکردنی ئەدەب و تەکنەلۆژیا بکەین.

لە سەردەمی سۆشیال‌میدیادا، سەرنجی مرۆڤ کەم بووەتەوە، دیزاینکردنەوەی ئەدەب پێویستی بە گونجاندن هەیە بە هۆی کەمیی کاتەوە، کە بە خێرایی تێدەپەڕێت، نووسینی چیرۆکی کورت لە چەند دێڕێک یان لاپەڕەیەک تێپەڕ نەکات، بەڵام بەهای زمانی و بەهای مانایی هەبێت، ئەوە بۆ شیعریش گونجاوە کە کورت و پوخت بێت. خاڵێکی دیکەی گرنگی دیزاینکردنەوەی ئەدەب زمانە، گۆڕینی زمان و شێوازی دەربڕین، ئەگەر زمانەکە سادە نەبێت، نەوەی تازە لێی دوور دەکەوێتەوە، زمانی زیندووی سەرشەقام بەکارهێنانی ئەو زمانەیە، کە خەڵک بە سادەیی قسەی پێ دەکەن، نەک زمانێکی مردوو، هەروەها سادەیی لە دەربڕیندا دروستکردنی مانایە، بێ ئەوەی لە بایەخی زمان کەم بکرێتەوە.
مرۆڤ لە جیهانی دیجیتاڵیدا بێکاتی دەستەمۆی کردووە؛ هەروەها ئەو هەموو کێشە دەروونی و، دڵەڕاوکێ و خەمۆکیەی بەرهەمی ژیانی مۆدێرنە، گۆڕانی کەشوهەوا و داهاتووی زەوی (ئەدەبیاتی ژینگەیی یان کێشە گەردوونییەکان)یش، دەبێت بەشێکی گرنگ و سەرەکیی ئەو دیزاینکردنەوەیە بن و، نوێنەرایەتیی ئەو بەرپرسیارێتییە بکەن. بەشێکی دیکەی دیزاینی نوێی ئەدەب ئەوەیە، کە چیتر بەشێوەیەکی تەقلیدیی کتێب لە ڕەفەی کتێبخانەکاندا نامێنێتەوە، دیزاینی نوێی بڵاوکردنەوە دەکرێت بەم شێوانە بێت، وەک بڵاوکردنەوەی ئەدەب بە شێوازی پۆدکاست و دروستکردنی ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە چیرۆک و شیعر، هەروەها هەڵواسینی پۆستەری شیعر و دەقی کورت لە شوێنە گشتییەکان، وەک جامی پاسەکان و سەر دیوارەکان، یانیش نمایشکردنی بەرهەمە ئەدەبییەکان لە ڕێگەی شاشەی دیجیتاڵی لە شوێنە گشتییەکان دا.
ئەو دیزاینە بە مانای تێکدانی بەها ئەدەبییەکان نییە، بەڵکوو دروستکردنەوەی بەهایە لە بەرگێکی نوێدا، واتە پاراستن و گەشەپێدانی ئەدەبە بە دیزاینی نوێ، بەڵام پێشکەشکردنی بەو زمان و فۆڕمانەی، کە خوێنەری سەردەمی دیجیتاڵیزم لێی تێدەگات و چێژی لێ دەبینێت.
کاتێک باس لە دووبارە داڕشتنەوە یان دیزاینکردنەوەی ئەدەب یان هونەر دەکەین، مەبەستمان دۆزینەوەی فۆرمی نوێیە، تاوەکوو بتوانێت لەگەڵ ڕیتمی خێرای ژیانی مرۆڤی مۆدێرن و گۆڕانکارییە لەناکاوەکانی تەکنەلۆژیادا خۆی بناسێنێت. مرۆڤی ئەمڕۆ لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە خێراکانی دیجیتاڵیدا دەژی، بۆیە ئەو دەقە ئەدەبییەی دەیەوێت لەم سەردەمەدا کاریگەری بەجێبهێڵێت، ناتوانێت تەنها پشت بەشێوازە تەقڵیدییەکانی گێڕانەوە یان زمانی ئاڵۆز ببەستێت.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم دیزاینکردنەوەیە، گۆڕینی پەیوەندی نێوان نووسەر و خوێنەرە، بەشێوەیەک کە خوێنەر لە وەرگرێکی بێدەنگ و ناچالاکەوە، دەبێتە بەشدارێکی کارا لە پرۆسەی خوێندنەوە و تەنانەت لە دیاریکردنی چارەنووسی دەقەکەشدا.
ئەمە دەکرێت لە ڕێگەی ئەدەبیاتی کارلێککەرەوە بێت، کە تێیدا تەکنەلۆژیای ئەدەبی نوێ و سەکۆ ڤیدیۆییەکان تێکەڵ ببن، دەرفەت بە خوێنەر دەدەن خۆی ڕێڕەوی ڕووداوەکان دیاری بکات.
لەلایەکی دیکەوە، نەبوونی کات لەلای خەڵک وایکردووە، کە پێویستیمان بە جۆرێک لە ئەدەبیاتی کورت و پوخت هەبێت، کە لە کەمترین کاتدا زۆرترین پەیام بگەیەنێت، ئەمەش بەو مانایە نییە کە لە بایەخی دەق کەم بکاتەوە، بەڵکو بەو مانایەیە، کە زمان و دەقەکە لە درێژدادڕییەکی بێسوود دەپارێزێت و سەرنجی خوێنەر خێراتر دەچێتە سەر جەوهەری مانا. لەڕووی ناوەڕۆکیشەوە، پێویستە ئەدەبیاتی نوێ باسی ئەو ئازار و کێشە ڕاستەقینانە بکات، کە مرۆڤی ژێردەستی تەکنۆلۆژیای بێهێز کردووە، وەک گۆشەگیری لە جیهانی قەرەباڵغی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کێشە ژینگەییەکان و ترسی مرۆڤ لە سەردەمی (پۆست‌دیجیتاڵیزم)ـدا. ئەدەبێک نەتوانێت ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی شوناسی سەردەمی ئێستا و کێشەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ بێت، دەبێتە ئەدەبێکی بێگیان و بێکەڵک.
شێوازی گەیاندن و بڵاوکردنەوەی ئەدەبیش پێویستی بە شۆڕشێکی ڕاستەقینە هەیە، چونکە کتێبی کاغەزی گەرچی بەهای خۆی هەر دەمێنێت، بەڵام چیتر تەنها هۆکار نییە بۆ ناسینی ئەدەب، بەڵکو پۆدکاستە دەنگییەکان، ئەپڵیکەیشنە زیرەکەکان، و تەنانەت نووسینی دێڕە شیعرەکان لە سەکۆ ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵییەکاندا، دەتوانن ئەدەب ببەنە ناو قووڵایی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە. دیزاینکردنەوەی ئەدەب پڕۆسەیەکی بەردەوامە لە نوێبوونەوە، کە تێیدا ناوەڕۆکە نەگۆڕ و قووڵەکانی مرۆڤایەتی وەک خۆشەویستی، مەرگ، ئازار و گەڕان بەدوای مانادا دەخرێنە ناو ژینگەیەکی هاوچەرخ و سەرنجڕاکێشەوە، تا بەو زمانە بدوێین، کە مرۆڤی ئێستا تێیدەگات و دەتوانێت لە ڕێگەیەوە هاوسۆزی بۆ خۆی پەیدا بکات.
کاتێک باس لە دیزاینکردنەوەی ئەدەب دەکەین، لەنێوان کێشمەکێشی پێویستییەکانی سەردەم و پاراستنی بەهای زمانیدا، لە ڕاستیدا باس لە هاوکێشەیەکی هەستیار دەکەین، کە دەیەوێت پردێک لەنێوان ڕەسەنایەتی و هاوچەرخی دروست بکات. ئەم دیزاینە لە جەوهەری خۆیدا هەوڵێکە بۆ ڕزگارکردنی ئەدەب لە کایەیەکی بێگیانی تۆز لەسەر نیشتووی نەریتی. لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، چۆن دەتوانین فۆرم و شێوازی گەیاندنی دەق بگۆڕین بۆ ئەوەی لەگەڵ سەلیقەی سەردەمی دیجیتاڵیدا بگونجێت، بەبێ ئەوەی کێش و سەنگ و جوانیی زمانەکە لەدەست بدەین. سەرەتا دەبێت لەو ڕاستییە بگەین، کە پێویستیی سەردەم گوشارێکی ڕاستەقینەمان لەسەر دروست دەکات، ئێستا مرۆڤ لەناو لافاوێک لە زانیاریی خێرا، کورتە ڤیدیۆ و خێرایی سۆشیاڵمیدیادا دەژی، کەواتە دیزاینکردنەوە لێرەدا دەبێتە پێویستییەک بۆ مانەوە، واتە نوێکردنەوەی جەستەی دەق و کورت کردنەوەی گێڕانەوەکان.
لە کۆتاییدا بۆ ناسینی دروستی دیزاینکردنەوەی ئەدەب، دەبێت وەک نوێکردنەوەی فۆرم لە سەردەمی تەکنۆلۆژیا سەیری بکەین، نەک وەک شێواندنی مانا و زمان، هاوکات کەرستەی بەرهەمهێنانی دەقی ئەدەبی لەم دیزاینە نوێیەدا جیاوازە لەگەڵ کەرستەی بەرهەمهێنانی دەقی ئەدەبی لە ڕابردوودا، بەو مانایەی کە جاران سرووشت و عەشق کەرستەی سەرەکیی ئەدەب بووبوون، ئێستا ترس لە ژینگە، گەرمبوونی زەوی، چارەنووسی مرۆڤ لەژێر تەکنۆلۆژیا و ژیریی دەستکرددا، سستەمی بەڕێوەبردنی جیهان، دەبنە کەرستەی دەقی نوێی ئەدەبیی.
ئەمەش وا دەکات ئەدەب بە زیندوویی لەناو دڵی نەوەی تازەدا بمێنێتەوە، هەروەها لەڕێگەی تەکنەلۆژیا و سەکۆ زیرەکەکان و شاشە دیجیتاڵییەکاندا خۆی نمایش بکاتەوە.