ئەو خەمانەی ناتوانم بیدرکێنم
لە چاوانی نیوەکەی دیکەم
دەیخوێنمەوە
لەم ڕۆژانە نوێترین بەرهەمی چاپکراوی نووسەر و شاعیر ( ئاری ئاغۆک) هاتە چاپکردن بە ناونیشانی ( نیوەکەی دیکەم ) کە ٥٠ پۆستەرە شیعر لە خۆ دەگرێ، لە دەسپێکی ئەم کتێبەدا لە گۆشەیەک دا نووسەر دەڵێ: ئەو هەستە نووسینە هەمووی بۆ نیوە وونبو و نادیارەکەی جەستە و ڕۆح نوسراوە، زۆرجار لەتەک یەکین هەستی پێ ناکەین، زۆرجاریش لەدووری دوورەوە هەستمان پێ کردوەو وەک سێبوری تەمەن شیرین بوونە لە لامان.
لە پێشەکی ئەم کتێبە دا، قەهار شێخانی خوێندنەوەیەکی بۆ ئەم بەرهەمە ئەدەبیە کردوە و لە گۆشەیەک دا دەڵێ : ئاری لە سێگۆشەی بەرمۆدەی تەنیایی خۆی دا کاتێ دەیەوێ قاوەی تاڵی زەمەن بخواتەوە، لە پڕ نیوەکەی دیکەی فریای دەکەوێ دەستی دەگرێ بە پەیڤ و ڕوخساری شیرین وا دەکا هەست بە ئۆخەی ئەبەدی تەمەن بکا، بۆیە ئەو هیچ کات لە پیربوون و پایزی تەمەن ناترسێ.
شیاوی ئاماژە پێ کردنە ئەم بەرهەمە ( ٥٩ ) مین بەرهەمی چاپکراوی ئاری ئاغۆکە، لە ئاییندەیەکی نزیک دا مەڕاسیمی ناساندنی بۆ دەکرێ،
لە یەکێک لە پۆستەرە شیعرەکانی نێو ئەم کتێبە هاتووە:
کە تینووی پەیڤ و دیدارم
لە قوژبنێکی بێ دەنگ
بە قوڕگی ووشک دۆش دادەمێنم
بە هێزی نەرم و
ووزە بەخشی نیوەکەی دیکەم
زەین و زارم
پڕ دەبێ لەشەکرە قسە.
لە ڕۆژنامەی هەولێرەوە پەیامی دەستخۆشی و هیوای بەردەوامی بۆ نووسەر دەخوازین.

