ئاری ئاغۆک
خوێندنەوەیەک بۆ ڕەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانی لە دەقەشیعری (نەورۆز)دا
١٩٢٨-٢٠١٥
نەورۆزە مەستم بە نەغمەی بولبول، مەستم بە عەتری وەنەوشە و سومبول
شادم بە هاژەی رووباری بەفرین، سورم بە شڵپەی شەپۆلی زیوین
کێو و گرد و دۆڵ باخ دەشت و دەر، جوان و خەملێون تێکرا سەرانسەر
گوڵی گوڵزار و درەختی دەم پاڵ، هەڵپەڕکێیانە بە شنەی شەماڵ
تیپی حاجیلە و گلووکی ڕەنگین، بووینە نیگاری قاڵی ڕووی زەمین
خۆری پرشنگدار لە ئاسمانی ژین، پێدەکەنێ بۆ چیمەن و نەسرین
پۆلێ پەپوولەی نەخشینی جوانجوان، هاتوچۆیانە لەسەر ڕووی گوڵان
ئاوازی هەنگی زێڕینی سەر گوڵ، سروشتی خۆشی ئەخاتە ناو دڵ
شمشاڵی شوان و باڕەی کارژۆڵان، جریوە و جۆگەی بەسۆزی مەلان
بەرەو گوێچکەی دڵ دێن لە دۆڵ و دەشت، خۆش وەک ئاوازی مۆسیقای بەهەشت
لە هەر لا ئەمڕۆ مەستە بە شادی، مەستە بە خۆشی ڕۆژی ئازادی
رۆژی پچڕانی زنجیری ژیان، جەژنی نەورۆزی کورد و کوردستان
کۆیە نەورۆزی ١٩٥٨
لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا چەندین شاعیر شیعریان بۆ نەورۆز نووسیوە، زۆر لێکۆڵینەوەی جیاجیای ئەدەبی لەسەر چەمک و ناوەڕۆکی دەقەکان کراوە کە هەموویان خۆیان لە چوارچێوەی ڕەهەندی نەتەوەیی و نیشتمانی دەدۆزنەوە، ئەمەش بۆ ئەو بنەمایە دەگەڕێتەوە کە نەورۆز لە دیدی شاعیرانی کورددا وێنەیەکی گەورەتری هەیە لەو وێنەیەی کە تەنیا وەک جەژنێک سەیر بکرێت، بەڵکو لە ئەدەبیاتی کوردیدا نەورۆز خۆی لە چەمکی ئازادی خاک و گوزارشتی سەربەخۆیی و ژینگەی جوان و مامەڵەکردن لەگەڵ سروشت دەدۆزێتەوە، بۆیە لای هەموو تاکێکی کورد نەورۆز پیرۆزی و گەورەیی و خۆشەویستی خۆی هەیە، بەڵام لای شاعیر و ئەدیب و هونەرمەند و ڕۆشنبیران لە دیدگایەکی قووڵترەوە لە بابەتەکە دەڕوانن، کاتێ دەقێکی شیعری دەربارەی نەورۆز دەبینین هەست بەچێژی ئازادی خۆش بەختی دەکەین، بۆیە لەدایکبوونی تێکستێکی ئەدەبی دەربارەی نەورۆز لە هەموو قۆناغ و زەمەنێکدا مەبەستێکی گەورەتر و فراوانتری هەیە لەوەی کە ئێمەی خوێنەر دەیخوێنینەوە.
یەکێک لەو دەقە شیعریانەی کە لە قۆناغێکی زوو دەربارەی نەورۆز نووسراوە و دواتر لە ڕێگەی ریتمی ئاواز و دەنگەوە بۆتە سرودێکی خۆشی نۆستالیژی، بریتیە لە شیعری (نەورۆز) لە نووسینی مامۆستا کەریم شارەزا، کە بەرواری نووسینی بۆ ٧٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئێستاش ئەو سروودە لە یادگەی نەوەی ئەوسەردەم و دوای ئەوان هەر بە سۆزێکی نەتەوەیی ماوەتەوە و هەر دەمێنێتەوە، لێرەدا هەمدیس وەک یاد و وەفایەک لە ساڵیادی ژیانئاوایی ئەم نووسەر و شاعیر و لێکۆڵەرە گەورەیەی کورد، خوێندنەوەیەک بۆ ناوەڕۆکی بۆ ئەم دەقە دەکەین، کە لەنەورۆزی ساڵی ١٩٥٨ لە شاری کۆیە نووسراوە، لەگەڵ ئەوەی دوای ئەو نەورۆزە و بەدرێژایی ٦٨ ساڵەی دوای نووسینی ئەم بەرهەمە گەلی کورد لەهەر چوار پارچە چەندین هەوراز و نشێوی بینیوە، بەڵام خۆشەویستی و پیرۆزی نەورۆز هەرگیز لە دڵ و سینە کاڵ نەبۆتەوە، بۆیە ئەگەر خوێندنەوەیەکی ئەدەبی بۆ ئەم دەقە بکەین سەرەتا دەبێت لەو چەمکەوە دەست پێ بکەین کە نەورۆزی مامۆستا کەریم شارەزا لە نەغمەی بولبول و شمشالی نیشتمانەوە تا هیوای گەل هەمیشە لە پێشەنگ بوە، چونکە ئەم دەقەی شاعیر تەنیا لە چوارچێوەی جەژن و یادێکی نەتەوەیی خۆی نادۆزێتەوە، بەڵکو لە هەناوی دەقەکەدا چەندین مەفهومی نەتەوەیی و ڕەهەندی جیا جیا لەخۆ دەگرێ.
لە دەسپێکدا شاعیر بە وشەی (نەورۆزە)وە دەست پێ دەکات، ئەمەش وەک دەروازەیەک و پێناسەیەکە بۆ چوونە نێو دەروازەی دەقە شیعریەکە، لە رێگەی چەند وێنەیەکی سروشت ریتمێکی جوان بۆ خوێنەر دەخاتە ڕوو ئەمانیش (مەست بوون بە نەغمەی بولبول، عەتری وەنەوشە و سیمبول، شاد بوون بە ڕووباری بەفرین) ئەم چەند وشە نازکە ڕاستەخۆ وێنەیەکی جوان و مانابەخش دەبەخشێت، لەگەڵ ئەوەی باسکردنی جوانی سروشتە، بەڵام ڕەهەندێکی قووڵ و پڕ مانا دەبەخشێت ئەویش بە کۆکردنەوەی بنەماکانی سروشت و خاک و ئاو و هەوا لە چوارچێوەی فۆرمێکی جوانبینی و دڵخۆشیدا جولەیەکی زیندوو لە ناخ و بیرکردنەوەی نەتەوەییمان دروست دەبێت، بۆیە ئەم چەند دێرە لە ڕێگەی چەند وشەیەکی جوان و واقعییەوە دڵخۆشی میللەتێک لە ژینگەیەکی پاکدا دەخاتە ڕوو.
دواتر بە وەسفکردنی جوانی سروشت لە ڕێگەی کەرستەی شیعرییەوە بەردەوام دەبێت وەک (کێو و گرد و دۆڵ، باخ و دەشت و دەر، گوڵی گوڵزار، درەختی دەم پاڵ و، هتد) هەموو ئەو ژینگە جوانەی کە خودای گەورە بە خاک و نیشتمانەکەمانی بەخشیوە سوپاسگوزاریی دەوێ لەبەر ئەوەی ئێمە لەو خاک و نیشتمانەدا لەدایک بووینە.
دواتریش لە ڕێگەی هەست و دەنگ و ریتمێکی ئاوازداری هەستبزوێن گوێگر گوێی بۆ ڕادەگرێ، لە هەستێکی ئارامبەخش و لە نێو فۆرمی ئەم وشە جوانانەدا ئیحساسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بەدی دەکرێت کە لە قۆناغێکی ئاڵۆزی سیاسیدا ئەم دەربڕینانە هیچ جیاوازیەکی نەبوە لە بەرگری نیشتمانی، هی شاعیر لە ڕێگەی قەڵەم و هەست و وشەوە کەسانی دیکەش لە ڕێگری چەک و تفەنگەوە، بەڵام ئەو هەستە نەتەوەییە بەردەوامیی هەبووە و وەک ئەدەبی زارەکی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە لە ڕێگەی سروود و ئاواز و دەنگەوە گوازرایتەوە تا ئەم قۆناغە گرنگی و بەهای ئەدەبی و هونەری خۆی هەرماوە و هەر دەشمێنێت.
ئەم هەستە جوان و وێنە شیعرییانە لە فۆرمی دەقدا بەردەوامە تا دەگاتە، رەمزی ئازادیخوازی و سەربەخۆیی، کە رەهەندە نەتەوەییەکە لێرەوە زیاتر بەدەر دەکەوێ ئەویش بەو دێڕەی کۆتایی (ڕۆژی پچڕانی زنجیری ژیان، جەژنی نەورۆزی و کورد و کوردستان).
لەگەڵ ئەوەی بە چەند وشەیەکی سادە کۆتایی بەم تێکستە دێنێ بەڵام وەک مەبەستێکی سیاسی و مێژوویەکی تاڵی گەلی کورد لەگەڵ ستەمی حوکمی دەسەڵاتداران، لێ بۆ بەردەوامیی ناسنامەیی بوونمان هەوڵی بەردەوام دەدات، بۆیە ئەم شیعرە وێنەیەکی ڕۆحی کوردایەتی نیشان دەدات، لەم دەقەدا نەورۆز لە وەرزی بەهاردا دەرچووە بۆ وەرزی (ئازادیی ساڵ)ـی نەتەوەیەک، بەر لە ڕۆژێکی نوێ و خۆرێکی نوێ ئەوا زنجیری ستەم هەر دەبێ بشکێ.
ئەم تێکستەی نووسەر و شاعیر (کەریم شارەزا) یەکێکە لەو دەقە زیندووانەی کە لە ماوەی ژیانی تەمەنیدا توانیی مێژوویەکی جوانی ئەدەبی و ڕۆشنبیری بۆ خۆی تۆماربکات و نەوە دوای نەوە شانازی بە قەڵەم و ئەرشیف و بەرهەمەکانی بکات، لێرەدا وەک یاد و وەفایەکی لەبیر نەکراو و ژیاننامە و وێستگەکانی تەمەنی ئەم ڕوناکبیرە فرە بەهرەیەی نیشتمان دەخەینەڕوو کە لە گۆڤاری (نواڵەی نوێ) ژمارە ٢٩ کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥ وەرگیراوە، نابێ ئەوەش لە یاد بکەین مامۆستا کەریم شارەزا یەکێک بوو لەو نووسەرە بەوەفایانەی تا لە ژیاندا بوو ساڵانە لە ساڵیادی ئەدیب و هونەرمەندانی پێش خۆی لە ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێبدا کردۆتەوە، ئێمەش وەک قوتابی ئەو، وەک وەفایەکی بچووک بۆ گەورەیی خزمەتی ڕۆشبیریی و پڕ بەخششی، لە یاد و وەفادا یادی ئەم پیاوە ماندووەی دنیای کتێب و ئەرشیف و نووسین دەکەینەوە.
کەریم مستەفا محمد ئاغای حەوێزی، لە ڕێکەوتی ٤ ئاداری ١٩٢٨ لە شاری ئەدیب و شاعیر و ڕۆشنبیران (کۆیە) لە گەڕەکی هەواوان لەدایک بووە، نازناوی شاعیری (شارەزا) یە، لە بنەماڵەیەکی ڕوناکبیر و ئەدەب پەروەر پەروەردە بووە، و کاریگەری مامۆستا ئەحمەد دڵزار براگەورەی لەسەر هەبووە، هەر لە تەمەنێکی زووەوە لە قۆناغی خۆناسین و نەوجەوانی ئاشنای کتێب و قەڵەم و کتێبخانە بووە؛ ساڵی 1935 چووەتە قوتابخانە لە قوتابخانەی سەرەتایی یەکەمی کۆیە، پاشان قۆناغی ناوەندی لە ساڵ 1946دا هەر لە شاری کۆیە تەواو دەکات.
ساڵی 1946 چۆتە بەغدا و لە خانەی مامۆستایانی سەرەتایی لە ئەعزەمیە وەرگیراوە و ساڵی 1950 قۆناغی خوێندنی تەواو دەکات، لەڕێکەوتی ٩-١٠-١٩٥٠ بە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی یەکەمی کۆیە دامەزراوە و وانەکانی عەرەبی و کوردی گوتووەتەوە، دوای 11 ساڵی خزمەتی پەروەردە و فێرکردنی ڕۆڵەی کورد بە هۆی هەڵوێستی سیاسی و نەتەوەیی دوور خراوەتەوە بۆ پارێزگا (زیقار) – (ناسریە) و لە گوندێکی نزیک شارۆچکەی (شەترە) کراوە بە مامۆستای زمانی عەرەبی. دواتر گەراوەتەوە هەولێر لە ساڵی ١٩٦٦ تا ١٩٦٨ بۆتە مامۆستا لە قوتابخانەی یەکەمی سەرەتایی، لە دوای ڕێککەوتنامەی 11ی ئاداری 1970دا کراوە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی (کۆڕەک) ی سەرەتایی کوڕان لە هەولێر، پاشان لە ساڵی ١٩٧١ گواستراوەتەوە بۆ قوتابخانەی (هەڵگورد) ی سەرەتایی کوران بۆتە بەڕێوەبەر خوێندن تێیدا بەعەرەبی بووە و ئەم بە فەرمانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر خوێندنەکەی کردووە بە کوردی، دوای 20 ساڵی مامۆستایەتی و 12 ساڵیشی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە، خۆی خانەنشین کردووە.
*چالاکیە ڕۆشنبیریەکانی:
لە شوباتی 1970دا لەگەڵ دامەزراندانی یەکێتیی نووسەرانی کورد بۆتە ئەندام لە ڕێکخراوە ئەدەبیەی کورد، لە دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نووسەرانی کورد- لقی هەولێر بووە، لە کۆنفرانسی یەکەمی یەکێتیی نووسەرانی کورد- لقی هەولێر بە سکرتێری دەستەی بەڕێوەبەر هەڵبژێردراوە و لە ساڵی 1978 و تاکوو 1983دا دووجار بۆتە سەرۆکی لقی هەولێر، لە هەموو کۆنگرە و سیمینار و فیستیڤاڵەکانی یەکێتیی نووسەرانی کورد بەشداری کردووە و جێپەنجەی دیار بووە، لە پایزی ساڵی 1973دا بە ئەندامی یاریدەدەری کۆری زانیاری کورد لە بەغدا هەڵبژێردراوە، لە ساڵی 1997شدا دوای دامەزراندی ئەکادیمیای کوردستان بە ئەندامی لە 1993دا یاریدەدەری ئەو ئەکادیمیایە هەڵبژێردراوە تاوەکو ساڵی 2013 کاری وەرگێڕان یاسا و بڕیارەکانی پەڕلەمانی کوردستانی کردووە.
*بەرهەمە چاپکراوەکانی:
١-ئازادی و ژیان- دیوانی شیعر- بەغدا 1960
٢-کۆیە و شاعیرانی- بەرگی یەکەم، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی- بەغدا 1961
٣-رێگەی دەور- دیوانی شاعیر- نەجەف1971
٤-گفتوگۆیەکی ئەدەبی- هاوبەش- بەغدا 1973
٥-ئەسیری شاعیر- بە هاوبەشی لەگەڵ جەبار جەباری- هەولێر 1974
٦-پەندی پێشینان لە شیعری کوردیدا- بەغدا- کۆری زانیاری 1976
٧-لە یادی گێوی موکریانیدا- ئامادەکردن هەولێر 1982
٨-سێوەی هونەرمەندی کورد- لێکۆڵینەوە- بەغدا 1982
٩-پەندی بەراوردکاری- لێکۆڵینەوە- بەغدا 1982
١٠-چەپکێک لە شیعرەکانی سامی عەودال- بەغدا 1982
١١-نالی زمانی ئەدەبی یەکگرتووی کوردی- لێکۆڵینەوە- بەغدا 1984
١٢-دیوانی حاجی قادری کۆیی- بەغدا 1986
١٣-ناودارانی جیهان- بەرگی یەکەم- سلێمانی
١٤-ئەفسانە لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا- هەولێر 2007
١٥-کۆیە لە ڕەوتی شارستانییەتدا (هابەش) – هەولێر 2009
١٦-مەلا ئەسعەدی مەقامبێژی کورد- بە هاوبەشی لەگەڵ حوسین حاجی قادر- هەولێر2011
جگە لەوەی وەک شاعیر و نووسەرێکی مەزن خزمەتی دنیای نووسین و ئەرشیفی کردوە، ئەوا لێکۆڵەرەوەیەکی وورد بین بوە لە بواری ئەدەبی و ساغکردنەوەی بابەتی مێژوویی، هەروەها خزمەتێکی زۆری بە بواری پەروەردە و فێرکردن کردوە و چەندین نەوەی پێگەیاندووە، ڕێکەوتی ٢٢ ئایاری ٢٠١٥ لە تەمەنی ٨٧ ساڵان لە شاری هەولێر ژیانئاوایی کرد.

