دوای ئەوەی پێی نایە (31) ساڵەی تەمەنییەوە
ئازاد عەبدولواحید*
* گۆڤاری ڕامان، لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، بە یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین و بەردەوامترین گۆڤاری ئەدەبی و کولتووریی باشووری کوردستان دادەنرێ، ئەوە قسەی من نییە، قسەی هەموو خوێندەوارانی کوردە. ئەو گۆڤارە هەر لەسەرەتاوە، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بووەتە سەکۆیەکی ئازاد و گرنگ بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و ڕەنگی جیاوازی قەڵەم بەدەستانی کورد. بەهۆی پشوودرێژی و مێژووەکەیەوە کە ماوەی سێ دەیەی تێپەڕاندووە، دەسکەوتێکی ئەدەبی و کولتووری گەورە و ئەرشیڤێکی دەوڵەمەندی بۆ کتێبخانەی کوردی بەسەر یەکەوە ناوە، ئەو دەسکەوتە لە ناوچەیەکدا بەدی هاتووە، کە زۆربەی هەرە زۆری گۆڤار و بڵاوکراوەکان، تەمەنێکی کورتیان هەبووە و بە هەر هۆکارێکەوە بووبێ، نەیانتوانیوە تا سەر بەردەوام بن، بۆیە ئەو گۆڤارە لە پاڵ تەمەن درێژییەکەی، هەمیشە بۆ قەڵەمی جیددی، گۆڤارێکی دڵخواز و سەکۆیەکی ڕووناک بووە.
* ئەمڕۆ ١١ی حوزەیرانی 2026، گۆڤاری ڕامان، وەک گۆڤارێکی کولتووری و ئەدەبی و هزری و بە تەمەنترین گۆڤاری کوردی، پێی نایە (31) ساڵەی تەمەنییەوە، لەو (30) ساڵەی بەڕێی کردووە، بە شایەدی نووسەر و خوێنەرە جیددی و خاوەن ویژدانە زیندووەکان، کارێکی زۆری کردووە، هەموو بوارەکانی: شیعر و چیرۆک و ڕەخنە و لێکۆڵینەوە و هزر و فەلسەفە و زمان و مێژوو و شوێنەوار و مێزگرد و وەرگێڕان و ڕۆژنامەگەری و خوێندنەوەی ڕەخنەیییانەی کتێب و هونەر، بە هەموو لقەکانییەوە (شانۆ، گۆرانی و مۆسیقا، شێوەکاری، فۆتۆگراف، سینەما)ی بەسەر کردووەتەوە، بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانیوە پشتیوانی لە بەهرەدارەکان بکا و بیانناسێنێ، بەشی هەرە زۆری داهێن و توێژەر و نووسەر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندانی کورد، لەو (344) ژمارەیەی ڕابوردوودا بەشدار بوون و نووسینیان بڵاوکردووەتەوە، کەسانێکی زۆریش لە خاوەن ئەزموونە دەوڵەمەندەکان، بە هەڤپەیڤین و گفتوگۆی دوورودرێژ و بەرفراوان بەسەر کراونەتەوە.
* ئەمڕۆ زۆر خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە دەبینین ڕەنج بەخەسار نەبووین و تەقالا و ماندووبوون و شەونخوونیمان جێگەی خۆی گرتووە، بەشێكی ئێجگار زۆر لە قەڵەم بەدەست و خوێنەرانی خاوەن دید و تێڕوانینی تایبەتی، لە جوگرافیایەکی پانوبەرین، لە نەوەی جیاواز و پسپۆڕیی جیاواز، پەسنی کارەکانی ئێمە دەدەن، ئەمەش هێز و توانایی و گوڕوتینێکی ئێجگار گەورەی پێ بەخشیوین و هەمیشە بووەتە هێز و پاڵپشتی و سەرمایەیەکی مەعنەویی گەورە بۆمان، تا بە پتەوی لەسەر قاچی خۆمان بوەستین و بەردەوام بین.
* ڕامان، لەژێر دروشمی (داهێنان، ڕەخنە، عەقڵانیەت) کاری کردووە، ڕەخنەی سەنگین، لێکۆڵینەوەی قووڵ، هەڤپەیڤین و دیالۆگی بەرفراوان و دوورودرێژ شوێنی خۆیان لە گۆڤارەکەدا گرتووە، هەروەها بەردەوام خەریکی ناساندن و پێشکەشکردنی بەهرە و دەنگە نوێیە داهێنەکان بووە، نەکەوتووەتە ژێر کاریگەری هیچ ئایدیۆلۆژیایەک، بە تەپوتۆز بەرپاکردن و یەکتر شکاندن، بە ناوی ڕەخنەوە، نەمانهێشتووە گۆڤارەکە ببێتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی ململانێی کەسیی. ڕامان هەمیشە پردی پێوەندی نێوان پارچەکانی کوردستان و قەڵەمە درەوشاوە و بەهرەدارەکان بووە، لەڕێی بایەخدان بە (وەرگێڕان) لە دەستی یەکەم و زمانی زیندووەوە، ڕۆڵێکی گەورە و بەرچاوی لە ناساندنی ئەدەبیاتی جیهان و وڵاتانی دەوروبەر گێڕاوە، ئەمەشی لە ڕێی وەرگێڕانی تێکستە گرنگەکانی بیرمەندان و فەیلەسووفان و داهێنەکانی جیهانەوە کردووە.
* لایەنێکی گرنگی دیکەی گۆڤاری ڕامان، کۆکردنەوەی نەوەی جیاواز و دەنگە جیاوازەکان بووە، بەمەش توانیویەتی ببێتە شوێنی ڕاستەقینەی پێشەنگەکانی نووسین، دەرفەتیشی بە دەنگە نوێیەکان داوە، بۆ ئەوەی لەسەر لاپەڕەکانی (ڕامان)دا دەرکەون. دەرچوون و مانەوەی ئەم گۆڤارە، لەم تەمەنە دوورودێژەدا، تۆمارکردنی مێژوویەکی زێڕینە بۆ بزاڤی ڕۆژنامەوانی و ڕووناکبیریی کوردی. کاتێک گۆڤارێکی جیددی و قورسی وەک ڕامان لەمڕۆدا (30) ساڵی تەواوی تەمەنی بەڕێ دەکات، ئەمە تەنیا بۆنەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکوو جەژنی بازدان و سەرکەوتنی وشەی ڕەسەن و قووڵە، بەسەر لەمپەر و کۆسپ و تەگەرەکاندا.
* لەوانەیە بەشێکی زۆری ئەو بایەخ و ڕێز و خۆشەویستییەی بەرانبەر ڕامان هەیە، بۆ پیشەییبوونەکەی بگەڕێتەوە، کە هەرگیز بە میزاج کارمان نەکردووە، ئێمە لە ماوەی ئەو (30) ساڵەی ڕابوردوودا، مامەڵەیەکی زۆر ڕاستگۆیانەمان لەگەڵ نووسین و پیشەی ڕۆژنامەگەری و هەر کەسێک کردووە کە ویستوویەتی مامەڵەمان لەگەڵدا بکا، ئەم شێوەی کارکردنە کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر پێشخستنی زمان و کولتووری کوردیدا هەبووە، کاروانێکی گەورەشمان لە بەهرەداران و لاوانی هەڵکەوتوو بەڕێ خستووە، تا لە ڕێی بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان لە ڕامان، پتر پەرۆشی زمانی دایک بن و لەگەڵ ئەدەبیات و هونەر و فەلسەفە و بیروڕای جیاواز، دەست و پەنجەیان نەرم بکەن. ڕاستگۆیانە مامەڵەمان لەگەڵ هەموو قەڵەمەکان (بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە) کردووە، هەریەکەیان بە قەدەر قەبارەی خۆی بایەخی پێ دراوە، نە فوومان کردووەتە کەس و قەبارەکەیمان لە خۆی گەورەتر کردووە، نە قەبارەی کەسیشمان بچووکتر لە خۆی نیشانداوە.
* لە بارەی دیزاینی گۆڤارەکەوە، ساڵانێکە گەورەترین دیزاینەری کورد، هونەرمەند (باسم ڕەسام)، کاری دیزاینی بەرگی گۆڤاری ڕامان دەنەخشێنێ، زۆر لە گۆڤار و بڵاڤۆکەکان ئاواتەخوازن کاریان بۆ بکات، بەڵام ئەو هونەرمەندە گەورە و دەستڕەنگینە، تەنیا خۆشەویستیی گۆڤاری (ڕامان)ی لەبەر چاوە و کاری بۆ کردووە، ئەو بێجگە لەوەی دیزاینەرێکی گەورەیە و لە ئاستێکی باڵا و بڵاوی وڵاتاندا ناسراوە، خۆشی شێوەکارێکی گەورەشە، بە هەستێکی بەرز و بڵندەوە مامەڵە لەگەڵ ڕەنگ دەکا، لەگەڵ بوونی ئەو بەهرانەش لەو هونەرمەندەدا، ئەو دیزاینەرە دەست و پەنجە ئەفسووناوییە، چاک دەزانێ مەرج نییە هەموو شێوەکارێک، دیزاینەرێکی باش بێ.
* ڕامان، کە لە کوردستان دەردەچێ، لەناو فەزایەکی سیاسیی کار دەکا، بەڵام دوور و نزیک بەلایدا نەچووە و خۆی دوور ڕاگرتووە. ئێمە لە (ڕامان)دا کەسانێکی وابەستەین بە بەرژەوەندی باڵای نیشتمان و ئاساییشی نەتەوەییمان بەلاوە مەبەستە، ئەگەرچی باوەڕی تەواومان بە ئازادی تاکەکان، بە تایبەتی تاکی داهێن و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندان هەیە، بەڵام ئازادی بەو مانا ڕەهایە نییە کە پیرۆزییەکانی نەتەوە پێشێل بکرێ. ئەو ڕیتمە خێرایەی سەردەمیش کە لاوانی بەرەو خوێندنەوەی خێرا و پچڕ پچڕ بردووە، بۆ خوێندنەوەی گۆڤاری قورس و قووڵ دەست نادات و ئێمە بەلامانەوە پەسند نییە، چونکە بەرەو تەنکاویان دەبات و نایانکاتە خوێنەری خوڵقێنەر و خاوەن دیدگە و بیرکردنەوەی قووڵ.
* سپاس بۆ هەموو ئەوانەی لە ساڵی (1996)ـەوە، لە ناو جەرگەی قەیران و گۆڕانکارییە خێراکاندا نەیانهێشت ڕووناکی ئەو سەکۆیە بکوژێتەوە. (30) ساڵ تەمەنی گۆڤارێکی کوردی، بە واتای 30 ساڵ تێکۆشان بۆ پاراستن و خزمەتکردنی زمانی کوردی، گەشەپێدانی داهێنان و ئەدەبیات و هزر و ڕەخنە و ئاوپڕژێنکردنی خەیاڵ، بۆیە دەبێ لە ئاست ئەو ئەرشیڤە بوەستین کە مێژووی ئەدەبیاتمان دەپارێزێ. چاودێران باش دەزانن، ئەم سەکۆیە لەنێوان پێشەنگەکانی دنیای نووسین و وەچەی نوێ پردێک بووە، چونکە ڕامان تەنیا گۆڤارێک نەبووە بابەت بڵاوبکاتەوە، بەڵکوو قوتابخانەیەک بووە و زۆر نووسەر و ڕەخنەگری هۆشیاری کوردی تێدا پێگەیشتن. تەمەنی (30) ساڵەی ڕامان، بە واتای ئەرشیڤێکی هێندە دەوڵەمەند و زەنگین کە هیچ توێژەرێکی مێژووی ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی ناتوانێ چاو لە ئاستیدا بنووقێنێ و کەڵکی لێ وەرنەگرێ.
* ئێمە بۆ زیاتر خزمەتکردنی ڕامان، خەونی زۆرمان هەیە، یەکێک لە ئاواتەکانمان ئەوەیە هەنگاو بۆ بە دیجیتاڵکردنی بهاوێین، بۆ ئەوەی دەنگی بگاتە نەوەکانی ئەمڕۆ و داهاتوو، کاتێک ئەرشیڤی (٣٠) ساڵەی ڕامان بە دیجیتاڵ کرا، ئەو کاتە زیاتر دەچێتە ناو ناوەندی ئەکادیمی و پتر لە نامە و تێز و توێژینەوەکاندا سوودی لێ وەردەگیرێ. ئێمە لە (ڕامان)دا لەسەر پاراستنی نەریتە جوانەکان، لەسەر هێشتنەوەی فرەدەنگی و دەنگە جیاوازەکان و بیرکردنەوەی ئازاد، لەسەر ڕێچکە و ڕێبازی خۆمان، دوور لە فەزای سیاسیی ڕۆژانە بەردەوام دەبین.
* تکایە کەسیش وا تێنەگات ڕێگەکەمان گوڵ و گوڵزار و فەرشی سوور بووە، لەو تەمەنەی (ڕامان) بەڕێی کردووە، زۆرجار تووشی زۆر کۆسپ و گرفتی گەورە و دڕکوداڵ بووین، بەڵام ئەمڕۆ ئاسوودەم دەبینم تا ئێرەمان هێناوە و ماوین، ئێستا کە خەریکی دەرکردنی ژمارەیەکی نوێین و خۆمان بۆ دەرچوونی ژمارە 345 ئامادە دەکەین، بە هەمان گەرموگوڕی و عیشق و نەفەسی گەنجانەی پێش (30) کار دەکەین، تا ئەو ڕۆژەی بڕستمان لێ دەبڕێ و بە تەواوی پرزەبڕاو دەبین، دەست لەو عیشقە هەڵناگرین و ناپاکی لێ ناکەین. (30) ساڵەی تەمەنی ڕامان لە هەموو لایەک پیرۆز بێت، هیوادارین ئەم سەکۆیە، هەمیشە وەک ڕووناکییەک، هێمایەکی ڕەسەنایەتی و قووڵی و جوانی، لە کتێبخانەی کوردیدا بە پێوە بمێنێتەوە و بۆ نەوەکانی داهاتووش ببێتە سەرچاوەی ئیلهام بەخشین، پیرۆزبایی لە سێ دەیەی بەرگریکردن لە کانیاوی زوڵاڵی ڕۆشنبیریی کوردی دەکەین.
* سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان.

