رۆژنامەی ھەولێر

مرۆڤی بەھێز و بەئیرادە

حسێن عه‌لی لاوه‌ری
شێرزاد حەسەن دەڵێت (شوێنێک نیە فێری مۆراڵت بکات یان فێری ئینساندۆستیت بکات؛ لە کۆمەڵگەدا مرۆڤ دروست دەکەین بە زۆر ناو و ناونیشان ئەمە.. ئەمە… ئەمە….. بەڵام ئینسانی نین یان ئادەمی نیە.)
لەم روانگەیەوە دەبینین لە بەشێکی زۆری کارەکان و بەڕێوەبردندا کەمتەرخەمی هەیە؛ یاخود ساردی هەیە لە کارکردندا؛ مرۆڤەکان هەقی ئەم ئەرکە نادەن کە کەوتۆتە سەرشانیان؛ وەک پێویست هەست بە بەرپرسیارەتی ناکەن؛ ئەوەش کاریگەریەکی خراپی دەبێت لە بەڕێوەبەردنی کارەکاندا؛ جا لە هەر وێستگەیەکی کار و بەڕێوەبردندا بێت، وادەکات جەماوەر تووشی مەلەل ببێت. بۆیە دەبێت بە هەموو جۆریک هەوڵ بدرێت بەهەر رێگایەک کە وڵاتان و کەسانی تر بەکاری دەهێنن ئێمەش وابکەین بەر لەوەی ئینسان بۆ دەستی کار یان کارمەند دروست بکەین بۆ کارکردن لە هەردوو سێکتەرەکەدا، میری و مەدەنی، ئەوە هەوڵ بدەین مرۆڤێکی وا بنیات بنێین کە هەستی بەرپرسیارەتیی دین و کۆمەڵایەتی و کولتووریی لا دروست ببێت؛ خۆی بە خاوەنی ئەم کار و پیشە بزانێت کە دەکەوێتە سەرشانی؛ هەستی نیشتمانپەروەری و وڵاتپارێزی و ژینگەدۆستی لای دروست بێت بەر لەوەی کەسیک ئاراستەی بکات. هیچ کات دەرنگ نیە بۆ ئەم کاری چونکە رەوڕەوەی ژیان بەردەوامە پێم وایە ئەکەر وانەکەین ناتوانی بۆ ئێستا و داهاتووش خۆمان حوکمڕانیەکی جوان بکەین و ببین بە نموونە و سەرمەشق لە ناوچەکە چونکە ئەگەر هەوڵ نەدرێت بۆ درۆستکردنی مرۆڤێکی وا، ئەوە لە کاتی بچووکترین کێشە و گرفت و نەهامەتیدا ئەوە بە ئاسانی وەک دارێکی لەرزۆک بە هەموو لایەکدا دەهەژێین و لە کوتاییدا بە لایەکدا دەشکێین، ئەوکاتە نە سێبەرمان دەمێنێ و نە بەرهەمیش، ئەم هەوڵە بە کەسێک و دووان ناکرێت؛ دەبێت هەموو تاکێکمان لە ناخیدا تۆوی مرۆڤبوون بڕوێت؛ پێش بەرژەوەندیە خودیەکان مرۆڤی وا پەروەرد بکرێت بە هەندێک قسەی لاواز و بێبنەما و بێویژدانانە چۆک دانەدات و بە ئاسانی واز لە مرۆڤبوون بێنی بە مانا گەورەکەی، رۆژانە دەبینین کەسانی زۆر هەن بە قسە هیچ شتێک ناهێڵنەوە بەڵام بە کردار وانین بۆیە دەبێت مرۆڤ وا بە هێز دروست بکرێت کە قسەی ئەم کەسانی کاریگەریان لە سەر دروست نەکەن کە تەنها کاریان بەخشینەوەی بێئومیدیە و لاوازیی ئیرادەیە لە ناو کۆمەڵگە جا چی بەدەستی ئەنقەست و پلان بۆ دانراو بێت یان خۆیان لاواز و رەشبینن. بۆیە بۆ ئێمەی کورد زۆر گرینکە لەناو ئەم جوگرافیایەی کە پڕە لە دژمنی نەبینراو و کارکردن بۆ لە ناوبردن و لاوازکردمان لە هەموو روویەکەوە هەموو لایەک درکمان پێ کردووە و پێشبینیکراوە؛ مرۆڤی بەهێز و بەئیرادەمان زۆر پێویستە.