رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم سەعدوڵڵا پەرۆش

یاسین قادر بەرزنجی
گەر دەمزانی
دەوارێکی بێسێبەری
وڵاتێکی سەر بە هەزاران کیشوەری
گەر دەمزانی
چۆن خۆم دەدایە دەست
چەتری نیگاکانت بە ئاسانی
چۆن دڵی خۆم دەخستە سەر لەپی حەزت
بۆ مەینەت و سەرگەردانی

یەکێکە لە ناوە درەوشەدارەکانی بواری شیعر و ڕۆژنامەنووسی و ڕووناکبیریی کوردی، پەرۆشی سیماشیرین و دۆستی ئەمەکداری هەمووان (١٩٥٠-٢٠٢٠)، کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە وەک شاعیرێکی نوێخواز و بەرهەمڕەنگین ناسراوە؛ کوڕی خێزانێکی نیشتمانپەروەر و ئەدەبدۆست بووە، منداڵ بووە کە ماڵیان چووەتە شەقڵاوە، دەنگی باڵندە و خوڕەی ئاو و دیمەنی چیا سەرکەشەکان و باخە جوانەکانی ئەوێ تێکەڵ بە ڕۆحی بووبوون.
پەرۆشی خۆشەویستمان لەگەڵ خاتوو دڵخوازی هاوسەر و هاوڕێگای ژیانی، بە سەختی و سەرفرازییەکانی ڕێیانەوە، دنیایەکی قەشەنگیان بۆ حەوت جگەرگۆشەکەیان هێناوەتە ئاراوە.
ساڵی ٦٩ یەکەم نامیلکەشیعری گەیشتووەتە دەست شیعردۆستان؛ بە دواییدا چەندین کۆمەڵەشیعری دیکەشی پێشکەش بە زمان و کتێبخانەی کوردی کردووە؛ ساڵی ١٩٧٤ بووەتە پێشمەرگە و میدیاکاری شۆڕشی خەڵکی کوردستان، ئەو لە بواری ڕۆژنامەنووسیشدا خاوەن بەخشش بووە و دیارترینی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی کاری تێدا کردوون، بریتی بوون لە:
برایەتی، خەرمانی وشە، کاروانی وەرزش، تەندرووستی و کۆمەڵ، کوردستانی نوێ (بەرپرسی ئەدەب و هونەر)، هەرێمی کوردستان و گۆڤاری ئێستا.
هەروەها بەڕێوەبەری ڕادیۆی دەنگی کوردستان بووە و تا دوادواییەکانی ژیانیشی ڕاوێژکار بووە لە وەزارەتی ڕۆشنبیریدا.
هاوڕێ بەڕێزەکەی ئێمە ئەندامی دێرینی یەکێتیی نووسەرانی کورد بووە و دوای ڕاپەڕین سەرۆکی لقی هەولێری نووسەران بووە (١٩٩٢-١٩٩٦)، بۆ جاری دووەمیش (٢٠٠٤-٢٠١٠) هەڵبژێردراوەتەوە بە سەرۆکی ئەو یەکێتییە.
شیعری پەرۆش وەرگێڕراونەتە سەر چەندین زمان و چەند گۆرانیبێژێکیش کردوویانن بە ئاوازی شیرین، لەوانە زیاد ئەسعەد و پەیمان عومەر.
نووسەر و ئەدیبی ناسراو کاک حەمەسەعید حەسەن سەبارەت بە شاعیری هێژامان وتوویەتی :
ئەوەی سەعدوڵڵا پەرۆش دەینووسێت، هاوزەمان شیعری ڕۆمانتیک و بیۆگرافیایشە. ئاخر ئەو بە شیعر ڕاستگۆیانە ژیاننامەی خۆی دەنووسێتەوە؛ خوێنەر خۆی لە شیعری ئەو شاعیرانەدا دەبینێتەوە کە شیعر بۆ خۆیان دەنووسن .