ئەحمەد ستار
هەر ساڵێک لەگەڵ دەستپێکردنی خوولی نوێی پێشانگەی کتێب لە هەولێر، هەزاران خوێنەر بەمەبەستی کڕینی کتێب و ناسینی بەرهەمە نوێیەکان ڕوو لە هۆڵەکانی پێشانگا دەکەن. وە ئەم ساڵیش جیاوازتر لە هەموو ساڵەکان ئەزموونی یەکەم پێشانگەی کتێبی کوردی دەکەین، کە تەنها دەزگا و ناوەندە ڕۆشنبیرییە کوردییەکان تێیدا بەشدارن. ساڵانی پێشووتر هەمیشە پرسیارێک دەوروژا وژا ئەویش ئەوەبوو کە ئایا لەنێوان ئەو هەموو ناونیشان و بابەتە جیاوازانەدا تا چەند گرنگی بە کتێبی کوردی و نووسەرە کوردەکان دەدرێت؟ دەمانبینی زۆر نووسەری کورد لە پێشانگاکەادا ئامادە دەبوون بەڵام زۆرجار وەک میوان. کتێبی کوردی لەنێوان هەزاران ناونیشانی بیانی و وەرگێڕدراودا دەستی بە خوێنەر دەگەیشت. بەڵام لەو ئەزموونە نوێیەی یەکەم پێشانگەی کتێبی کوردی بارودۆخەکە جیاوازە؛ چونکە ناوی پێشانگاکە خۆی بریتییە لە «کتێبی کوردی». واتە سەرەڕای هەموو ئامانجە بازرگانییەکان، هەوڵێکی جددی هەیە بۆ گوتنی ئەوەی کە زمان و بەرهەمی کوردی شایەنی ئەوەیە شوێنی تایبەتی خۆی هەبێت و ئەو ئالیەتەشی لایە. لە کۆمەڵگایەکدا کە هەمووکات لە کۆی بابەت و کایەکاندا سەرنجی بۆ دەرەوە دەڕوات، ئەوا نووسەر زیاتر لە هەر کەسێک پێویستی بە پشتگیری هەیە. ئەوەی مێژووی کورد دەنووسێتەوە و ئەوەی چیرۆکی شار و گوند و ژیانی خەڵک تۆمار دەکات و بیرۆکەی نوێ بە زمانی کوردی بەرهەم دەهێنێت، تەنها نووسەر نییە؛ بەڵکوو پارێزەری ناسنامەی کەلتووریی نەتەوەیەکە. پێشانگای کتێبی کوردی دەبێت زیاتر لە بازاڕێکی فرۆشتنی کتێب بێت. دەبێت بۆتەیەک بێت بۆ پێشخستنی نووسەری ناوەخۆیی، ڕێکخستنی گفتوگۆ و دیدار لەنێوان خوێنەر و نووسەردا و دروستکردنی کەشێک کە تیایدا کتێبە کوردییەکان بە شێوەیەکی شیاو بناسرێن. هەروەها میدیا و دامەزراوە کەلتوورییەکانیش بەرپرسیارن لە دروستکردنی ئەو هۆشیارییەی کە خوێنەر هانبدات پێش ئەوەی بەرەو ناوی نووسەرێکی بیانی بڕوات، سەرنجێکیش بداتە نووسەرێکی ناوەخۆیی. پێچەوانەی ئەم خولە کە هەڵمەتی میدیایی و ڕاگەیاندنی لاوازبوو ئەوا ئەرکی دەزگاکانی ڕاگەیاندنە لە خولەکانی داهاتوودا بە چڕی بانگەوازی بۆ بکەن و بە گوێی هەموو خوێنەران جاڕ بدرێت. لەو بڕوایە دانیم کە هیچ کەلتوورێک بە وەرگرتنی دەنگی ئەوانیتر بەهێزبێت بەڵکوو بە بەهێزکردنی دەنگی خۆی دەنگی دەگات. بۆیە پێشانگەی کتێبی کوردی تاقیکردنەوەیەکە بۆ ئەوەی بزانین تا چەند ئامادەین کتێبی خۆمان بخوێنینەوە و نووسەری خۆمان بناسین و متمانە بە توانای بەرهەمهێنانی فیکری بە زمانی کوردی بکەین. لە کۆتاییدا، سەرکەوتنی ئەم پێشانگایە بە ژمارەی سەردانیکەرانی یان ئاماری فرۆشتنی کتێبەکان ناپێوردرێت بەڵکوو بەو ڕۆژە دەپێوردرێت کە خوێنەرێکی کورد، لەنێوان هەزاران کتێبدا، بە هەستێکی پڕمتمانەوە دەست بۆ کتێبێکی نووسەرێکی کورد ببات. ئەو کاتە دەکرێت بڵێین کتێبی کوردی لە میوانداریی مێژوودا دەرچووە و بووەتە خاوەنی ماڵی خۆی.

