ئــــــازاد پێنجــوێنی
لە زار و زەینە بێوێنەکەیدا خۆی وای دەوت:
(خۆت هەر زمانت حیفز بکە، زمانی ئەعزاکانی تر حیفزکردنی عاید بە خودایە.)
لە سەدەی ڕابوردووەوە تا ئێستاشی لەتەکدا بێ، زیاعێکی گەورە لە ئەزکیا و منەوەران و ڕۆشنبیران و شۆڕشگێڕان و نیشتمانی خێرلەخۆنەدیو (عیرفان زادە جەمال بەگ) بە لەدەستدانی زیانێکی فرە گەورە بوو بۆ خاک و خۆڵ و ئەدەب و پاراستنی وەتەن و مرۆڤایەتی.
(جەمال عیرفان) مرۆڤێکی دانا، کە بە ڕۆژ یان شەو دایم لە بەر دیدەی ڕۆشنایی خەیاڵەکانی ئامادە بوو بۆ نووسین و تێڕامان و ڕاماڵینی دیوە شاراوە جوانەکەی ژین، بۆیە هەردەم ڕۆحی پاکی حازربوونە لە دیدە و ڕوانینی دیە و لێدانی ترپەی دڵمانا.
زۆرجوانیش دەیوت ئەشق میوانێکی بێمانایە؛ بێ پرس دێت و بێ سەبەبیش دەڕوا، خۆشیان بێ پرس هاتن و بە ئەشقەوە خەبەری نارد و چەشنی پەیڤە جوانەکانی حەزرەتی (مەحوی) کە (هەرکەس چوو بۆ خەبەر، بێخەبەر کەوت) بەڵام ئەمی جیاواز لە مەردمانی تر بێخەبەر نەکەوت و، خەبەری ئەفسووناوی و ئەقڵ و ئاشتەوایی و پەیڤی جوانی بەجێ هێشت بۆ مرۆڤایەتی دواجاریش بێ سەبەب نەڕۆشت.
شاعیرێک دەیوت:
(کورد لە دژمنی کەی هەیبووە سڵ
کام دژمن توانیی کورد بوەستێنێت
خوێنی شەهیدم تۆڵە دەستێنێت)
مرۆڤی هۆشمەند غوربەت و حەسرەت و تەنهایی و دوورەزێدی و نەتەوە و تەنانەت دووری لێدانی دڵی خۆیشی ناتوانن ڕێگر بن لەوەی کە نەمر نەبێت، هەرئەوەشە ژیان لەتەک نووسین و تێفکریندا ژینێکی ئەوینداریە لە ئامێزی گەرمی ناخەکاندا دەمانشارێتەوە و، لووتکەی تێڕامانمان دەکاتە وێستگەی بیرکردنەوەمان.
ئەوەی کە وای کردووە ئەم مرۆڤە بەهێز بکات، خۆیان بوون؛ خاوەنی ئەندێشەیەکی بەهێز بوون و خۆنەویستانە بە تەنهاش پەیامی دڵی نەسپاردووە بە وجودی تاک، بەڵکو ئەندێشەی کردۆتە دیاریەک لە دەرکەوتەی پەیامە ڕاستەقینەکەی و، گەرەکی بووە دڵی مەردمیش خۆش بکات و، نەتەوەی پێ بناسێنێ و لە ڕەهەندی دیاری هزر و خامە جوانەکەیدا دڵسۆزی نیشتمان و ئەدەب لەبەرچاو بگیرێ؛ بۆیە دەکرێ ئەوە بزانین کە مرۆڤێک هەیە خزمەت و هەنگاوەکانی لەنێو ئارامی ڕۆحی پەپوولەدایە، گەر بە ڕۆح وێنای بکەین لەتەکیدا، بێ ئەوەی خۆمان ئاڵۆز بکەین هەر دێڕێکی دەبنە ساباتی ژیاندۆستی و چەشنی تەنهایی (شەباهەنگی) دەنگخۆش کە هەرکات دەخوێنێت، سەدان کەناری لێی نزیک دەبنەوە و لەگەڵیدا دەخوێنن، ئەم مرۆڤە دانایەش هەرکات دەینووسی و تێدەفکری و ئەوا بەختەوەری بەدوای خۆیدا بۆ ڕۆحمان چێ دەکرد و هەمووان لەنێو وێستگەی ڕستەکانیدا ئارام ئارام ئاوەزمان دەبووە نمەی باران و دەیان خاکی بەپیتی بەیار نەمامیان لێ باڵای دەکرد.
ئاخر (جەمال عیرفان) پیاوێک بو هەموو سپێدەیەک لە میحرابی نازەوە ڕۆحی لە بەردەم تکەی باران و ئاوەزە تینووەکان ڕادەخست و لە ڕەهەندی نووسینەکانیدا بێ دودڵی ڕۆحمانی دەفڕاند بۆ نزرگەی خوناوی نێو پەلکەزێڕینەی دوای باران.
ئەو مرۆڤەی کە هەستی بەدەنگی پێی نیشتمان دەکرد و دەتوت ڕۆحیان لەتەک ڕۆحی (سوهراب)ـدا ئاوێتەیەکن کە بێ شک ئەم ڕەنگدانەوەیە لەنێو میهرەبانی هزری مرۆڤایەتیدا ڕەنگ دەداتەوە.
سوهراب دەیفەرموو: تکایە ئاوەکە لێڵ مەکەن، نەبادا کۆترێک یاخود دوو ئاشق لەو خوارەوە تینوویان بێ و هەتوانی ڕۆحیان ئاوەدان بکەنەوە؛ جەمال عیرفانیش دەیوت: نیشتمان و قەڵەمتان لە لا پیرۆز بێت.
لە هەموو بارانێک بەنەفعتر، بارانی نێوچەوانە، ڕژانی خەفەت بەسەر ئەشقدا وەک ڕژانی خەڵووزە بەسەر ئاگردا، هەمووشی دەبێتە خۆڵەمێش.
ئیدی هەرئەوەشە سوهراب و جەمال عیرفان و نالی و پیرەمێرد جیاوازن لەنێو ئەم دنیایەی کە هەمیشە بۆ بێئاگایان خۆڵەمێشە و بۆ ئەوانی نەمر لە ئەفراندندایە و پێچەوانەکەی ڕاست دەکەوێتەوە.
ئەی ئەوە نیە هەموو جارێ وشەکانی دەکردە ئینجانە و ڕستەکانی دەبوونە گوڵستان و هەر زوو شین دەبوون لە هەناوی کێڵگەی ئاواتەکاندا.
مرۆڤێک کە هەنتەش (حزوور)یان و نووسینەکانی بۆتە گوڵشەنی بەر یەخەی میللەت و هەر دێڕێکی فەلسەفیانەی بۆتە چرای شەوقی ڕۆشنایی هەژاران و خاک و غەریبی نیشتمان هاوخەمی پەیامیشیان بەرەو ئاسۆی گشت ئاوەزێکن. ئاخر جەمال زادە ئەشق و خۆشەویستی بۆ خاکی دیارو نادیاری تەرخان کردنی ژیانی بو بۆ پاراستن و جوانکردن و بەرزڕاگرتنی ژیانێکی ئاسوودەیی بوو بۆ خەڵکی لە هەموو هەنگاوەکانیدا.
ئەوە هەر بەتەنها خۆیانن لە سیحری جوانی حەزەکانیدا وەک نووسەر و شۆڕشگێڕێکی دیار کۆتوبەند ڕابماڵێ و ئازادیی هەمەچەشن وەک نەمامێکی باڵا، لە دڵ و دەرونی مرۆڤایەتیدا بڕوێنێ؛ هەرئەوەشە ناویان وەک مانگی تابانەو حزمەتە ناوازەکانی بۆ هەمیشە ئێمەی لەناو وجودماندا کۆتوبەند کردووە چونکە لەمێژە ئێمە گەیشتویین بەویساڵی ئەم مرۆڤە دەگمەنە بۆیە هەمان ڕێگای گرتنی ئەم زاتە گەورەیە دەبێتە قوتابخانە و وانەمان تا بتوانین بەرامبەر نەیارانی نیشتمان بیکەینە قەڵغانی ئازادیمان.
(جەمال عیرفان) پیاوی ڕۆشنبیر و نەتەوەپەرست و ئەشق و وێناکراوی دیوە جوانەکەی هەردوو دیوی ژیان بەرهەم و ماندوبوونی لەنێو ڕەوەزەشاخێکدا و لە غوربەتی هەناسە تەنهاییەکانیدا سەریان دەرهێناوە و شنەبای ئارام بەو کوێستانەدا وەک گوڵەکێویلە بڵاوەیان پێ دەکات تاوەکو لە هەناوی هزری مێژووی مرۆڤایەتیدا ببنە گڕی خۆڕاگری و ئەشق و نەتەوەپەرستی.
(ڕۆژ و شەو دایم لە بەر دیدەی خەیاڵم حازری، جا چ فەرقی هەیە لێرە بیت یاخود لەوێ.)
شاعیر زۆر جوان فەرموویەتی کوتومت ئەم دێڕە شموولیە بۆ ئەم مرۆڤە نەمرە چونکە هەمیشە هەنگاو و ڕووناکبیریەکەی و نووسین و خەمخۆریەکانی بۆ خەڵکی بەشمەینەتی ئەوسا کە وای کردووە، با لێرەش نەبێ بەڵام هەر لە لامانە، هەربۆیە شکۆی ئەم مرۆڤە لەوەدا بوو کە سەروەریی بۆ خۆی هەڵدەبژارد لە هەموو کایەکانی ژیانیدا.
جەمال زادە، لاوێکی پێشکەوتن خوازی کورد شۆڕشگێڕێکی چاونەترس خامەیەکی هارمۆنیا لە داهێنان کە جەوهەری ژیان لایان (ناوەرۆک)بو هەربۆیە لە یەکێک لە نووسینەکانیدا پێمان دەڵێ:
(کتێب و ژن بە بەرگیان دیاری نادەن هەتا نەگەی بە ناوەرۆکیان)؛ ئەم زاتە هەمیشە ئاشق بە نیشتمان و بە ئەدەب و بە ڕۆشنایی و بە ئاشکراش پاڵپشتی نەدار و هەژاران و جووتیار و زڵملێکراوان بوو.
زۆر جار تێدەفکری و لە چرپەچرپی وجودیدا و ترپەی دڵی زیندووی جوانیان خەیاڵ دەمباتەوە بۆ ئەو سەردەمە و هەموو جارێکیش کە بە شەقامی سالمدا ڕێ دەکەم و بە بەردەمی جەمال عیرفانی نەمردا تێدەپەڕم و هەڵوێستە دەکەم، یەکپارچە دیەم بۆ بینینی هەستپێکردنی ڕۆحی بێگەردیان لەنێو پەنجەرە واقعیەکانەوە و لە بینینی هەقیقەتی ئاوێنە و مەودای دووربینمەوە ئەو زاتە بەدی دەکەم کە چۆن بە ناو ڕاڕەوی باخی گشتیدا بەنێو دارودرختی باخچەکەدا هەڵەداوانیەتی و دەست دەکات بە کۆکردنەوەی گەڵا هەڵوەریوەکان و دەیسپێرێ بە شنەبای ئارام تا لەگەڵ وشەکانیدا دیواری ڕاگری ڕاستەقینەی گوفتار و پاکی و خۆنەویستی بە ئاسمانەوە پیشانی مرۆڤایەتی بدات، بە دەردی خۆی وتەنی: هەتا عەردی درۆ هەڵنەکەنی نەمامی ڕاستی مەنێژە چونکە نە بەر ئەدا و نە دەشڕوێ.
هەرئەوەشە لەنێو ئەو هەموو خەمەیدا ژانی پیرۆزی خاک لە مێشکیدا هەمیشە لەدایک دەبوو و، لە هەناوی بەرەو ئاسۆبوون لە پێشکەوتنی توانا و سەلیقەی پێنووسەکەیدا چاپخانەیەکی دانا و ڕۆژنامەی پێشکەوتنی لێ بەرهەم هات کە زۆربەی شاعیران و نووسەرانی ئەو سەردەمە بابەتیان تێدا بڵاو دەکردەوە.
ئای هەر لە خۆیان جوانە کە لەنێو توولەڕێگاکانی ئاوایی و گوند و ڕەزەکان و بناری چیاکانی بست بە بستی کوردستان بەدەم خەیاڵ و فەنتازی داهێنانەوە و دڵیشیان لە قووڵایی نیشتمان و بیرکردنەوە پڕ لە حەسرەتەکانیەوە گۆرانیی بۆ ئەشقی خاک و یارانی دەچڕێ و پڕ بەزایەڵە لە کڵاوڕۆژنەی بەتاسەوەبوون زۆر بە نەرمی خەیاڵی ئەفسووناوییان دێتە ژووری هەموو دڵەکانەوە و وەک ئەفسەرێکی پایەبەرز و کوردپەروەر و نووسەر و سیاسەتمەدار هەموو ڕۆژێک لە حوجرە جوانەکەی ڕۆحیانەتی خواجە ئەفەندی ئێمەش یادی ئەم زاتە دەکەینەوە.

