رۆژنامەی ھەولێر

لە دھۆک و زاخۆ ١٠ ملیۆن و ٧٩٢ ھەزار لیتر نەوت گەیشتووەتە کۆگاکان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لە ناوچە شاخاوییەکان پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان دەستیپێکرد، ھەر خێزانێک بڕی ١٠٠ لیتر نەوت لە ڕێگەی کارتی زیرەکی سووتەمەنی لە بەنزیخانەکانەوە وەردەگرێت.

پرۆسەکە لەلایەن لیژنە ھاوبەشەکانی کارگێڕی و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت. لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نزیکەی ٨٠ ھەزار خێزان لەو بڕە نەوتە سوودمەند دەبن، لە حاجی ئۆمەران دەست بە دابەشکردنی نەوت کراوە، سەرەتا پرۆسەکە لە ناوچە شاخاوییەکان دەبێت، دواتر لە سەنتەری قەزاکان.
ھێمن قادر، جێگری پارێزگاری ھەولێر، ڕایگەیاند، پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بەخێرایی لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە و ھەوڵ دەدەین لە ماوەیەکی کەمدا تەواوی نەوتی بەشی پارێزگای ھەولێر کە ١٨ ملیۆن و ٧٠٠ ملیۆن لیتر نەوتە بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش بکەین.
لە دھۆک و زاخۆ ١٠ ملیۆن و ٧٩٢ ھەزار لیتر گەیشتووەتە کۆگاکان و لە ناوچە شاخاوییەکانی کانی ماسێ و ناحیەی بێگۆڤا بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەشدەکرێت.
سەبارەت بە سلێمانی و ھەڵەبجە، پشکی نەوتی ئەو دوو پارێزگایە و ئیدارە سەربەخۆکانیان ٢١ ملیۆن لیترە و لە دوێنێوە لە سنووری قەزای پێنجوین دەست بە دابەشکردنی کراوە.
ھەر خێزانێک ١٠٠ لیتر نەوت وەردەگرێت، سەبارەت بە نرخەکەی، نرخی فەرمی ھەر لیترێک ٢٥٠ دینارە، بەڵام بە ھەژمارکردنی تێچووی گواستنەوە بۆ ھەر ١٠٠ لیترێک بڕی ٣٠ ھەزار دینار لە ھاووڵاتی وەردەگیرێت، کۆی گشتی ئەو بڕەی حکوومەت دەینێرێت ٥٠ ملیۆن لیترە، لە کاتێکدا پێویستی ڕاستەقینەی ھەرێمی کوردستان بۆ وەرزی زستان ٢٦٨ ملیۆن و ٧١٠ ھەزار لیترە، بەم پێیە بێت ئەو بڕەی کە ھاتووە کەمتر لە ١٩% پێداویسستییەکان پڕ دەکاتەوە و چارەنووسی بەشەکانی دیکەش ھێشتا نادیارە.
ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو وەرزی سەرما ناوچەکەی گرتووتەوە، ھاووڵاتییانی ناوچە شاخاوییەکان وەکو خۆیان دەڵێن، پێویستی زیاتریان بە سووتەمەنییە بۆ ئەوەی لە سەرمای وەرزی زستان خۆیان بپارێزن.
نرخی نەوت لە بازاڕەکان دابەزیوە، ھۆکاری دابەزینی نرخی سووتەمەنییش دەگەڕێتەوە بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان. ھاووڵاتییانیش دەستخۆشی لە حکوومەتی ھەرێم دەکەن بۆ دابینکردنی نەوت، بەڵام وەکو خۆیان دەڵێن، ئەو بڕە نەوتەی کە وەردەگرن، لەبەر ئەوەی ناوچە شاخاوییەکان زۆر ساردن و ساڵانە تا وەرزی زستان تەواو دەکەن پێویستیان بە ٥ بەرمیل نەوت ھەیە، بۆیە داوا دەکەن بڕەکە زیاتر بکەن بۆ ناوچە شاخاوییەکان
دابینکردنی نەوتی سپی ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ژینگە و سرووشتی ناوچە شاخاوییەکان پارێزراو بێت و خەڵک ڕوو لە بڕینی داری تەڕ نەکەن و ژینگەی ھەرێمی کوردستان نەشێوێنن.