رۆژنامەی ھەولێر

مەسرور بارزانی: کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ پاراستنی دامەزراوەکان و ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک بوو

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی (شەمس)، تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی تایبەت و هەنووکەیی تایبەت بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕایگەیاند؛دەبێ ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگیرێت، ئەگەر یەكێك ئەو كورسییانەی نەهێناوە كە پێشبینیی دەكرد، مانای ئەوە نییە كە كار لەسەر پەكخستنی پرۆسەكە بكات.”

سەرۆکی حکوومەت، لە گفتوگۆکەدا ئەوەی خستەڕوو؛ ئەو پێشکەوتنەی لە کوردستان دەبینرێت، بەرهەمی خەباتی چەندین ساڵ و دەیەی گەلەکەمانە و دەگەڕێتەوە بۆ پێشمەرگەکان، کەسوکاری شەهیدان و هەموو ئەوانەی لەو ساڵانەدا گیانیان بەخت کرد بۆ هێنانەدیی ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، “من هەمیشە خۆم بە بەشێک لەم کۆمەڵگەیە و بەشێک لەم خاکە دەزانم، رەگمان لەم خاکەدا قووڵە؛ بۆیە هەرچی دەیکەین، بە هەموو دڵم و پاڵپشتیی تیمەکەمەوە و بە تێگەیشتنی خەڵکیش دەیکەین.”
سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە، کە لەگەڵ ئەم پێشکەوتنەدا، گرنگترین شت ئەوەیە گەلەکەمان لە بەها و پێگەی خۆیان تێبگەن و مافەکانیان وەک نەتەوەیەک و ئەوەی شایستەی چین، بە بیر بهێنرێتەوە. روونیشی کردەوە، کە زۆر دڵخۆشە بەوەی بەدەست هاتووە، بەڵام گرنگترین خاڵ ئێستا ئەوەیە چۆن بتوانرێت دەستکەوتەکان بپارێزرێن.
سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی دابەشکردنی کوردستانیش گوتی: بێگومان سەر ناکەوێت، چونکە کەس نە مافی هەیە و نە دەسەڵاتی دابەشکردنی کوردستانی هەیە. کوردستان بەرهەمی شەهیدانمانە، هی پێشمەرگەمان، گەلەکەمان و خۆڕاگریی گەلەکەمانە؛ ماندووبوونێکی زۆرمان بۆ ئەم دەستکەوتانە بینیوە و کەس ناتوانێت کوردستان لەسەر ئارەزووی خۆی یان ئەجێندایەکی گوماناوی دابەش بکات.
مەسرور بارزانی ئاماژەشی بەوە دا: “لە دوو ساڵی رابردوو گلەییان لە كارانەبوونی پەرلەمان دەكرد و سكاڵایان دەكرد بۆ ئەوەی هەڵیبوەشێننەوە، بەڵام دوای ئەوەی كارا كرایەوە، ئەمجارە دەیانگوت بۆچی كارا كراوەتەوە؟”
روونیشی کردەوە: “کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ پاراستنی دامەزراوەکان و رێزگرتن بوو لە دەنگی ڕەوای خەڵک.”
راشی گەیاند: “سەرۆک بارزانی هەمیشە گوتوویەتی نابێت شەڕی ناوخۆ لەنێوان کورددا ڕوو بدات.”
سەرۆکی حکوومەت، سەبارەت بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت و کۆبوونەوەکان لەگەڵ یەکێتی، دەڵێت: هەمیشە هیوا هەیە و ئەوان هەرگیز هیچ دەرگایەکیان دانەخستووە و ئەوەی کردوویانە هەرگیز دژی کەس نەبووە، بەڵام پێی وایە کاردانەوەی یەکێتی زۆر لۆژیکی نەبووە.
روونیشی کردەوە، دوو ساڵ بوو هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرابوو و پەرلەمان نەیدەتوانی کۆببێتەوە بەهۆی ناکۆکی لەسەر پۆستەکان و پێکهێنانی حکوومەت، تا گەیشتە ئەو ئاستەی نەیارەکانیان سکاڵایان بردە دادگای فیدراڵی تا پەرلەمان و حکوومەت هەڵبوەشێنرێنەوە و شەرعییەت بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. لەو قۆناخەدا دوو بژاردەیان لە بەردەمدا بوو؛ یان پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوەکانیان یان رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەی کاردانەوە نالۆژیکییەکانی نەیارەکان. وەک بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و ئەخلاقی بەرامبەر هەموو ئەوانەی بڕوایان بە هەرێمی کوردستان و مافەکانی هەیە و بەرامبەر دەنگدەران کە دەنگیان بە پەرلەمانتاران داوە، هەنگاویان نا بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کە دژی هیچ کەسێکی دیکە نەبوو.
وتیشی؛ گوتیشی: ئەو کاردانەوەیەی بینیمان زیادەڕەوی بوو لە بۆچوونی هەندێک کەس لەسەر ئەوەی کارەکان چۆن بن. شەرعییەتی هەرێمەکەمان و دامەزراوەکانمان پەیوەستە بە پرۆسەی دیموکراسییەوە و لەسەر پێوەر و بۆچوونی تەنیا یەک کەس دانەمەزراوە. ئەوەی کردمان بۆ پاراستنی دامەزراوەکان و دڵنیابوونەوە بوو لە پاراستنی شەرعییەتی کوردستان؛ مەبەستی ئێمە رەخساندنی کەشێکە تا پەرلەمان کار بکاتەوە و دواتر دانوستان لەسەر پێکهێنانی حکوومەت دەستپێبکاتەوە و، دەرگاکانمان کراوەن بۆ هەر کەسێک کە باوەڕی بە پرۆسەی دیموکراسی و ئاییندەی کوردستان هەبێت.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە زۆر روون بوو یەکێتی، بەداخەوە، بەو هاوپەیمانێتییەی لەگەڵ لایەنێکی تردا پێکی هێنا، نەک بە پرۆسەی دیموکراسی، بەڵکو بە بەکارهێنانی هێز بەرەنگاریان بوونەوە و بە کردەیی پەرلەمانیان پەک خست یان بۆ ماوەی دوو ساڵ بە بارمتەیان گرت و نەیانهێشت کارەکانی بکات.
دووپاتی کردەوە کە دابەشکردنی 50 بە 50 گوزارشت لە جەوهەری دیموکراسی ناکات؛ ئەگەر لایەنێک 50%ـی دەنگەکانی نەبێت ناتوانێت داوای 50%ـی حکوومەت یان دەسەڵات بکات، بەڵام پارتی بە درێژایی ساڵان براوەی هەموو هەڵبژاردنەکان بووە و زۆر سازشکاریش بووە و هەمیشە ئامادە بووە زیاتر بداتە رکابەرەکانی لە پێناو یەکڕیزیی نیشتمانی، ئاشتی و ئاوەدانیدا. بەڵام ئەمجارە بابەتەکە ناکۆکیی دوو حزب نییە، بەڵکو پاراستنی خودی دامەزراوە شەرعییەکان و شەرعییەتی تەواوی هەرێمی کوردستانە.
مەسرور بارزانی، وتیشی ؛ سەرۆک بارزانی هەمیشە گوتوویەتی نابێت هیچ شەڕێکی ناوخۆی کورد هەبێت، بانگەوازی منیش بۆ تەواوی کوردستان ئەوەیە دەبێت خۆمان لە شەڕی ناوخۆ لە ناو کورد، ناوچەکان و حزبەکاندا بەدوور بگرین و نابێت پێشمەرگە رووبەڕووی یەک ببنەوە و شەڕی یەکتر بکەن؛ دەبێت ئەوە تێپەڕێنین کە لەسەر ناکۆکییە سیاسییەکان بە شێوەی سەربازی رووبەڕووی یەک ببینەوە.