وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان و ئاسایشی تەندروستی، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتییان و فرۆشیارانی دەرمان دەکات.
وەزارەتی تەندروستی لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختیکردەوە: “هیچ شوێنێک جگە لە دەرمانخانە مۆڵەتپێدراوەکان بۆی نییە دەرمان بە چارەخواز بدات، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکەین بە هیچ شێوەیەک پشت بەو ڕیکلام و پلاتفۆرمە نامتمانەییانە نەبەستن”.
وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەدات لە بەکارهێنانی دەرمانی خۆلاوازکردن و خۆقەڵەوکردن بەتایبەت ئەوانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕیکلامیان بۆ دەکرێت.
لە بارەی زایانەکانی ئەو دەرمانە ئۆنڵاینانە، وەزارەتی تەندروستی ڕوونکردنەوە دەدات:-
دەرمانی خۆلاوازکردن: زۆربەیان ماددەی کیمیایی قەدەغەکراو یان بڕێکی زۆر لە کافایین و هاندەرە توندەکان لەخۆ دەگرن. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بەشێوەیەکی مەترسیدار و تێکچوونی لێدانی دڵ (Arrhythmia)، تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک، هەروەها تێکشکانی خانەکانی جگەر و گورچیلە.
دەرمانی خۆقەڵەوکردن: بەهۆی بوونی بڕێکی نائاسایی هۆرمۆنەکان (وەک کۆرتیزۆن) و ستیرۆید، دەبنە هۆی تێکچوونی سیستمی بەرگری، کێشەی هۆرمۆنیی توند و لاوازکردنی ئەندامە سەرەکییەکانی جەستە.
وەزارەتی تەندروستی دووپاتی کردەوە کە تیمە چاودێرییەکانیان بە توندی بەدوای سەرپێچیکاراندا دەگەڕێن و هەر کەس و لایەنێک بە شێوەی نایاسایی مامەڵە بە دەرمانەوە بکات، ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی دەبێتەوە.

