عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
ئیدریس شێخزادە، دەرهێنەر و فیلمسازی کورد، لە نوێترین بەرهەمی هونەرییدا بزنێکی کردووەتە ئەکتەری سەرەکیی کورتەفیلمێک بە ناوی “کاک بزن”، کە چیرۆکەکەی لەسەر ململانێیەکی خێزانی و بڕیارێکی قورس دەخولێتەوە.
ئیدریس شێخزادە، دەرهێنەر و فیلمسازی کورد گوتی: کورتەفیلمی “کاک بزن”، ماوەکەی 10 خولەکە، بەبەشداری هەر یەکە لە، ئەیام ئەکرەم، سامی شاکر، ئامێز جەوهەر، رۆژیار حەسۆ و لێزان سدیق، کە هەر یەکەیان رۆڵێک لە چیرۆکەکەدا دەگێڕن.
شێخزادە سەبارەت بە چیرۆکی فیلمەکە گوتی: چیرۆکی فیلمەکە باس لە خێزانێک دەکات بەهۆی کەلەڕەقی و لەسەرخۆڕایی سەرۆکی خێزانەکە، بزنێک دەبێتە کێشەی سەرەکیی ناو خێزانەکە و ئارامی ژیانیان تێک دەدات. بوونی ئەو بزنە و رەفتاری سەرۆکی خێزانەکە لە بەرامبەریدا، کێشە و ناکۆکییەک دروست دەکات کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئەندامانی خێزانەکە دادەنێت.
ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەش کرد: لەگەڵ گەورەبوونی کێشەکە، سەرۆکی خێزانەکە خۆی لەبەردەم دۆخێکی قورس و بڕیارێکی چارەنووسسازدا دەبینێتەوە؛ بڕیارێک کە دەبێت لە نێوان بزنەکە و خێزانەکەی یەکێکیان هەڵبژێرێت. بەو شێوەیە، بزنەکە دەبێتە خاڵی ناوەندیی چیرۆکەکە و رووداوەکان بە ئاراستەیەکدا دەبات و سەرۆکی خێزانەکە ناچار دەکات رووبەڕووی ئەو بڕیارە ببێتەوە.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی ئەو کورتەفیلمە، ئیدریس شێخزادە دەڵێت: بەرهەمهێنانی ئەم کورتەفیلمە هەوڵێکی هونەریی تایبەتییە لەلایەن من بەرهەمهاتووە، من بڕوانامەی بەکالۆریۆسم لە بواری سینەما و شانۆ، لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەددین وەرگرتووە و ئەو کارەش بە هەوڵ و کاری هاوبەشی کۆمەڵێک گەنجی خاوەن حەز و ئارەزوو بۆ سینەما بەرهەمهاتووە.
کورتەفیلمی “کاک بزن”، لە دەرهێنانی ئیدریس شێخزادەیە و بڕیارە سەرەتا بۆ فێستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەڵەتییەکان بنێردرێت و دواتریش لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکاندا نمایش بکرێت.
