مەشخەڵ كەوڵۆسی
كۆبوونەوەی سەرتاسەری “پلینیۆم”ی پێنجەمی كۆنگرەی بیستەمی حیزبی شیوعی چین لە شاری پەكین لە 26 تاكو 29ی مانگی ئۆكتۆبەری 2026 گرێدرا. ئەم كۆبوونەوەیە ڕاستە بۆ ڕێكخستنەوەی دیدگا و كارو بڕیار و پلان و فیدباكی كارەكانی حیزبێكە كە دەیان هەزار كیلۆمەتر لە ئێمەوە دوورە، بەڵام لەڕووی ئەو مانایانەی كە ئەو كۆبوونەوە گشتییە بە سیستەمی بەڕێوەبردن و چەمكەكانی حیزبایەتی و دەوڵەتداری بەخشی، دەتوانین زۆر بیكەینە دەستپێكی سەرنجدانێكی ورد لە سەركەوتنی نەتەوەكان.
یەكەم دێڕ كە سەرنجی مرۆڤ ڕادەكێشێت، مرۆڤێك كە عەوداڵی سەركەوتنی نەتەوەكەی خۆی بێت، ئەو ڕستە ئاڵتونییەیە كە بڕگەی یەكەم و خاڵی یەكەم و دێڕی یەكەمی بڕیارەكانی كۆتاییدا دەڵێت: حیزبی شیوعی چین لەكاتێكدا دروستبوو، كە خەریك بوو نەتەوەی چینی لەناو دەچوو!.
هەروەها دەڵێت: بەڵام حیزب و خەڵك یەكیان گرت و، توانییان دەستكەوتە مەزنەكان بۆ گەلی چین بەدەستبهێنن، هەر لە: شۆڕشی دیموكراسی نوێ و شۆڕشی بیناكردن و چاكسازی و كرانەوە و دروستكردنی سۆسیالیزم بە مۆدیلی چینی و، دەستكەوتەكانی تر.
جگەلەوە دەڵێت: حیزبی شیوعی پابەندە بە بەدیهێنانی ڕێنیسانسی مەزنی درێژخایەنی نەتەوەی چینی.
لێرەدا ئیدی بێ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر دۆكیۆمێنتەكە، وادەزانم ونبووی خۆمان دۆزییەوە.چونكە ئەو پەیامەی كە باس لەدوو گرێی سەرەكی دەكات، بۆ ژیانی هەموو نەتەوە ژێردەستەكان و بەتایبەتی بۆ كورد، بابەتێكی زۆر گرنگ و چارەنوسسازە، ئەویش یەكەم گرێ كە ئاماژە بۆ ” لەناوچوونی نەتەوەی چینی” دەكات، هەروەها ئەوەش كە لەكۆتاییدا باس لە ” ڕێنیسانسی مەزن و درێژخایەنی نەتەوەی چینی” دەكات.
كەواتە ئەو پەیامە دووخاڵی زیهنی زۆر گرنگ لە ژیانی نەتەوە دیاری دەكات، لەناوچوونی نەتەوە لەگەڵ ڕێنیسانسی نەتەوە. بۆیە پێویستە هەموو ئەوانەی لەخەمی هەستانەوەی نەتەوەكەی خۆیاندان، ئەو پرسیارە لەخۆیان بكەن: بۆچی گەیشتینە لێواری لەناوچوون؟ بۆچی ژێردەستەین؟ بۆچی ئەوانی تر حوكممان بكەن؟ ئەی بەچی و چۆن بگەینە ئەو ئاستەی كە نەتەوەكانی تر پێی گەیشتوون؟ بگرە چۆن بتوانین ڕێنیسانس لەژیانی نەتەوەكەمان دروستبكەین لەهەموو ئاستەكان.
ئەوەی لە ئەنجامی چاودێریكردنی پلان و سیاسەت و بڕیار و جوڵەكانی حیزبی شیوعی چین دەبێتە ئەزمون بۆ هەموو لایەك، ئەوەیە كە ئەو حیزبە خەسڵەتێكی زۆر گرنگی تێدایە پێویستە هەموو نەتەوە و گەلانی ژێردەستە چاوی لێ بكەن: ئەویش ئەوەیە سەرجەم بیرو ئایدیا و هەنگاوەكانی بە مۆدیلی كۆمەڵگەی چینی، بەپشت بەستن كەلتور و تواناكانی خودی كۆمەڵگەی چینی ڕەنگ دەكات.
تەنانەت فەلسەفەی ماركسیزمیش، كە مونتەلەقی فیكری حیزبەكەیە، بەهیچ شێوەیەك بە كۆپی پەیست وەرنەگیراوە، بەڵكو تیۆرێكی نوێیان داهێناوە و، دەتوانین بڵێین: فەلسەفەی ماركسیەت لە ئاوەكانی دەریای یانگستی هەڵژەنراوە و، مۆدیلێكی نوێی لێبەرهەم هێنراوە كە پێی دەگوترێت: سۆسیالیزم بە مۆدیلی چینی، یان سۆسیالیزمی چینی.
لەئەنجامی ئەم تێكەڵاوكردنەی فەلسەفەی ماركسیزم و كەلتوری چینی، ئێستا چین بووەتە دووەم زلهێزی ئابووری جیهان و، سەرمایەداری سۆسیالیزمی چینی، دنیای سەرسام كردووە.
هەروەها بابەتێكی دیكەی گرنگیش كە پلینیۆمەكە وەك وانەیەك پێشكەشی ئەزمونی حیزبایەتی كرد، ئەوەیە كە باسی لە ” حوكمڕانی ناوخۆی حیزب بەشێوەیەكی كۆنكرێتی” كرد. ئەوەش چەمكێكی نوێیە و حیزبی شیوعی چین دەتوانێ لەڕێگەی ئەم چەمكەوە، ئیدارەی حیزبێك بدات كە ژمارەی ئەندامە تۆماركراوەكانی 100 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە، لەدەرفەتێكی دیكەدا دێینەوە سەر ئەم بابەتە گرنگە.

