نووسینی: هنێر سەلیم
خوێندنەوەی: باهۆز مستەفا
ڕۆمانی “کۆنسێرت بۆ کەپڕن”، کە بەرهەمی دەرهێنەر و نووسەری ناسراوی کورد (هنێر) سەلیم)ە، بەرهەمێکی ئەدەبی جوانە، کە بە شێوەیەکی زۆر قووڵ و هونەریانە مامەڵە لەگەڵ برینە نەتەوەییەکان، ململانێی شوناس، هێزی لەبننەهاتووی مۆسیقا و کولتووردا دەکات.
ئەم ڕۆمانە گەشتێکی پڕ لە ئازاری دەروونییە بەناو مێژوویەکی پڕ لە ستەمدا. کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە (ئازا)، لەگەڵ باوکی (ئیسماعیل) و برا بچووکەکەی (دڵۆڤان)دا، نوێنەرایەتیی تراژیدیای نەتەوەیەک دەکەن، هەوڵی مانەوە دەدەن لەبەردەم سڕینەوەیەکی سیستماتیکدا.
شوناس و داگیرکاری
یەکێک لە داهێنانە جوانەکانی ڕۆمانەکە، شێوازی ناونانی داگیرکەر و وڵاتەکەیەتی. نووسەر وشەی (ئیستی) بۆ داگیرکەران و (ئیستیخا) بۆ وڵاتی داگیرکەر بەکاردەهێنێت، ئەمەش تەکنیکێکە بۆ بەگشتییکردنی چەمکی داگیرکاری، دەکرێت هەر نەتەوەیەکی سەردەست بێت، کە دەیەوێت کولتووری کورد بسڕێتەوە. هەروەها بۆ ئەوەی ڕۆمانەکە سنوورە جوگرافییەکان ببڕێت و ببێتە دەقێکی جیهانی دژی هەموو جۆرە داگیرکارییەک.
سیستمی “ئیستی” گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت ناوی مرۆڤەکانیش قەدەغە دەکات. ناوێکی کوردیی وەک “دڵۆڤان” لای ئەوان نەناسراو و قەدەغەیە، دەبێت دایک و باوک ناوێکی جوان لەو لیستی ناوانە هەڵبژێرن، کە دەوڵەت ڕێی پێ داوە.
زمان لەم ڕۆمانەدا سەنگەری یەکەمی بەرگرییە. کاتێک ئەفسەری داگیرکەر بە سووکایەتییەوە دەپرسێت بۆچی بەو زمانە بێ نرخە قسە دەکەیت؟ وەڵامەکە لوتکەی شانازیی نەتەوەییە کاتێک دەڵێت: چونکە ئەوە زمانی منە ژەنەڕاڵ، دایکم لەگەڵ شیری مەمکی دەرخواردی دام. (لا ٢٣) ئەمە گوزارشتە لە لکانی شوناس بە بوونی مرۆڤەوە
ئەمە گوتەیەکی ئاسایی نییە، فەلسەفەی مانەوەیە. تەنانەت لە بچووکترین مامەڵەی ڕۆژانەشدا ئەم بەرگرییە دەردەکەوێت، کاتێک (ئازا) کاری گەیاندن دەکات، خواردن دەباتە ماڵێک، بە کوردی دەڵێت ڕۆژباش، کابرای داگیرکەر ڕقی لەو زمانەیە، شەقەزڵلەیەکی لێ دەدات. ئازا لە ڕقان لە دوورەوە دووبارە هاوار دەکات: ڕۆژباش، ڕۆژباش.(لا ٦٣) ئەمە نیشاندانی ئیرادەیە لەوپەڕی لاوازیدا
مۆسیقا و هونەر وەک چەکی مانەوە
لە ڕۆمانەکەدا، مۆسیقا بۆ چێژبەخشین نییە، هێمای بەرخودانە. هەروەها ناوهێنانی کەسایەتییە دیارەکان وەک (گوڵبەهار) و (شاکرۆ)، یان هێماکردن بۆ چێشتخانەی (ماڵی زەریاب) هێنانی ناوی هونەرمەند و نووسەر و شاعیرانی دیاری کوردستان وەک (ئەیاد زاخۆیی، محەمەد عارف، دەروێش ئەڤدی، سەید عەلی ئەسغەری، ئایشە شان، مەحمەد ئۆزۆن)، نیشاندەری ئەوەن کە کولتووری کورد چەندە دەوڵەمەندە. هەروەها ئامادەیی ناوی (ئەحمەدی خانی) و (کاوێس ئاغا)، ڕۆمانەکە دەکاتە ئەرشیفێکی ڕۆحی. هونەر لێرەدا ئەوەندە پیرۆزە، کە تۆمارکردنی گۆرانیی کوردی بۆ داگیرکەر بە جاشایەتی و خیانەت دادەنرێت، چونکە وەک پاڵەوانەکە پاساوی بۆ دەهێنێتەوە: چۆن گۆرانی بۆ کەسانێک بڵێین کە پێشتر کتێبەکانیانیان سووتاندووین؟. (لا ٨٨-١١٢)
ناونیشانەکە (کۆنسێرت بۆ کەڕان) لە دیمەنێکی قووڵی ناو دەقەکەوە وەرگیراوە. واتە گۆرانیگوتن بۆ داگیرکەرێک، یان جیهانێک کە نایەوێت گوێی لە ئازارەکانی کورد بێت، وەک گێڕانی کۆنسێرت وایە بۆ کەسانی کەڕ. داگیرکەر لەبەرانبەر ئەم جوانییەی کولتووری کوردیدا، خاوەنی زمانێکی زبر و پڕ لە قینە، هەمیشە جنێوێک بەکار دەهێنن و دووبارەی دەکەنەوە (بڕۆ گان بدە). (لا ١٢٤)
جۆر و تەکنیکی ئەدەبی
ئەم بەرهەمە لە ڕووی جۆرە دەچێتە قاڵبی ئۆتۆفیکشن،یان تراژیکۆمیدی. نووسەر ڕووداوە مێژوویی و واقیعییەکان تێکەڵ بە خەیاڵ دەکات. گۆشەنیگای گێڕانەوە پشتی بە “کەسی یەکەم” بەستووە (ئازا وەک گێڕەڕەوە). تەکنیکی وەسفی سینەمایی و هونەری زۆر بەکارهاتووە. بۆ نموونە، کاتێک (ناتالی ڕیشار) بە پەرەشوت دێتە خوارەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، هاوڕێکەی ئازا بە تەکنیکێکی وەسفیی زۆر بەرز دەڵێت: “جەستەی ناتالی تابلۆی قەرەنی جەمیلم بیر دەخاتەوە”. لێرەدا گرنگی هونەر و هونەرمەند قەرەنی جەمیل پیشانی خوێنەر دەدات.
چەند نموونەیەک لە دەقی ڕۆمانەکە بۆ سەلماندنی تەکنیک و تێماکان:
١. تراژیکۆمیدیا و یاخیبوون
لە لاپەڕە (٥١) (تەنز و کۆمیدیای ڕەش لەوپەڕی ئازاردا): کاتێک ئازا سەردانی گوندە کاوڵبووەکە و گۆڕستان و گۆڕی دایک و باوکی دەکات، سەربازەکان دەگەنە سەری و جەنگۆ دەحەپێ، سەربازەکە تفەنگەکەی بەرانبەر جەنگۆ ڕادەگرێ، بیرۆکەی ئەوەی بۆ دێت دەڵێ: بەو سەگە بڵێم پڕنج جار بحەپە، دەحەپێ. سەربازەکەش فەرمانی پێدەکەن : سەیری سەگەکە دەکات هیچ کاتدانەوەی نییە، بەڵام دواتر پێنج جار دەحەپێ، ٩ جار، ٧٤ جار! دەستبەجێ هیچ وەڵامێکی نەدایەوە…”. نووسەر لێرەدا بێدەسەڵاتیی مرۆڤ بەرامبەر بە فاشیزم وەک دیمەنێکی ئایرۆنی و تراجیکۆمیدی پیشان دەدات.
دواتر سەیری تابلۆکەی دەکەن: کاتێ سەربازەکان چەکیان بەڕوودا ڕاگرتوون. خۆیی و باوکی و دیکی دوو گیانەکەی و کۆرپەکەی ناو سکیشی دەستی بەرزکردبۆوە
٢. تراژیدیای دابڕان و گۆڕینی شوناس (لاپەڕە ١٢٩):
یەکێک لە کاریگەرترین و پڕ ئازارترین دیمەنەکان، کاتێک سیستەمی داگیرکاری منداڵێک لە خێزانەکەی دادەبڕێت. (ئەفسەری میهرەبان) لە کاتی ڕووداوی هاتوچۆدا، کە باوکی دەمرێ، دڵۆڤانی برا بچووکی ئازا بۆ خۆی دەبات، لەگەڵ (دونیا)ی خێزانی دەیکەنە کوڕی خۆیان و شوناسی دەسڕنەوە و ناوی دەنێن (جەمال).
٣. وێنەی سینەمایی و تابلۆی هونەری (لە کاتی هاتنی ناتالی):
زۆرێک لە پەرەگرافەکانی ڕۆمانەکە وەک (سیناریۆی فیلم) نووسراون، ڕاستەوخۆ خوێنەر دەخەنە ناو قوڵایی دیمەنەکەوە.
ئەو وێنەیە کە هەموویان بەرانبەر تفەنگی سەربازەکان دەستیان بەرزکردۆتەوە، هەتا براکەی لەناوی سکی دایەکی دەستی بەرزکردۆتەوە.
سەماکردنی ئیسماعیلی باوکی لەسەر گۆڕی ژنەکەی. هەروەها لە کاتی هێنانەخوارەوەی سنی سەتەلایت لەسەر داربەڕوو، جیقنەی کوندەپەپۆ دەکەوێتە ناوی چاوی ئەفسەری میهرەبان و ناڵاندنی پێیەوە تا دوا ساتی مردنی لە پاریس.
لە لاپەڕە( ١٢٨ – ١٣٠) تێکەڵبوون وگۆڕانی تەرمی سامانی ئامۆزای لە فڕۆکەخانە لەگەل تەرمی پیرەپیاوێکی پەرپووت، کە دەرچوو ئەفسەرەکەیە، سوپا بە هەڵە بە ڕێورسمی سەربازی پێشوازی لێ دەکەن، بەڵام کە ئاشکرا دەبێت ئەوە تەرمی گەنجێکی کوردە، دەوڵەت تەرمی سامان سزا دەدات و ونی دەکات. کورد دوای مردنیش هەر ئارامی نابینێت.
٤. لە لاپەڕە ١٥٧ ڕووداوێکی مێژوویی دەهێنێتە ناوەوە، کە ئەویش تیرۆرکردنی سێ ژنە چالاکوانی کوردە لە پاریس، کاتێک دەڵێت: بەیانی ڕۆژی دواتر، لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەی (پاریزییەن)دا، وێنەی سێ ژن بە شێوەیەکی گەورە بڵاوکرابووەوە: سێ چالاکڤانی ژن، کە ئاڤێستای هاوڕێی یەکێک بوو لەوان. بەمەش چیرۆکەکە لە سنووری خەیاڵەوە دەبەسترێتەوە بە ئازارێکی نەتەوەیی ڕاستەقینەوە.
٥. لە لاپەڕە (١٥٩)دا نووسەر دیمەنی سەرکەوتنەکە وێنا دەکات: شەوی هەینییە کۆنسێرتە، هۆڵەکە جەمەی دێت، دەچمە سەر سەکۆ.. ناتالی لە ڕیزی یەکەم دانیشتووە. چاوانی دەدرەوشێنەوە… لێرەدا مۆسیقا دەبێتە براوەی کۆتایی بەسەر هەموو ئازار، جەنگ و مەرگدا. بەڵام جەماڵی برا بەرانبەر پۆستەری کۆنسێرتەکە جگەرەیەک دادگیرسێنێت.
٦. ناسنامە دەربڕینی هەستی نەتەوەی لەڕێگەی هونەر: بەشیر موشیر دەڵێ: ئەو کوردەی ئینفیساڵی نەبێ، ڕەسەن گەوادە. ئینجا دەڵێ: ئەگەر ئاژەلەکانیش یەکگربان سەرکوت ناکران. بڕۆن لە جۆرج ئوریل بپرسن.
شێوازی وەرگێڕانەکەی نایابە جا بە هەر تەکنیکێک ئەنجامدرابێت، کەمترین هەڵی زمانەوانی و ڕێنووسی تێدایە. تەنیا لە لاپەڕە ١٤ لەنگەک هەبوو ( ئەفسەرەکە مۆڵەتی کوشتنی هەبوو، بەڵام مۆڵەتی سوکایەتیشی هەبوو؟ هەڵەیە، چونکە پرپوزیسۆن وا بەکارنایێت، دەبێ لە جێگەی بەڵام، هەروەها بەکاربهێنرێت).
لاپەڕە ١٨، (خۆی لە نەزانیدا، ئەگەر بینووسرابا خۆی لە گێڵیدا جوانتر بوو).
لاپەڕە ٢٧، (من، بەڵام. دەگوترێ: بەڵام من).
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، ڕۆمانی “کۆنسێرت بۆ کەڕان” بەرهەمێکی فرەڕەهەندە، کە تێیدا هنێر سەلیم بە زمانێکی پاراو و ڕەخنەگرانە تابلۆیەکی ڕاستەقینەی لە نائومێدی و ئومێد، مەرگ و ژیان، کێشاوە. بەکارهێنانی تەکنیکەکانی ئۆتۆفیکشن و تراجیکۆمیدی، وایکردووە ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەیەکی لۆکاڵی نەبێت، بەڵکو ببێتە دەنگێکی جیهانی، کە تێیدا مرۆڤی کورد لە ڕێگەی ئامێرە مۆسیقییەکەیەوە، چیرۆکی خۆڕاگریی خۆی بە گوێی جیهاندا دەدات. زمانەکەی سووکایەتی پێ دەکرێت، منداڵەکانی لێ دەفڕێنرێت، بەڵام هەرگیز دەستبەرداری هونەر، مۆسیقا و کەرامەتی خۆی نابێت. مۆسیقا لەم بەرهەمەدا، لە بۆشاییدانییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بە بێدەنگیی مێژوویەکی ستەملێکراو.
دەست خۆشی لە نووسەر هنێر سەلیم و وەرگێڕ ڕێبین فەتاح دەکەم بۆ ئەو کارە جوانە.
سەرچاوە: هنێر سەلیم، ٢٠٢٦، کۆنسێرتێک بۆ کەڕان، وەرگێڕانی ڕێبین فەتاح، چاپی یەکەم لە بڵاوکراوەکانی ماڵی وەفایی، هەولێر

