فەرەیدوون سامان
پاییزەو گەڵای درەختەکان هەڵدەوەرێن
پاییزەو گەڵا زەردەکان دەبنە ڕەوەپەپوولە هەڵدەفڕن
پاییزەو گەڵاکانی تەمەنی منیش زەرد هەڵدەگەڕێن و
ساڵ لە دوای ساڵ هەڵدەوەرێن…
خەون دەبینم، خەونێکی قووڵ
لە کەنارێکدا ڕاکشاوم و شەپۆلەکان
بێ بەزییانە جێم دەهێڵن
ئیدی چیرۆکەکانی غوربەتیم بۆ ناگێڕنەوە
ئیدی کەسێک ناپرسێت لێم
تۆ خەڵکی کوێی
لە کوێ ڕا هاتووی
ناوت چییە؟
بەڕاست من چیم
من کێم؟
بۆچی خۆم ناناسمەوە
کەشتی خەیاڵەکانم ناگەڕێنەوە
بۆچی کانی وشەکانم وشک بوونەوە
تەواو جێیان هێشتم
ئەو ڕۆژانەی هەموو ئەو شتانەی کە خۆشم دەویستن
وەک بووکەڵەیەک لێم زەوت کران
پەنجەرەکانی برینیان بە کراوەیی بۆ هێشتمەوە.
ئیدی لەو پاییزەدا چۆن بەرگی حەسرەتەکانم بپۆشم
لە هۆنینەوەی زامی ئەو وشانەی
کە بە نائومێدییەکانمەوە پەرش و بڵاوبوون..
ئێستا لە بیانوویەک دەگەڕێم
بۆ هەڵاتن لە وەهمەکانی ژیان
کە هیچ قەرەجێک نەزانێت
نهێنییەکانی ناو لەپی من بخوێنێتەوە.
دەمەوێت هەموو هاوسەفەرەکانەم جێ بهێڵم
کە لوغمی ئازاریان دەخستە ژێرپێم..
دەڕۆم و جێیان دەهێڵم
وەک چۆن باڵندەکان هێلانەکان جێ دەهێڵن
قوڕینگی هەورەکان ئاسمان جێ دەهێڵن
ڕووباری کۆچ و ماڵاوایی ، کەنار جێ دەهێڵێت
منیش جێیان دەهێڵم دوور لە یار و دیار
بەرەو نادیار
وەک چۆن ڕۆژگار ئێمەیان جێهێشتووە
لە دەرگاکانی نیشتمانەوە
چاوەڕێی بکەین و داوای لێبوردن
لە گەڵاو گوڵ و پەپوولەکان بکەین
کە لە شەڕە بێهوودەکان خوێنمان ڕشتن
ناونیشانێکی تر بۆ ئازارەکانمان هەڵگرین..
پاییز تا نەمردووم
فێرم بکە چۆن خۆشم بوێیت…

