ئارام کۆشکی – هەولێر
زۆرجار دەوترێت ئەوینی ڕاستەقینە شکست دەینووسێتەوە. ئەوە ئەوینە ڕاستەقینەکانن کە شکست نەمری کردوون. بەڵام ئایا هیچ ئەوینێکی سەرکەوتوو هەیە، یان مەعشوقەکان کە پێکگەیشتن ئیدی ئەو تامەزرۆییەیان بۆ یەکدی نامێنێت و ئەوینەکە دەگۆڕێت بۆ ژیانێکی هاوبەش و ڕۆتینێک، کە هەموان لەگەڵیدا هەڵ دەکەن. من بڕوام بە ئەوینی سەرکەوتوو هەیە، بەڵام مەرج نییە هەموو ئەوینەکان لە دوای پرۆسەی هاوسەرگیریی سەرکەون.
هەفتەی ڕابردوو یەکێک لەو کتێبە سەیر و سەرنجڕاکێشانەم خوێندەوە، کە باس لە شکستی فەیلەسوفان دەکات لە ئەویندا، ڕەنگە کتێبەکە بۆ بەشێک لە خوێنەران مایەی پێکەنین بێت، کە فەیلوسوفانێکی مەزن لە ئەویندا شکستیان هێناوە، بەڵام بەلای منەوە شکستەکانیان سەرنجڕاکێش نەبوو، بەڵکو ئەوە سەرنجڕاکێش بوو، کە ئەوین هەموان بە چۆکدا دەهێنێت تا ڕادەی ئەوەی سواڵی هەست و سۆز بکەن، ئیدی ئەو کەسە ئەگەر بیرمەندێکی گەورەش بێت. ئەو کتێبەش کتێبی ” فەیلەسوفانێکی مەزن کە لە ئەویندا سەرکەوتوو نەبوون”، کە لە نووسینی “ئاندرۆ شافەر” و لە وەرگێڕانی “سامان عەلی” و لە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و لە دوتوێی 161 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ئەم کتێبە زۆر بە کورتی باس لە بەرکەوتنی ئەوین و ئەوینداری نزیکەی 40 بیرمەند دەکات لە یۆنانی کۆنەوە تا بیرمەندە مۆدێرنەکان. خاڵێکی گرنگ کە لەم کتێبەوە تێی دەگەین ئەوەیە، کە “ئەوین لە ژیانی بیرمەندەکاندا سەختتر و دژوارترە.” ئەگەرچی ئەوین و ئەوینداری خۆی سەخت بێت، بەڵام لەم کتێبەوە تێدەگەین لە ژیانی ئەواندا گەلێک سەختترە. بۆ نموونە چیرۆکی کچە ڕوسییەکە و فریدریش نیتچە، کە چیرۆکێکی گەلێک دژوارە و دوای ئەوەی لۆسالۆمی شوو بە هاوڕێکەی نیتچە دەکات چیرۆکەکە بە شکستی نیتچە کۆتایی دێت. یان چیرۆکی ئەوینداریی لویی ئاڵتۆسێر بۆ ژنەکەی، کە دواجار بە کوشتنی ژنەکەی کۆتایی دێت.
یەکەم بەشی کتێبەکە تەرخانە بۆ باسکردن لە چیرۆکی “پیتەر ئەبیلار” کە بە وتەیەک دەست پێ دەکات کە گەلێک سەرنجڕاکێشە و دەتوانم بڵێم نووسەر بۆیە ئەمەی خستووتە سەرەتا تا وەکو کرۆکی کتێبەکە بە خوێنەری بناسێنێت. وتەکە بەم شێوەیە کە دەڵێت “نابێت هیچ ئەویندارێک چاو لە من بکات، چونکە ژن کاتێک ڕەت دەکرێتەوە، دەبێت بە بوونەوەرێکی ترسناک.” لەگەڵ ئەم وتەیەدا کاتێک کتێبەکە تەواو دەکەین تێدەگەین، کە پیاوەکانیش دوای شکست لە ئەویندا تووشی جۆرێک لە دۆخگۆڕان دێن، واتە ئەگەر ژنەکان ببن بە بوونەوەری ترسناک، ئەوان پیاوەکانیش دەبنە بوونەوەرێکی تێکشکاو، یان دروستترە بڵێین فەیلەسووفەکان، چونکە لەم کتێبەوە بۆمان دەدەکەوێت چەندە دوای ئەزموونە ئەویندارییەکەیان تێکشکاون، وەک ئەوەی چارەنووسی بیرمەندە ئەویندارەکان شکست بینووسێتەوە.
لە سەرەتاوە ئاماژەیەکی خێرامان دا بەوانەی پێیانوایە ئەوین دوای هاوسەرگیریی دەمرێت، لەم کتێبەدا هێنری واردبیچەر بە پێچەوانەی ئەوانەوە بیر دەکاتەوە، کە ئەوین پاش هاوسەرگیرییش دەمێنێتەوە و ئەو دەڵێت “هاوسەرگیری گۆرستانی ئەوینە.” بەڵام ئایا ئەمە تاچەند راستە، کاتێک بە سەرنجەوە بیر لە شتەکان دەکەینەوە دەبینین هیچ ڕاستییەکی ڕەها لە گۆڕێ نییە، هەموو بۆچوونەکان ڕێژی دروستی و نادروستیان هەیە، بۆیە هەر بۆچوونێک لەم بۆچوونانە لەبارەی ئەوینەوە بەشێک لە ڕاستیان تێدایە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی مرۆڤەکان و کولتوورەکان و بەرکەوتنەکان لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر و ئەو دۆخانەی مرۆڤەکانی تێدان.
ئەلبیر کامۆ؛ بۆچوونێکی جوان و جیاوازی هەیە سەبارەت بە ئەوین و دەڵێت “سەبارەت بە ئەوین بەهرەمەند نیم.” دەشێ بپرسین ئەوین بەهرەمەندی دەوێت؟ لە دواتریشدا ئەوەش دەخاتەڕوو کە “خۆشەویستی مرۆڤێک واتە پیربوون لەگەڵیدا، منیش توانای خۆشەویستییەکی لەم چەشنەم نییە.” ئەوینداری لەگەڵ ئەوەی ئاسان نییە هاوکات قوربانی دەوێت، ئایا کێن ئەوانەی توانای قوربانیدانیان هەیە لەپێناو ئەویندارەکەیاندا؟ سەختە هەموان بتوانن وەکو یەک قوربانی بدەن، هەموان دەیانەوێت ئەویندار بن، بەڵام هەموان توانای قوربانیدانیان نییە، بۆیە شکست بەرۆکیان دەگرێت. دیکارت قسەیەکی سەرنجڕاکێشی لەم کتێبەدا هەیە و دەڵێت “ڕق ئاسانە و خۆشەویستی دژوارە.” ئەوینداری ڕاستەقینە بەرگەی ئەم دژوارییە دەگرێت.
ئەم کتێبە گەشتێکی ئەویندارانەیە بە ژیانی ژمارەیەک نووسەر و بیرمەندی زۆر، کە خوێنەر بە لایەنی ئەوینداری ئەو نووسەر وبیرمەندانە ئاشنا دەکات، لێرەدا ناتوانین چیرۆکی ئەوینداری و بۆچوونی تەواوی بیرمەندەکان بنووسینەوە، بەڵام لێرەوە داوەتتان دەکەین بۆ خوانێکی خوێندنەوەی ئەویندارانە، لە ژیانی بیرمەندانێک کە ساڵانێکە پێیان ئاشناین و زانیومانە بیرمەندی سەرکەوتوون، بەڵام نەمانزانیوە لەگەڵ ئەو سەرکەوتنەدا کەچی لە ئەوینداریدا شکستخواردوو بوون.
