ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر، خەڵکی هەولێر چۆن خۆیان لە لافاو پاراست و جێگەی شاریان بۆ شوێنی ئێستای قەڵات گواستەوە؟ لە تازەترین توێژینەوەی شوێنەوارناسی کورد، دکتۆر دڵشاد زاموا، کە بۆ (هەولێر) ناردووە، لە سەرەتادا نووسیویەتی کە مێژووی ژیان و ئاوەدانی لە شوێنی ئێستای شاری هەولێری ئازیزدا حەوت هەزار ساڵە؛ بەڵام دوو هەزار ساڵی سەرەتای ئاوەدانییەکە لەم شوێنەی ئێستای قەڵاتی هەولێر نەبوو، بەڵکو دوو کیلۆمەترێک خوارتر و لەسەر شوێنێکی تەختی چەند مەتر بەرز دروست کرابوو.
ئەوە بوو بە درێژایی سەردەمی کەلتووری حەلەف (٤٩٠٠-٤٥٠٠ پ.ز.)، کەلتووری عوبەید (٤٥٠٠-٣٥٠٠ پ.ز.) و کەلتووری ئورووک (٣٥٠٠-٣٢٠٠ پ.ز.) ئەم ئاوەدانییە بەردەوام بوو و فراوان بوو؛ خانوو، پەرستگە و تەنانەت کۆڵانەکانیشیان خشتڕێژ کرد و ئاوەدانییەکی درەوشاوەی سەردەمی خۆیان دروست کرد. بەڵام لەناکاو، لە دەوروبەری ساڵی (٣٢٠٠ پ.ز.)، خەڵکەکەی ئەم ئاوەدانییەیان بەجێهێشت و ڕوویان کردە ئەوبەری چەمەکەی سێتاقان، چوونە سەر ئەو گرد و بەرزاییە سروشتییەی کە وەک دوورگەیەکی لە لافاو پارێزراو وابوو، کە دەکاتە شوێنی قەڵاتی ئێستا.
ئەو شوێنەوارناسە دەشڵێت کە ئەوانەی شارەزای قەڵات و دەوروبەرین دەزانن لە ڕۆژهەڵاتەوە، ئاوی هەموو بەرزاییەکانی ڕۆژهەڵاتی قەڵات هەر لە دوورەوە دێت و ڕوودەکاتە چەمی سێتاقان، پاشان بە شوێنی ئێستای بازاڕی نیشتمان و تەنیشت گۆڕستانەکەدا دەگەیشتە ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی جوولەکان (تەعجیل) و دواتر دەچووە شیوەکەی لای منارەی چۆلی. لە دیوی ئەودیوەوە، شیو و چەمە وەرزییەکان لەگەڵ ئاوی کارێزەکان لە شوێنی شەقامی ٣٠ مەتری و لە خۆرئاوای شەقامی پزیشکان بەرەو خوار دەڕۆیشتن. بەم شێوەیە شوێنی قەڵات و دەوروبەری گرد و تەپۆڵکەی سروشتی بوون و ئێستاش پارێزراوترین شوێنی ئەو دەشتە بوون لە مەترسیی لافاوی لەناکاو. بەمەش ڕوون دەبێتەوە کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر خەڵکی ئەم شارە دێرینە، لە گەلی سووباری و خوڕییەکان، چۆن خۆیان لە لافاو پاراستووە.
لە ئێستادا مەترسییە گەورەکە ئەوەیە شوێنی هەموو شیو و چەمەکان کراون بە خانوو و پڕۆژە، هەروەها شەقامە گەورە بازنەییەکانی دەوروبەری شار بەرز کراونەتەوە، بە جۆرێک کە بوونەتە دیوارە بەنداوی ترسناک بۆ کۆکردنەوە و ئاڕاستەکردنی ئاوی باراناو و لافاوی گەورە. بەداخەوە ئەوەش دوو هۆکارە سەرەکییەکەی لافاوەکە بوون.
دەبێت نەوەیەک دروست ببێت کە کوردانە پەروەردە بکرێت و هەر شار و لادێیەکی کوردستان بە خاک و موڵکی خۆی بزانێت. لە ئێستادا درزی نێوان شارەکان زیاتر بووە؛ سەردەمی پێش ئەحزاب شتێکی تر بوو، کاتێک لافاوەکەی ساڵی ١٩٥٧ی سلێمانی ڕوویدا، زۆرترین بڕی یارمەتی لە شاری هەولێری ئازیزەوە کۆکرایەوە.

