رۆژنامەی ھەولێر

٣٥٩٠ ڕزگاربووی دەستی داعش ئەم مینحەیە وەردەگرن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ دابەشکردنی ھاوکاریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ مانگی ٤ بەسەر ڕزگاربووانی ئێزدی لەدەستی تیرۆرستانی داعش دابەش دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستە چەند شوێنێک بۆ پڕۆسەی دابەشکردنەکە دیاری کراوە.

دابەشکردنی مینحەکە بەپێی خشتەیەکی دیاریکراوە، ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ی بەیانی دەست پێ دەکات تاوەکو کاتژمێر ٢ی دوای نیوەڕۆ بەردەوام دەبێت، ئەمڕۆ لە قەزای شێخان، سبەی دوو شەممە لە خانکێ، سێ شەممە لە کۆمەڵگەی دێرەبوون و ڕۆژی چوارشەممە کە کۆتا ڕۆژە لە کۆمەڵگەی شاریا ھاوکارییەکە دابەش دەکرێت.
ڕۆژی ٢-٧-٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەرنامەی پاڵپشتی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش ڕاگەیێنرا، ٣٥٩٠ ڕزگاربووی دەستی داعش ئەم مینحەیە دەیانگرێتەوە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە سۆنگەی باشترکردنی دۆخی ژیانی ھاووڵاتییانی ئێزدی بەتایبەت ئەو ڕزگاربووانەی لەوەتەی ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن تیرۆرستانی داعش ڕفێندرابوون، بڕیاریدا بە تەرخانکردنی مینحەی مانگانە بۆیان، بەڵێنیشی داوە لەگەڵ باشتربوونی دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان، مینحەکە باشتر دەبێت و پڕۆژە و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشی ڕزگاربووانی ئێزدی دەکرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی لە ھەرێمی کوردستان، لە ئەنجامی ھێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی ٢٠١٤، زیاتر لە پێنج ھەزار کوردی ئێزدی شەھید کران.
بە گوێرەی ئامارەکان، چەکدارانی داعش ٦٤١٧ کوردی ئێزدییان ڕفاند، تا ئێستا ٣٥٩٥ لە ھەر دوو ڕەگەز لە ڕێگەی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی ڕزگار کراون، بۆ ئەوانەی ماویشن کە ژمارەیان ٢٨٢٢ دەبێت بەردەوام کار دەکەن بۆ ئەوەی ڕزگار بکرێن.
لە دوای ھێرشی داعش بۆ سەر شنگال، کوردانی ئێزدی ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون بە گوێرەی ئامارەکان، تا ئێستا بە سەدان ھەزار ئێزدی لە کەمپەکانی دھۆک و ھەولێر ماون.
سەعید جەردۆ، سەرۆکی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: دابەشکردنی مینحەکە ئەمڕۆ یەک شەممە دەستپێدەکات و تاوەکو ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت، سوودمەندان دەتوانن لە سەرجەم نووسینگەکانی بنکەی لالش لە شێخان، کۆمەڵگەی شاریا، ناوچەی خانکێ و کۆمەڵگەی دێرەبوون و بنکەی سەرەکی لالش، پاداشتەکانیان وەربگرن بەپێی ئەو خشتەی دیاری کراوە.
سەعید جەردۆ، ئاماژەی بەوەشکرد، مینحەکە گرنگییەکی زۆری ھەیە و کاریگەرییەکی زۆر باشی لەسەر ژیان و گوزەرانی ڕزگاربووانی دەستی داعش دەبێت.