رۆژنامەی ھەولێر

حکوومەتی هەرێم بەبێ جیاوازی خزمەتگوزارییەکانی گەیاندووەتە سەرجەم ناوچەکان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حەوت ساڵ بەسەر دامەزراندنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی تێدەپەڕێت، لەو ماوەیەدا ژێرخانی ئابووری، دیجیتاڵی و خزمەتگوزاریی ھەرێم گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەسەردا ھاتووە و زیاتر لە ٢٢.٧ ملیار دۆلار لە پڕۆژە جیاوازەکاندا وەبەرھێنانی تێدا کراوە.

کارنامەی ئەم کابینەیە لەسەر بنەمای چاکسازی و ھەمەجۆرکردنی داھات داڕێژراوە، سەرەڕای قەیرانەکانی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، کابینەی نۆیەمی حکوومەت توانیویەتی لە ھەموو سێکتەرەکاندا پێشڕەوی بکات.
لە ١٠ی تەمووزی ٢٠١٩، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان متمانەی لە پەرلەمانی کوردستان وەرگرت و ھەنگاوەکانی دەستپێکرد، بە ئامانجی خزمەتکردنی ھاووڵاتییان و ڕووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستبەکاربوونی، ھێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەکەی ڕاگەیاند و جەختی لەسەر کۆتایی ھێنان بە گەندەڵی، ئەنجامدانی چاکسازی، سەروەری یاسا، نەھێشتنی نادادی کۆمەڵایەتی کردەوە.
لەو ماوەیەدا سەرەڕای ئاستەنگە سیاسییەکان، تەندروستی و ئابوورییەکان، توانیویەتی یاسای چاکسازی بباتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، کە بەرھەمی ئەم یاسایە بۆتە ھۆی بەدیھێنانی دادپەروی بۆ مووچەخۆران، فەرمانبەران و خانەنشینان، جگە لەوەی بە ھەزاران پڕۆژەی ستراتیژی خراونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و بە جددی ڕووبەڕووی گەندەڵی بۆتەوە.
سەرەڕای قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بەڵام کابینەی نۆیەم ڕژدبوو لەسەر جێبەجێکردنی کارنامەکەی و لە ھەموو کەرت و بوارەکان چاکسازی ئەنجامداوە و ھەنگاوی گەورەی ناوە، لەگەڵ ئەوەشدا دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتییان لە پێشینەی کارەکانی بووە و لە ئاست بەڵێن و متمانەی خەڵکی کوردستاندا بووە.
ھەر بڕیارێک لە ئەنجوومەنی وەزیران بدرێت، بە کۆدەنگی ھەموو فراکسیۆنە بەشدارەکانی ناو حکوومەت دراوە، بەگوتەی بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکان و ئەندامانی کابینەکە، کابینەی نۆیەم زۆر بەژیرانە توانیویەتی بەسەر کێشەکاندا سەر بکەوێت و پڕۆژەی چاکسازی بکاتە یاسا و بخاتە واری جێبەجێ کردنەوە بۆ ئەو قۆناغەش زۆر گرنگ بوو، ٢٧٣ قوتابخانە دروست کراون، زیاتر لە ٣ ھەزار قوتابخانەش نۆژەن کراونەتەوە، جگە لەوەی ئێستا ٢٠ قوتابخانەی تر لە پرۆسەی دروستکردندان، کابینەی نۆیەم بەسەر کۆرۆنادا سەرکەوت، لە بەرنامەی کابینەی نۆیەم ھەموولا ھاوڕا بوون لە زیادکردنی سەرچاوەکانی داھات، لەو چوارچێوەیەدا یەکێک لە سێکتەرەکان بڕیاردان بوو لەسەر کەرتی گەشتوگوزار و کردنی بە سەرچاوەی سەرەکی داھات، ئەمەش جۆرێک بەرپرسیاریەتی خستە سەرکۆی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بۆ ئەم بابەتە، ھەروەھا لە بواری ڕێگەوبان لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا ٨١٠ پڕۆژەی جۆراوجۆری ڕێگەوبان بە گوژمەی ترلیۆنێک و ٥٧ ملیار دینار لەسەر داھاتی ناوخۆ جێبەجێ کراون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکوومەتی فیدراڵ لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە ھیچ پاڵپشتییەکی دارایی بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی ھەرێم نەناردووە، کارکردنیش لە چەندین پڕۆژەی ستراتیژی دیکە بەردەوامە، جگە لەوەی لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا سۆران و زاخۆ، بوونە ئیدارەی سەربەخۆ، چەندین ناحیە بوونە قەزا، ئەوەش بووە جێگەی خۆشحاڵی ھاووڵاتییانی ئەو ناوچانە، چونکە لەو ماوەیەدا پڕۆژەی زیاتر پێشکەش بەو ناوچانە کراوە.
کابینەی نۆیەم، پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستانی بردە نێو ناوەندی بڕیار و پرۆسەی حوکمڕانییەوە، بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان وەزیرێکی ھەرێمی تایبەت کرد بە کاروباری پێکھاتەکان، ئێستا پێکھاتەکان ھەر پڕۆژە و پێشنیازێکیان ھەبێت لەڕێگەی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان دەگەیەنن بە ئەنجوومەنی وەزیران، بە گوتەی پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان کە بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” قسەیان کردووە، حکوومەتی ھەرێم، بەتایبەتی سەرۆکوەزیران ئەوەی لە دەست ھاتووە بۆ پێکھاتەکانی کردووە، لە ھەر پڕۆژە و پێشنیارێک کە لە بەرژەوەندی ئێمەدا بێت پشتگیری ئێمەی کردووە، لە ھەرێمی کوردستان تەواوی مافەکانمان پارێزراون، ئەمە لە کاتێکدایە لە عێراق بەردەوام پێکھاتەکان پشتگوێ دەخرێن، دەربەدەر دەکرێن، دەکوژرێن و ھیچ مافێکیان نییە.
شارەزایانی بواری ئابووری، دەڵێن، مەسرور بارزانی، ھەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی حکوومەت بەڵێنی دا کابینەی نۆیەم کابینەی چاکسازی بێت، بەورە و ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە ڕووبەڕووی ھەموو ئەو کێشانە ببێتەوە کە لەبەردەمیدا ھەن، بەرنامەی کابینەی نۆیەم لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی ھاووڵاتییاندا بوو، وەکو ئێستا دەبینین بەرھەمی کابینەکەی دیارە، ئەوەی لە توانایدا بووە کردووە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی توانیویەتی لە ئاستی نێودەوڵەتی پێگەی ھەرێم بەرز بکاتەوە، ئێستا زۆربەی وڵاتان ئارەزووی ئەوە دەکەن پەیوەندییەکی بەھێزیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەبێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، لە کابینەی نۆیەم چاکسازی وەک پرسێکی سەرەکی کاری لەسەر کراوە، لە حەوت ساڵی ڕابردوودا بە جددی کار لەسەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کراوە، کەمکردنەوەی ڕۆتین و لابردنی مووچەی نایاسایی و بەدیھێنانی یەکسانی لە مووچە و ئیمتیازەکان کەمکردنەوەی ڕۆتین و چاکسازی لە خاڵە سنووریەکان، برەودان بە ژێرخانی وەبەرھێنان، کشتوکاڵ، پیشەسازی، کۆی سێکتەرەکان و بە ئەلیکترۆنی کردنی کاروبارەکان و دابەزاندنی دەستەڵاتەکان، بۆیە ئەوەی کابینەی نۆیەم لەو حەوت ساڵەدا کردوویەتی، زۆر بە ئەرێنی لەلایەن خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە لێک دەدرێتەوە پێشوازی لە بریارەکانی سەرۆکی حکوومەت دەکەن بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی و چاکسازی کردن لە دامەزراوەکانی حکوومەت.
نزار جەبار، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” گوتی: کابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەکاربوونی توشی ھەلومەرجێکی دژوار بووەوە، ئەگەر ھەر کەسێکی دیکە سەرۆکایەتی ئەم کابینەیەی کردبایە، نەیدەتوانی ئامانج و پەیامەکەی بگەیەنێت، بەڵام مەسرور بارزانی، بە خۆڕاگرییەکی زۆر و بڕوایەکی قوڵەوە، توانی بەردەوام بێت لە کاروانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری. ئەو مامۆستایە، دەشڵێ: کابینەی نۆیەم دەستی بۆ زۆر مەلەفی ھەستیار برد، لەگەڵ ئەوەی چاکسازی کرد، ڕووبەڕووی ھەموو جۆرە گەندەڵییەکی دارایی و کارگێڕی بووەوە و ڕێگربوو لە بەھەدەردانی سامانی گشتی، چاکسازی لە سیستەمی باجی کرد و دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیر کرد و ھەموو ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕی گیراوەتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە، دەوامی ڕێکخستەوە، کاری کرد بۆ نەھیشتنی ڕووتین و خێراکردنی ڕاپەراندنی ئیش و کاری ھاووڵاتییان، لەگەڵ ئەوەی بە ھەزاران پڕۆژەی جێبەجێ کردووە، پڕۆژەکانیش لە ھەموو شاروشارۆچکەکان بوونە، بۆیە بە ھەموو پێوەرێک کابینەی نۆیەم سەرکەوتوو بووە.
محەممەد سەعدون، شارەزای بواری ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ئاشکراشی کرد: دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت چەندین جار سەردانی بەغدای کرد، بەم دوایانە لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ، بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی سەردانی بەغدا کردەوە و نیازپاکی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان لەگەڵ بەغدا دووپاتکردەوە، حکوومەتی ھەرێم دەیەوێت بە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی تەواوی کێشەکان چارەسەر بکرێن، ئەوەش ئەوەدەگەیەنێت لەو کابینەیەدا کێشەگەلێک چارەسەر کران و چەندین بەربەستیش پووچەڵکراونەتەوە.