لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی گەورە و ستراتیجیی لە کەرتی کشتوکاڵدا ناوە، تەنیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 2% قەبارەی وەبەرهێنان گەشەی كردووە و بە تێكڕا لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، ئەم ڕیژەیە لە 1.8%ـەوە بۆ 12% بەرز بووەتەوە.
قۆناغی نوێ لە پەرەپێدانی سایلۆکان
بۆ پاراستنی گەنم و بەرهەمی ناوخۆیی، پڕۆژەی دروستکردنی 4 سایلۆی نوێ، كە هەریەكەیان توانای کۆگاکردنی 40,000 تۆن گەنمیان یان هەیە و تێكڕا دەكاتە 160 هەزار تۆن گەنم و بە گوژمەی 84 ملیار دینار جێبەجێ کراون، سایلۆی قوشتەپە لە هەولێر بە گوژمەی 21 ملیار، سایلۆی کەلار لە سلێمانی بە گوژمەى 20 ملیار، سایلۆی ڕۆڤیا لە دهۆک بە گوژمەى 17 ملیار وسایلۆی هەڵەبجە بە بەهاى 28 ملیار دینار دروست كراون.
هەروەها لە پلانی حکوومەتدایە چەند سایلۆیەكی دیكە لە دهۆک، زاخۆ، کفری، کۆیە و هەریر دروست بكات و بەمەش ئاسایشی خۆراك و پاراستنی بەرهەمی دانەوێڵە، دەچێتە قۆناغێكی نوێ و سەقامگیرترەوە.
گەشەی کەرتی پیشەسازی و بازرگانیی کشتوکاڵی
لە چوارچێوەی گەشە و پاراستنی ئاسایشی خۆراكدا 13,943 کۆمپانیا، 1,341 کارگەی جۆراوجۆری پیشەسازی و 30,000 خانووی پلاستیکی بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومی كشتوكاڵی لە وەرزە جیاوازەکاندا و 319 کۆگای ساردکەرەوە بۆ پاراستنی بەرهەمەکان دروست كراون.
تێكڕای ئەم گەشەسەندنە وایان كردووە بەروبوومی جووتیاران و بەرهەمی کارگە ناوخۆییەکانی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق بنێردرێت، کە قەبارەکەی بە سەدان هەزار تۆن مەزەندە دەکرێت، هەروەها بۆ یەکەمینجار بە دەیان هەزار تۆن بەروبوومی جووتیارانی کوردستان، هەناردەی بازاڕەکانی کەنداو و جیهان کرا.
هەرێمی کوردستان هەنگاوەكانی بەرەو خۆبژێوی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەکردن خێراتر كردووە و ئەمەش داهاتوویەکی گەشتر بۆ جووتیاران و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان مسۆگەرتر دەکات.

