ڕائیب جادر – هەولێر
کەیفی مستەفا عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری ھەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: سەرووی شەش ھەزار پێگەی شوێنەواری لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کراون، ئەگەر تەواوی خاکی کوردستان ڕووپێوی بۆ بکرێت ژمارەی پێگەی شوێنە شوێنەوارییەکان دەگاتە سەرووی دە ھەزار شوێنەوار. دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێم ستراتیژێکی بەھێزی ھەیە بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان و ساڵانە چەندین تیمی بیانی دێنە ھەرێمی کوردستان و کاری کنە و پشکنین بۆ شوێنەوارەکانی کوردستان دەکەن و شوێنەواری نوێ دەدۆزنەوە.
حکوومەتی ھەرێم بەپێی ئەو پلانەی کە دایناوە ناوچە شوێنەوارییەکان نۆژەن دەکاتەوە و بایەخی زیاتریان پێ دەدات، ئەوەش بۆ زیاتر سەرنج ڕاکێشانی گەشتیارانە. بەرپرسانی شوێنەواریش لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێن، پلانمان ھەیە گرنگی زیاتر بە پێگە شوێنەوارییەکان بدەین، بەتایبەتی لەڕووی گەشتیارییەوە، چونکە شوێنەوار ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ سەرنج ڕاکێشانی گەشتیاران.
ساڵانە نزیکەی ٣٠ تیمی شوێنەواری بیانی دێنە ھەرێمی کوردستان و کار دەکەن، کارەکانیشیان دوو جۆرە، ھەندێکیان بەردەوامن لە گەڕان و ھەڵکۆڵینی شوێنەوار، کە ئەمەیان ١٠ بۆ ١٥ ساڵ دەخایەنێت. شوێنەوار لە ھەرێمی کوردستان و لە تەواوی جیھانیش ڕەگەزێکی سەرەکی کەرتی گەشتیارییە، ھەرێمی کوردستانیش خۆشبەختانە بەو پێیەی کە لانکەی شارستانیەتە خاوەنی ھەزاران شوێنەوارە ئەوەش وای کردووە سەرنجی گەشتیارانی نێودەوڵەتی بەتایبەتی بۆ خۆی ڕابکێشێت، حکوومەتی ھەرێم خودی سەرۆکی حکوومەت گرنگییەکی زۆری بە شوێنەوار داوە ھەوڵ دەدرێت بەشێک لەو شوێنە شوێنەواریانە بە گەشتیاری بکرێن، واتە خزمەتگوزاریان بۆ دابین بکرێت، تاکو گەشتیاران لە کاتی سەردانیکردنیان ھەم ئاسانتر بگەنە ئەو شوێنانە، ھەمیش کە چوونە ئەو شوێنانە خزمەتگوزاریە سەرەتاکانی لێ بێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە سەردەمی کابینەی نۆیەم نزیکەی ھەزار پڕۆژەی ڕێگەوبان ئەنجام دراون کە بەشێکیان ڕێگەی سەرەکی بوونە لە دەرەوەی شارەکان، ھەروەھا ڕێگەی لاوەکیش بۆ ھەندێک شوێن چووە ئەوەش وای کردووە گەشتیاران ئاسانتر دەستیان بگات بە ھەندێک لە شوێنەوارەکان.
کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم، گوتی: ئێستا لە ھەرێمی کوردستان شەش ھەزار پێگەی شوێنەواری ھەن، ئەمە لە کاتێکدایە ٤٥% ڕووپێوی شوێنەواری کراوە و ٥٥% خاکی کوردستان ماوە، ئەوەش ئەو ناوچانەن کە کێشەیان لەسەرە، یان ناوچەی سنوورین، ھەندێک جار بەھۆکاری سیاسی، یان بەھۆکاری بوونی ھەندێک گرووپ کە ھۆکارن پشکنین بۆ ئەو شوێنانە نەکرێت تیمەکانمان نەچوونەتە ئەو ناوچانە، ئەگەر تەواوی خاکی ھەرێمی کوردستان ڕووپێوی بۆ بکرێت ژمارەی پێگەی شوێنە شوێنەوارییەکان دەگاتە سەرووی دە ھەزار شوێنەوار، لە ھەمان کاتدا لەوانەیە بەڵگەی شوێنەواری گرنگترمان دەست کەوێت ئەوەش بسەلمێنێت کە کوردستان شوێنێکی گرنگی میزۆپۆتامیا و زاگرۆسە کە سەرەتای شارستانییەت لە ھەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: تا ئێستا ھیچ تیمێکی بیانی نەگەڕاوەتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەوەش بەھۆی ئەو شەڕ و ئاژاوەی کە لە ناوچەکە ھەیە، بەڵام پێدەچێت لە مانگی حەوت چەند تیمێک بگەڕێنەوە، بەڵام وەک سەردان و بەسەرکردنەوەی شوێنەکان ئێستاش چەند کەسێکی بیانی بەتایبەتی ئیتالی لە ھەرێمی کوردستانن، بەتایبەتی لە پارێزگای دھۆک کاری سیانە دەکەن، لەگەڵ ئەوەی لە کاتی گەڕان و پشکنین چەند شوێنەوارێکیان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سێ ھەزار ساڵ پێش ئێستا، ئەمەش بەڵگەیەکی مێژوویی زۆر گرنگە بۆ دھۆک و ھەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری ھەرێم، گوتی: بەھۆی ئەنجامدانی پڕۆژەی زۆر لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، ھەموو کارمەند و شوێنەوارناسانی خۆمان لە کاردان تا بتوانین ئەو شوێنە شوێنەواریانەی کە دەکەونە بەر پڕۆژەکان بپارێزین، بۆیە حکوومەتی ھەرێم ئەوەی پێویست بێت کردوویەتی بۆ ئەوەی شوێنەوارەکان پارێزراو بن و لەناو نەچن، بۆ ئەو مەبەستە ھەنگاوی پێویستیش نراوە، ئەگەر ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار وەرنەگیرێت پڕۆژەی نوێ لەو ناوچانە ناکرێت کە شوێنەواری لێیە، کاری کنە و پشکنین دەکەوێتە سەر بودجەی ئەو پڕۆژەی کە لەو شوێنە دەکرێت، بۆ دەبێت لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە بودجەی کاری کنە و پشکنین بۆ شوێنەوارەکە بگرێتە ئەستۆی خۆی، بۆیە کاری زۆر باش کراوە، لە دەرکردنی یاسای شوێنەوار بگرە تا دەگاتە ڕێنمایی شوێنەوار، ھەتا دەیان شوێنی شوێنەواری نۆژەنکراونەتەوە کە بە درێژایی مێژووی شوێنەواری کوردستان کاری وا نەکراوە، لە داھاتووشدا زیاتر گرنگی بە شوێنەوار دەدرێت، بۆیە ئەمە بەرەو پێشچوونێکی زۆر باشە لە بواری شوێنەواری ئێستا تیمەکانی خۆمان گەیشتوونەتە ئەو ئاستە کە دەتوانن بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵ کاری شوێنەواری ئەنجام بدەن، ئەوەش یەکەمجارە شتی وا لە کوردستان بکرێت.
کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: ئێستا تێگەیشتنێکی گشتی و ڕۆشنبیرییەکی شوێنەواری لای ھاووڵاتییان پەیدا بووە، بۆیە باشتر لە جاران شوێنەوارەکان دەپارێزن، بەڵام ھێشتا لە ئاست تموحی ئێمەدا نییە، چونکە لێرە و لەوێ زێدەڕۆی دەکرێتە سەر ھەندێک لە شوێنەوارەکان، بەڵام ڕێکاری یاسای بەرامبەر بەو کەسانە گیراوەتەبەر کە زێدەڕۆیان کردووەتە سەر شوێنەوارەکان، یان ئەو کەسانەی بازرگانیان بە شوێنەوارەکان کردووە و زیانیان پێ گەیاندووە، ئەو کەسانە دراونەتە دادگە و بەپێی یاسای شوێنەوار مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، بۆ ئەوەی ئەوەش نەمێنێت زیاتر پێویستمان بە ھاوکاری و ھەماھەنگی پشتیوانی خەڵکی کوردستانە، چونکە ئەمە موڵکی گشتییە و پاراستنی بریتییە لە پارێزگاری کردن لە مێژوو و ناسنامە و ڕابردوومان، ھەروەھا میراتی کەلەپووری باو و باپیرانمان لەبەر ئەوە ئەرکێکی ئەخلاقی، نیشتمانی و مرۆڤایەتییە، بۆیە دەبێت ھاووڵاتییان بابەتی شوێنەوار بە ھەند وەربگرن و بپارێزن.
دەربارەی ئەو بەفر و بارانەی ئەمساڵ ناوچە جیاوازەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە تا چەند زیانی بە شوێنەوارەکان گەیاندووە، کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپوری ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، گۆڕانی کەشوھەوا و ئەو بەفر و بارانە زۆرەی ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان باریوە زیانی بە بەشێک لە خانوو و شوێنەوارەکانی دیکە گەیاندووە، کە تەمەنی بەشێک لەو شوێنەوارانە بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەگەڕێتەوە.

