بڕوا ناکەم، ئیدی شانۆنامە بنووسرێت، ئەو ئاستە بڵندەی هەبێت کە شاکارەکانی شەکسپیر هەیانبوو. گومانم هەیە، شاعیرێک پەیدا ببێت، بەو مەزنییەی مەولانا جەلالەددینی ڕوومی. لەوە ناچێت، ئەدیبانی گەورەی لە چەشنی گۆتە، یان هۆگۆ دووبارە ببنەوە. ئیدی نە عەرەب، نیزار قەبانییەکی تر بە خۆیەوە دەبینێت، نە فارس ئەحمەد شاملوویەکی دیکە.
کات ئەوەندە بە خێرایی دەڕوات، گۆڕانکارییەکان هێندە کوتوپڕ روو دەدەن، ئیدی وەخت نەماوە بۆ ئەوەی لێ بگەڕێین، شیعرێک تەواو پێ بگات، ئینجا بڵاوی بکەینەوە. چ سەردەمێکە تێی کەوتووین، پەخش هێندە ئاسان بووە، ئەوی خوێنەرێکی تەواویش نییە، خۆی لێ بووە بە نووسەر و بۆیشی دەست دەدات. ئەو خەڵکە بێ ئەوەی لە ئەلفوبێی هونەری گێڕانەوە بزانن، ڕۆمان چاپ و بڵاو دەکەنەوە! بێ ئەوەی هیچ شارەزایییەکیان لەبارەی تەکنیکگەلی شیعرەوە هەبێت، دیوان دەخەنە بازاڕەوە! ڕەخنەگرانێکی وا سەریان هەڵداوە، پێیان وایە هەڵسەنگاندنی ڕۆمان، بریتییە لە کورتکردنەوەی!
ئەوە ئاسانە دیوانێک بڵاو بکەینەوە، عەوام پێی سەرسام بێت، یان ڕۆمانێکی ئەستوور بنووسین، کۆلکەخوێنەر ستایشی بکات. ئەوە گرنگ و گرانە، شیعرێک بهۆنینەوە، هەڵبژاردە تووشی سەرسووڕمان بکات، ڕۆمانێک لەدوای خۆمانەوە جێ بهێڵین، نەمر بێت، وەک (سەرکۆمار)ی ئەستووریاس کە بە هۆیەوە، چی دیکتاتۆری دنیا هەیە، دەیانناسینەوە، یان وەک (زۆربا)ی کازانزاکی کە هەم دەربڕی ویژدانی کۆ بێت و هەم تاک خودی خۆی تێدا ببینێتەوە.
بۆچی نووسەری عەرەب کە بە عەرەبی دەنووسن، وەک ئەوە وایە لە کوولەکەی تەڕدا بانگ بدەن؟ بەڵام کە بە فەرەنسایی دەنووسن لەسەر ئاستی دنیا هەرا دەنێنەوە؟ چونکە عەرەبی زمانێکە دیلی دەستی دابونەریتی سەردەم بەسەرچوو، زمانێکە کەوتووەتە بن هەژموونی ئایینەوە، زمانێکە لە زیندانی سانسۆردا گیری خواردووە و زمانێکە لێ ناگەڕێت نووسەر بوێر و ئازاد بێت. هەر زمانی عەرەبی وا نییە، هەر زمانێک میللەتەکەی بە دەست ئایینەوە زەلیل بێت، زمانەکەیشی دیلە. ئەگەر ئەمین مەعلووف، یان تاهیر بن جەللوون بە عەرەبی، نەک فەرەناسیی ڕۆمانیان نووسیبا، هەنووکە دوو نووسەری نەناسراو دەبوون. هەرچەندە ئەمە بەو مانایە نییە، هەر عەرەبێک بە فەرەنسایی بنووسێت، ناوبانگ پەیدا دەکات.
ئەوی (کوندەپەپووی کوێر)ی سادق هیدایەتی نەخوێندبێتەوە، لە ڕۆمانی (پەیکەری ئازاد)ی عەباس مەعرووفی تێناگات. ئەوی (نامۆ)ی کامۆی نەخوێندبێتەوە، لە ڕۆمانی (بەگژداچوونەوەی نامۆ)ی کامیل داوود حاڵی نابێت. پێم وایە نووسەری مەزن، ناچێت بە ڕۆمانێکی نوێ، وەڵامی ڕۆمانێکی کۆن بداتەوە، یان ڕۆمانێک بە کۆمەکی ڕۆمانێکی دیکە بنووسێت. چونکە نامۆی کامۆ و کوندەپەپووی کوێری سادقی هیدایەت، دوو شاکارن، هەق نییە نووسەران خۆیان لە قەرەیان بدەن، ئاخر ئەو دوو بەرهەمە، دوو لوتکەی بڵندن و وەک مەحاڵ وایە، نووسەرانی دیکە بتوانن هێندە بەرز بفڕن.
بۆچی ئەستووریاس، نۆبێڵی لەسەر ڕۆمانی سەرکۆمار وەرگرت؟ چونکە هەر ئەدیبێکی خەیاڵفراوانی شارەزای تەکنیکی گێڕانەوە نەبوو، شاعیرێکی بەهرەمەند و ڕۆژنامەنووسێکی لێزانیش بوو، لەوانەی بەوپەڕی وردبینییەوە دەنووسن و نە وشەیەکی زیادە بە نووسینیانەوە دیارە و نە وشەیەک بە خەسار دەدەن. وا باوە شاعیران بڵێن: قژی زەردی دەڵێیت خۆرەتاوە، یان قژی ڕەشی لە شەوەزەنگ دەچێت، بەڵام ئەستووریاس، ئەو وێنە سواوانە ناڵێتەوە، بەڵکوو دەبێژێت: قژی لە ئاگری ڕەش دەچوو! کە ئەو وێنەیە بۆ ڕامان هانمان دەدات. ئەستووریاس لە سەرکۆماردا، ئەو دیرۆکە دەگێڕێتەوە کە هەرگیز مێژوونووسانی دەربار، ناوێرن خۆیان لە قەرەی بدەن.
ئیسابێل ئالەندێ کە وەک ڕۆژنامەنووسێک،هەڤپەیڤینێک لەگەڵ (پابلۆ نێرودا)دا ساز دەکات، نێرودا پێی دەڵێت: (تۆ خاوەنی خەیاڵێکی فراوانیت، هەقە بچیت ڕۆمان بنووسیت، حەیفە ڕۆژنامەنووس بیت.) ئالەندێ کە دەست بە نووسینی ڕۆمان دەکات، بە جۆرێک وشە لە ناخییەوە هەڵدەقوڵێن، ترسی ئەوەی لێ دەنیشێت، ئەگەر ڕێیان لێ بگرێت و نەیاننووسێت، ڕەنگە بخنکێت، ئیدی دەبێتە یەکێک لەو ڕۆماننووسانەی بەشداریی لە جوانکردنی دنیادا دەکەن. سڤێتلانا ئەلێکسیڤیچ کە ٢٠١٥ نۆبڵی لە ئەدەبدا وەرگرت، زیاتر ڕۆژنامەنووس بووە، وەک لەوەی ئەدیب بێت، بەناوبانگترین بەرهەمەکانی ڕاپۆرتی هونەریین لە بارەی جەنگ و کارەساتی چێڕنۆبڵ و ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە. ڕۆژنامەنووسی وەڵاتان هێندە لێهاتووە، بەرزترین خەڵاتی ئەدەبی وەردەگرێت، هی لای ئێمەیش زۆربەیان، توانای داڕشتنی هەواڵێک بە زمانێکی دروست شک نابەن.
(ئەگەر نەنووسم، دەمرم.) ئەوە قسەی دەستۆییڤسکییە کە هێشتا لەسەر ئاستی دنیا، ڕۆماننووسێک پەیدا نەبووە، لەوی تێپەڕاندبێت. نازانم ئەوە لووتبڵندییە یان بێویژدانی، کە پێی وابووە، تۆلستۆی خاوەنی بەهرەیەکی هێندە گەورە نەبووە، بەڵام ئەوەندە بە بەلزاک سەرسام بووە، لەبارەیەوە گوتوویەتی: (خاوەنی زیرەکییەک بووە، ڕەنگە لە گەردووندا دووبارە نەبێتەوە، بەلزاک هەر ڕۆحی سەردەمی خۆی نەبووە، ڕۆحی هەموو سەردەمەکان بووە، یان دروستتر ڕۆحی مرۆڤایەتی بووە.)

