رۆژنامەی ھەولێر

گۆڤاری هەردەم (دووەمین دیداری هەردەم)ـی لە شاری سلێمانی ساز کرد

دوێنێ، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی، یاریدەدەری مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین ـی پ.د.ک، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری پێشووی هەڵەبجە، د. نیاز نوری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندان، و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران، ڕۆشنبیران، میدیاکاران، ڕۆژنامەڤانان، ئەدیبانی شاری سلێمانی، گۆڤاری هەردەم(دووەمین دیداری هەردەم)ـی لە شاری سلێمانی ساز کرد.

سەرەتای دیدارەکە، بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد) دەستی پێ کرد.
لە سەرەتادا وتاری بەخێرهاتن لەلایەن (شیلان زەنگەنە)، سەرنووسەری گۆڤاری هەردەم پێشکەشکرا.
پاشان (د. هەڤاڵ ئەبوبەکر)، پارێزگاری سلێمانی وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانان و ئامادەبووان، دەستخۆشییەکی گەرمی لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن کرد بۆ ئەم هەنگاوە گرنگە و ڕێکخستنی ئەم جۆرە دیدارانە لە شاری سلێمانی.
دواتر، د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک وتارێکی پێشکەشکرد و گوتی:
ئەو ڕۆژەی کە یەکەم بەردی بناغەی ئەم گۆڤارە لە شاری سلێمانی دانرا، لەوێ باسی ئەوەمان کرد کە ئێمە نێوپێچی چارەسەری کولتوورین، ئەوەبوو گۆڤارەکە لە گۆڤارێکی وەرزییەوە پێی گرتبوو بە گۆڤارێکی دوو مانگی و لە گۆڤارێکی دوو مانگییەوە بوو بە گۆڤارێک و کۆڕی مانگانە و وەرزانە، پاشان خەونەکان گەورە بوون و یەکەمین دیداری هەردەم هەر لێرە و لەم هۆتێل و لەم شارەدا پێی گرت، جارێکی تر لەوێش بەڵێنمان بە ئێوەی خۆشەویست و خوێنەرانی هێژای گۆڤاری هەردەم دا کە دەکرێ بە توانای ئێوە و ئامۆژگاری و ڕێنوێنییەکانی ئێوە بتوانین ئەم گۆڤارە، ئەم دیدارە، ئەم جڤین و کۆبوونەوە و کۆڕ و یەکتربینانە بەردەوام بکەین.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، لەمیانەی قسەکانیدا، گوتی: خۆشحاڵین ڕۆژێکی گرنگ لە نێو گفتوگۆی گرنگ لە شارێکی گرنگ لە قۆناغێکی گرنگ بەیەکەوەین و هیوادارین ئەو دیوار و پردە، لێرە ڕەنگ بداتەوە کە ئێمەش ویستوومانە دیوارەکان ببڕین و پردێک دروست بکەین، بۆیە لە سلێمانیین، لە سلێمانیین بۆ ئەوەی بە هەمووان بڵێین هەولێر و سلێمانی، هەڵەبجە و زاخۆ، پارچەکانی کوردستان بە گشتی یەک خاک و یەک جوگرافیا و یەک مێژوو و یەک قەدەرن، بۆیە هەموو ئەوانەی دەیانەوێ لە نێو ئەم یەک خاک و یەک قەدەر و یەک جوگرافیا و یەک مێژووەدا ئیش بکەن، دەبن بە ئەستێرەی گەشی کوردستان و نیشتمان و بەیانی نەوەکان بە باشی باسیان دەکەن و دەیانخەنە نێو دەفتەری پڕ لە سەروەریی کوردستان.
لە درێژەی بەرنامەی بەشی یەکەمی دیدارەکەدا، دۆکیۆمێنتارییەک لەبارەی کار و کارنامەی گۆڤاری (هەردەم) بۆ ئامادەبووان نمایشکرا، دواتریش چەپکێک گۆرانی ڕەسەنی کوردی پێشکەشکران.
لە دیدارەکەدا سێ پانێڵ پێشکەشکران:
پانێڵی یەکەم بە ناونیشانی (هێزی نەرم، پێویستی و کاریگەرییەکانی)، و پانێڵی دووەمیش لەژێر ناونیشانی (ڕەخنە و جڤاکی کوردی) بوو، پانێڵی سێیەم و کۆتایی تایبەت بوو بە (ژیان، ئەتەکێت و پڕۆتۆکۆڵ).
لە کۆتاییەکانی بەرنامەی (دووەمین دیداری هەردەم)ـدا، چەندین ڕاسپاردە و پێشنیاز کە لەپەراوێزی دیدارەکەدا پێشکەشکرابوون و کۆکرانەوە.
هەروەها ڕێزلێنان و پێزانین پێشکەش بە پانێڵیستەکان کرا.
لە دوماهیدا وێنەی یادگاری گیرا و دوا ژمارەی گۆڤاری (هەردەم) بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا.