ئارام كۆشكی – سلێمانی
کێن ئەوانەی باسی کولتوور دەکەن و دەیانەوێت کولتوور پێش بکەوێت؟ ئایا هەموو بانگەکارێکی نێو کایەی کولتوور دەبێتە خەمخۆری ئەم کایەیە، یان خۆی بەم کایەیەدا هەڵواسیوە؟ گومانم نییە لەوەی بەشێکی زۆر لەوانەی لە ناوەندە کولتوور و ڕۆشنبیرییەکاندا کار دەکەن، کەسانێکن، نەک توانای خزمەتکردنی ئەم کایەیەیان نییە، بەڵکو خۆیان دژە کولتوورن و بۆ دژایەتیکردنی ئەو کایەیە لەوێن، تا ببنە ڕێگر لەبەردەم ئەوانی بە جیدی کاری لەو کایەیەدا دەکەن، یان لە بەهای کارکردن لەو کایەیەدا بهێننە خوارەوە.
کاتێک زیاتر بە سەرنجی وردەوە سەیری هەموو ڕووبەرەکانی کایەکە دەکەین بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە کەم نین ئەو نووسەرانەی جگە لە دژایەتیکردنی کتێب، هیچی دیکەیان لێ چاوەڕوان ناکرێت. کەم نین ئەو موزیکزانانەی ڕقیان لە نۆتەکانە. ئەو نیگارکێشانەش ژمارەیان لە موزیکار و نووسەران کەمتر نییە، کە دژی ڕەنگن و تێکەڵکردنی ڕەنگ بە هونەر بە بینەران دەفرۆشن. سینەماکار و شانۆکاری ساختەش کەم نین، کە توانای کاری هونەرییان نییە، بەڵکو تەنها توانای قسەکردنی بێکۆتاییان لەبارەی سینەما و شانۆوە هەیە (قسەکردن بەێ هیچگوتن). هەر چۆن سەدان بەندبێژیش خۆیان لێبۆتە هونەرمەندە و پێیانوایە بەبێ ئەوان هونەری کوردی کەلێنی گەورەی تێدەکەوێت.
کاتێک لە دیدگایەکی هونەری بەرزەوە سەیری ئەم فیگۆرانەی سەرەوە دەکەین، تێدەگەین هیچ کام لەمانە ناتوانن نوێنەرانی نێو کایەی کولتوور و ڕۆشنبیریی گەلەکەیان بکەن، ئەمانە توانای کولتوورسازییان نییە، بەڵکو بوونەوەرگەلی کولتووربازن. خۆیان بە کایەی کولتوور و ڕۆشنبیرییدا هەڵواسیوە و چەشنی مشەخۆرێک سەریان لەنێو جەستەیدایە تا ئەو دامارانەش لاواز بکەن کە خوێنی گەشیان تێدا ماوە. خاڵێک کە لێرەدا جێگەی ئاماژەیە ئەوەیە کە هەمیشە ئەوانن کە سکاڵایان لە نەبوونی خوێنەر و بینەر و گوێگر هەیە و پێیانوایە کایەی کولتوور و ڕۆشنبیریی لە پاشەکشەی بەردەوامدایە، لەکاتێکدا ئەوە خۆیانن بۆ هەمیشەیی لە پاشەکشەی بەردەوامدان.
هەفتەی پێشوو ڕێکخراوێک لە شاری سلێمانی پانێلێکی بۆ گرنگیدان بە کایەی کولتوور و ڕۆشنبیریی ساز کرد، وەک نیەتی کارەکە جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەوانەی لەوێ قسەیان کرد، هونەرمەند و کەسانی کولتوورساز نەبوون، بەڵکو سکاڵاکاری کولتووریی و کولتوورباز بوون. واتە ئەوە ئەوانن بارن بەسەر کایەی کولتوورییەوە لەم شارە و نەک نایانەوێت بەرەو پێشەوە بچێت، بەڵکو دژایەتی هەر بەرەوپێشچوونێک دەکەن، کە لەم کایەیەدا لەلایەن کەسانی خەمخۆر و شەیدای کایە کولتوورییەکانەوە بکرێت. بێگومان ئەگەر ئەم بەڕێزانە بێدەنگ بن، یان وەکو خۆیان بانگەشە دەکەن کاری خۆیان بکەن، هیچ کام لەو کێشە و ئاستەنگانەی ئەوان باسیان دەکرد نەدەبوو.
خاڵێکی جەوهەری کە لێرەدا بمەوێت پێداگریی لەسەر بکەم ئەوەیە هەر کەسێک کولتووربازبێت، هەمیشە سکاڵاکارە و پێیوایە دەبێت ئەوانی تر کولتوور پێشبخەن، یان دەستی ئەم بگرن تا کولتوور پێش بخات، بەڵام خۆی ئامادە نییە هەنگاوێک بنێت و لەو کایەیەی کاری تێدا دەکات (تەنها) کاری خۆی بکات. بەڵام لە بەرامبەردا هەموو ئەوانەی شەیداییانە لەم کایەدا کار دەکەن هەرگیز سکاڵا ناکەن و سیزیفئاسا بەردی خۆیان بەکۆڵەوەیە و بەرەو شاخەکە بەڕێوەن، بەبێ هیچ سکاڵایەک، چونکە ئەوە سووڕی ژیانی ئەوانە، کە لەنێو ئەو کایەیەدا نەبێت توانای هەناسەدانیان نییە. بەردی کۆڵی هونەرمەند/نووسەر بەردێکی ناچارانە نییە، بەڵکو شێوازێکی ژیانە، بۆیە سکاڵایان نییە، بەڵام بەردی کۆڵی کولتووربازەکان شێوازێکی ناچارانەی ژیانە بۆیە سکاڵایان هەیە.
لێرەدا ڕوونکردنەوەی زیاتری بابەتەکە دەگەڕێنمەوە بۆ ئەزموونی خۆم: من کاتێک دەنووسم بەرلەوەی بۆ هەر شتێک بنووسم بۆ تێگەشتن لە خۆم و نەتەوەکەم دەنووسم، بۆ ئەوە نانووسم دەستخۆشی بچنمەوە و خەڵات بکرێم. دەنووسم، چونکە هەندێک خەم، کەڵکەڵە، ئازار، شادی، یاد، زۆربابەتی تر هەیە ناتوانم نەینووسم. نووسین هۆکاری پەیوەستی زیاتری منە بە ژیانەوە، بۆیە دەنووسم، هەرگیز ناچارانە نانووسم، چونکە ئەمە بەردەکەی منە و ناچارانە بەکۆڵمەوە نییە، بەڵکو ئارەزوومەندانە و شێوازی ژیان و بوونمە کە هەڵمبژاردووە. ئیشکردن لە کایەی کولتووردا دەبێت بەم شێوەیە بێت، دەنا لە بوونەوەرێکی کولتوورسازەوە دەبینە بوونەوەرێکی کولتوورباز.

