دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ سێشەممە 2026.9.15، لەچوارچێوەی یەکخستنی هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بە مەبەستی دروستکردنی دەرفەتی نوێ و ئاراستەکردنی وزەی لاوان و گەنجان بەرەو ئاوەدانی و پێشکەوتنی زیاتری هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەشدار بوو لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ( پرۆژە ستراتیژیەتی گەنجان ) كە بەهاوبەشی و هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەی ڕوانگە، ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، ڕێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی ڕێكخرابوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، تیشك خرایەسەر گرتنەبەری ئەم هەنگاوە گرنگ و ستراتیژییە، كە ئامانج لێی داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی گشتگیرە بۆ پەرەپێدانی توانا و پاراستنی مافەکانی لاوان و گەنجان لە هەرێمی کوردستان.
ڕاگەیاندنی ئەم پڕۆژە هاوبەشە لەسەر چەند تەوەر و ئامانجێکی سەرەکی کار دەکات، لەوانە کارکردن لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەیی و زانستیی لاوان لە ڕێگەی خولی هاوچەرخەوە بۆ گونجاندنیان لەگەڵ بازاڕی کاردا و دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و ئارام بۆ نەوجەوانان و گەنجان، بە هاوکاریی شارەزایانی نێودەوڵەتی لە کایە جیاوازەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵگەدا.

