رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر …. پەردە لەسەر تابلۆیی سەر دیواری رەوانشاد شاعیرو نوسەرو پێشمەرگەی شاخ( فەرید زامدار) لادرا

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 15.9.2026 لەژێر چاودێری و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، سیروان عوسمان بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و خانەوادەی رەوانشادو کەسایەتی رۆشنبیری ئازاد جوندیانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و شاعیران، لە رێورەسمێکدا پەردە لەسەر تابلۆیی سەر دیواری رەوانشاد شاعیرو نوسەرو پێشمەرگەی شاخ( فەرید زامدار) لادرا.

لە چوارچێوەی ئەم ڕێزلێنانەدا، بە مەبەستی ڕێزگرتن لە ژیان و بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکانی فرید زامدار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر یادەوەری و وێنەی ئەو زاتەی لە یەکێک لە شوێنە دیارەکانی شاری هەولێر شەقامی شەست مەتری نەخشاند، تاوەکو ناوی ئەم شاعیر و نووسەرە و خزمەتەکانی بۆ ئەدەب و ڕۆشنبیری، بەشێک بن لە بیرەوەریی کۆمەڵگای هەولێر.

ئەم هەنگاوە، لەگەڵ ئەوەی ڕێزلێنانێکی تایبەتە بۆ کەسایەتی و بەرهەمەکانی فرید زامدار، پەیامێکیشە بۆ گرنگیدان بە میراتی ڕۆشنبیری و هونەری کەسایەتیەکانی شاری هەولێر و پاراستنی بیرەوەری و ناوی ئەو کەسانەی بە قەڵەم و هونەر بەشێکی گرنگیان لە دروستکردنی مێژووی ڕۆشنبیریی هەولێر هەبووە.
شایەنی باسە ئەم تابلۆ هونەریە لەلایەن شێوەکار (بەشدار قادر ) لەسەر دیوار نەخشێندراوە .