رۆژنامەی ھەولێر

زیاتر لە ٩٠%ـی هاووڵاتییانی کوردستان کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێم بڕی سێ ملیار دیناری وەک داشکاندن بۆ ھاوبەشان کردووە، لە ھەمان کاتدا وەزارەتی کارەبا، بەکارخستنی سیستەمی نوێی دیجیتاڵی لە پێنج ناوچەی دیکەی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکیی حکوومەتی ھەریمی کوردستان، لە مانگی چواردا نیوەی ماڵان لە پڕۆژەکە کەمتر لەم بڕانەی خوارەوەیان بەکارھێناوە و بۆیان گەڕاوەتەوە، لیستەکە بەگوێرەی پارێزگاکان بەوشێوەیە، ھەولێر ٥٤٠٠٠ دینار، سلێمانی ٤١٠٠٠ دینار، دھۆک ٥٧٠٠٠ دینار، ھەڵەبجە ٣٥٠٠٠ دینار. ھاوکات لەگەڵ ئەوەش تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە ٩٠٪ی ھاووڵاتییانی کوردستان کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لەڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی.
بەپێی نرخە نوێیەکان، ٨٠٪ی ھاووڵاتییان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، بەردەوام پارەیەکی کەمتر دەدەن لە جاران بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مووەلیدە و کارەبای نیشتمانی.
بەڕاگەیاندنی داتای پسوولەکانی مانگی چوار لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی، کە زۆرینەی ھاووڵاتییان لە مانگی چوار ماوەی خوولی پسوولەکەیان نزیکەی ٤٠ ڕۆژە و نیوەیان ٤٩٠٠٠ کەمتریان بۆ ھاتووەتەوە.
لە ھەمان کاتدا وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، پڕۆسەکە ھۆبەکانی فرۆشیاری وزە لە “گەرمیان، دەربەندیخان، دوکان، چەمچەماڵ و سەیدسادق” دەگرێتەوە و بڕیارە نزیکەی ٢٨٠٠٠٠ ھاوبەشی کارەبا لەم سیستەمە نوێیە سوودمەند بن.
ئەم ھەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتدایە بۆ یەکخستنی سیستەمی فرۆشیاری وزە لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان، سیستەمە نوێیەکە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ھاووڵاتییان دەکات لە ڕایکردنی مامەڵەکانیان، بەتایبەت لە پڕۆسەی پسوولەکردن و پارەدان کە لە ڕێگەی سەکۆی دیجیتاڵی ئی-پسوولە بەشێوەیەکی خێراتر و شەفافتر دەکرێت.
جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە لەو پێنج ناوچەیە دوای سەرکەوتنی پڕۆژەکە دێت لە شار و ئیدارە سەربەخۆکانی “ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، زاخۆ، ھەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران، کۆیە و خەبات”، کە بەشێکی سەرەکییە لە چاکسازییەکانی پڕۆژەی ڕووناکی.
بۆ یەکەم جار لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، دواتر لە مانگی ئایاری ھەمان ساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا بڕیاریدا لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦.