ڕائیب جادر – هەولێر
پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر دۆخی ئابووری و جووڵەی بازاڕ و تەواوی کەرتەکانی تر دەبێت کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە ھەیە، بۆیە پارتی وەک براوەی ھەڵبژاردن پێداگرە لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی حکوومەت، بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نوێ بکرێت، پەرلەمانتارانی پارتی ئامادەن بۆ کۆبوونەوەی کاراکردنەوەی پەرلەمان. سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش، دەڵێت، ھەنگاوی یەکەمی پێکھێنانی حکوومەت کاراکردنەوەی پەرلەمانە. چاودێرانی سیاسییش، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دواکەوتنی کابینەی دەیەم لە بەرژەوەندیی ھەرێم نییە.
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ کرا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکە کە لە لایەن کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ڕاگەیاندرا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەم ٣٩ کورسی بەدەستھێنا. دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن پارتی چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن کردووە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ژمارەی کورسی لایەنە براوەکان بکات، بەڵام زۆرترین کۆبوونەوە و نزیکبوونەوەی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ڕابەرایەتی پێکھێنانی کابینەی نوێ دەکات، چەندین جار ڕایگەیاندووە مەرجی پارتی بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشدار بن لە کابینەی نوێ، بەرپرسیارێتی ڕاستەقینەیە، واتە ھەر لایەنێک لە نێو حکوومەت بێت نابێت لە ژێرەوە خەریکی دژایەتی کردنی حکوومەت بێت و ھەوڵی لاوازکردنی بدات، بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ئەم مەرجەی پارتی لە ئەزموونی کابینەی نۆیەم و کابینەکانی ڕابردووەوە سەرچاوەی گرتووە، کاتێک حکوومەتی ھەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و بەربەستی تر ھاتەوە لایەنە بەشداربووەکان بێ گوێدانە ئەوەی لە حکوومەت بەشدارن وەکو ئۆپۆزسیۆن مامەڵیان لەگەڵ پرسەکاندا دەکرد.
ڕۆژی سێ شەممە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە باس لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان کرا.
ڕۆژی سێشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: ھەنگاوی یەکەمی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کاراکردنەوەی پەرلەمانە، ئەمە کارێکی زۆر لە جێگەی خۆی نییە، تا ئێستا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە، ئێمە لە ڕۆژی یەکەمەوە لەگەڵ ئەوە بووین، پەرلەمان، موڵکی ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستانە ھی ھیچ حزبێکی سیاسی نییە، ھیچ کەسێکیش بۆی نییە ڕێگری لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بکات.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: پەرلەمان شوێنی ئەوەیە، ئەگەر بیروبۆچوونی جیاوازیش ھەبێت لەوێ گفتوگۆی لەسەر بکرێت، ئەگەر پەرلەمان کاراکرایەوە، دواتر قسەی پێویست لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: لە ماوەی ئەم ٢٠ مانگەدا کە پرسی پێکھێنانی حکوومەت دواکەوتووە، ھەمیشە ئەم بابەتە لەگەڵ دۆستەکانمان باسی لێوە کراوە.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، دەشڵێ: تۆم باراک کەسایەتییەکی باڵای ئەمریکایە و شارەزاییەکی تەواوی لە ناوچەکەدا ھەیە و لە کۆبوونەوەکانیدا پرسی تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و پێکھێنانی حکوومەت وەک بابەتێکی سەرەکی باس کراوە.
ھۆشیار سیوەیلی، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر خۆمان کێشەکان چارەسەر نەکەین، نە ئەمریکا و نە ھیچ وڵاتێکی دیکە ناتوانن بۆمان چارەسەر بکەن، ئەوان وەک دۆست داوامان لێ دەکەن بە زووترین کات ڕیککەوتن بکەین، چونکە ئەم کێشەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا دروست کردووە.
ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا کێشەکە لەسەر ھەندێک پۆستی گرنگ ماوە کە یەکێتی داوایان دەکات و تاوەکو ئێستا ڕیککەوتنیان لەسەر نەکراوە، بەڵام تەنیا ڕێگەی بەرەوپێشچوون دانیشتن و بەردەوامبوونی دیالۆگە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، باسی لە گرنگیی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی، پارتی ئەم دەستپێشخەرییەی زۆر بە جیدی وەرگرتووە، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی کۆمیتەی ناوەندی پارتیشدا جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ھەوڵەکان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ھەموو لایەنەکان چڕ بکرێنەوە.
سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی، زیاتر گوتی: پێویستە لایەنەکان پێشوەختە ڕێکبکەون، چونکە ئەگەر کۆنەبنەوە و باس لە ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی نەکەن، پەرلەمان کارا نابێتەوە، کاراکردنەوەی پەرلەمان ھەنگاوی یەکەم و سەرەتایەکی گرنگە بۆ ڕاگەیاندنی کابینەی نوێی حکوومەت.
ھۆشیار سیوەیلی، باسی لەوەش کرد، پارتی لەسەر ئاستی باڵا ئامادەیە بۆ دیالۆگ و گوتیشی: ئێمە تارادەیەک گەشبینین، چونکە ھەوڵەکان گەورەن و ھەمووان تێدەگەین کە ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سەختدایە و پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەم بنبەستە سیاسییە.
د. موسا کازم، شرۆڤەکاری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: دەبێت ھەرچی زووە پەرلەمان کارا بکرێتەوە و کابینەی نوێ پێکبھێنرێت و چی دیکە دوانەخرێت، ئەوە داواکاری سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، پێویستە لایەنەکانی تریش بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتوو وەکو پارتی بە پەرۆش بن و چی دیکە کێشە دروست نەکەن، چونکە دواکەوتنی پێکھێنانی کابینەکە لە بەرژەوەندیی ھەرێم و ناوچەکەدا نییە، نابێت لە پێناو وەرگرتنی چەند پۆستێک کێشە دروست بکرێت، کە نزیکەی دوو ساڵ دەبێت ھەڵبژاردن کراوە و حکوومەت پێکنەھاتووە، کە دواکەوتنی کاریگەری لەسەر ناوبانگی ھەرێمی کوردستان ھەبووە.
ئەو شرۆڤەکارە ئاشکراشی کرد: ھەر لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردن پارتی بۆ کاراکردنی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەی دەیەم زۆر بە چڕی دەستی بە گفتوگۆ کرد، بەڵام لایەنەکانی دیکە ھەر ڕۆژە و بیانۆیەکیان دەھێنایەوە، خەڵکی کوردستانیش چاوەڕوانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتننامەیەکی گشتگیر و سەرانسەر و بەھێز دەکەن، بێگومان پێکھێنانی حکوومەت سەقامگیری زیاتر لەگەڵ خۆی دەھێنێت، بەتایبەتی لە ھێنانەکایەی خزمەتگوزاری سەرانسەری بۆ ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان.
سامان نەوزاد، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: دواکەوتنی پێکھێنانی حکوومەت زیان بە خەڵک و قەوارەی ھەرێم دەگەیەنێت، بۆیە ڕوانگەی پارتی بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم ئەوەیە کە دەیەوێت حکوومەتێکی بەھێز دروست بکات، وەکو سەرۆک بارزانی زۆرجار ڕایگەیاندووە، یەک پەرلەمان و یەک حکوومەت لە ھەرێمی کوردستان دەبێت ھەبێت، پارتی دەیەوێت حکوومەتێکی بەھێز و سەرتاسەری دروست بکات، چەمکی حکوومەتێکی بەھێز بە تێگەیشتنی یەکڕیزیی وڵات و یەک ئیرادەیی لە حکوومەت بەرجەستە بکات، یەکڕیزی بەم شێوەی کە لایەنە سیاسییەکان بەشدار بن یەک ئیرادەیی و یەک بڕیاری و یەکبینی لە حکوومەت بەرجەستە بکات، لە ھەمان کاتدا لە ڕێگەی حکوومەتێکی بەھێزەوە بتوانێت ژیانی خەڵک باشتر بکات.
ئەو چاودێرە، گوتیشی: گرنگە لایەنەکان بە تایبەتی ئەو لایەنەی بۆ ھەندێک پۆست پێکھێنانی کابینەکەی دواخستووە، پێش ئەوەی بیر لە دەستکەوتی ئیداری بکاتەوە، بیر لە خێرا گەیشتنە ڕێککەوتن و دۆزینەوەی خاڵە ھاوبەشەکان بکاتەوە و یاری بە کات نەکرێت، لەبەر ئەوەی لە کۆتاییدا دەبێ ڕێککەوتن ھەبێت و ئەو کابینەیە پێکبھێنرێت، بۆیە گرنگە ھەستکردن بە بەرپرسیاریەت و ڕژدی ھەبێت و تێبگەن لەوەی کە کات بۆ ئەم قۆناغە زۆر گرنگە و یاریکردن بە کات و کۆبوونەوەکان نەکەن.

