ڕائیب جادر – هەولێر
لە ھەنگاوێکی گرنگدا بۆ پاراستنی ھاووڵاتییان و گەشتیاران لە مەترسی ڕووبار، بنکەی پاراستنی ڕووباری مێرگەسۆر لەسەر زێی گەورە لە ناوچەی تەنگاتۆرێی دەڤەری بارزان کرایەوە.
ئەو بنکەیە بە مەبەستی چاودێری کردن و پاراستنی ھاووڵاتییانە لە مەترسی ڕووبار، ھەروەھا پێدانی ڕێنماییە بە گەشتیاران بە ئامانجی بە ھاناوەچوون و ھاتنە پێشەوەی ھەر ڕووداوێکی نەخوازراو لەم ناوچەیە.
مەترسی زێی گەورە لە دەڤەری بارزان وای کرد بەرگری شارستانی سۆران بنکەیەکی ڕزگارکردن لەسەر زێیەکە بکاتەوە، بۆ ئەوەی کارمەندانی ئەو بنکەیە ھۆشیاری زیاتر بە گەشتیار و ھاووڵاتییان بدەن، تا لە شوێنە مەترسیدارەکانی ئەم ڕووبارە نزیک نەبنەوە، ھاووڵاتییان و گەشتیارانیش بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو بنکەیە دەکەن و پێیانوایە ئەمە ھەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ پاراستنی جوانی و سرووشتی دەڤەرەکە و بە ھاناوەچوون و پێدانی ھۆشیاری بە ئەوان.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ئەو بنکەیە دەبێتە ھەشتەمین بنکە لەسەر ئاستی بەشی بەڕێوەبەرایەتی قەزای مێرگەسۆر کە بکرێتەوە.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران، گوتیشی: ئەو بنکەیە بە فەرمانێکی وەزاری و بە ھاوکاری نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی و قایمقامی قەزای مێرگەسۆر کرایەوە، ساڵی ڕابردوو بنکەی مێرگەسۆر بووە بەشێکی سەربەخۆ و سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆرانە، ئەوەش وا دەکات زیاتر خزمەتی ھاووڵاتییانی سنوورەکە بکات و مەترسییەکان کەم بکاتەوە.

