عومەر چنگیانی
بەرایی: ڕۆژی سێشەممە كە دەكاتە شازدەی حوزەیرانی 2026 بەرانبەرە بە یەكی محەڕەمی 1448ی كۆچیی، نووسینەكەم لە شاری ئەنقەرەوە دەنێرم كە ئەوە بۆ هەفتەی دووەمە وام لەم وڵاتە بۆ سەردانی پزیشكەكانم و وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشییە درێژ خایەنەكانم كە لە 2006ـەوە من ئەم ڕێگا دەبڕم، هەرجارێكیش باسیان دەكەم، پێم دەڵێن: ئەی بۆ پێتەوە دیارنییە؟ منیش شیعرە جوانەكەی مامۆستا كامەران موكری – ڕەحمەتی – دەكەمە وەڵام:
وتیان بە ژاڵە: بۆ تامت تاڵە
وتی: براكەم فڕاندی دوژمن
وتیان: ئەی ڕەنگت بۆ گەش و ئاڵە
وتی: لەبەر دۆست لە داخی دوژمن
كە یەكەم خەلەكی گۆشەی (لە هەر خەرمانەی گوڵیك)م دەستپێكرد و ناونیشانەكەیشی (چاكسازیی ئایینی!)بوو، لە لاپەڕە “نۆ” ی ڕۆژنامەی هەولێر، ژمارە “2240” 27/10/2015 بڵاو كرایەوە، دووەم خەلەكیم كردە(با لە”محەڕەم”ـە وە پێیدا بێین!)، لە لاپەڕە “8” ی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە 2245 لاپەڕە 8 سێشەممە 3ی نۆڤەمبەری 2015 بڵاو كرایەوە، كە دەیكردە 21ی محەرەمی 1437 دوای تێپەڕبوونی یازدەساڵ شتێ كەمتر، كە ئەوسا خۆم لە دوانگەی مزگەوتیش دووربووم و ئێستا لە خزمەت دوانگەی مزگەوتی خەدیجەكوبرام و ئەندامم لە بۆردی باڵای ئامادە كردنی گوتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە هەرێمی كوردستان، بە ئەركی دەزانم ئەو بیرهێنانەوانەی كە ئەوكات گوتوومە و پێم وابووە و وایە دەبێ ئاوڕیان لێبدرێتەوە، هەندێكیان بخەمەوە بیری ئێوەی بەڕیز. (…. لە سایەی نەگەڕانەوە بۆ ڕاستییەكان و حەزی بێسنووری زۆرینەی خەڵك بۆ كاری “خورافە”ئاسا، وەك هەمیشە، هەر لە سەرەتایەوە، لە ڕێگای دوانگەی زۆربەی مزگەوتەكانی كوردستان و، بەرنامە بە ناو ئایینیەكانی نێو تیڤیی و ڕادیۆكانەوە – كەمێكیان نەبێت – بەبێ ئەوەی هەڵەكان ڕاست بكەنەوە، تێر باسی ڕووداوی كۆچی پێغەمبەریان بۆ كردین – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – و پێیان گوتین: “لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا پێغەمبەرمان – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت -، لە مەككەوە كۆچی كرد بۆ مەدینەی منەوەرە و، لە ڕێگا لای دایە ئەشكەوتی سەور (ثور) و لەوێ جاڵجاڵۆكە دەرگای ئەشكەوتەكەی تەنی و، كۆتر لانەیان كرد تا بێبباوەڕان پێی نەزانن و، كە گەیشتنە مەدینە كچ و كوڕی مەدینە بە سروودی “طلع البدر علینا من ثنیات الوداع”ـەوە پێشوازییان لێ كرد!”
جا لەم واقیعە تاڵەدا، دەبێ منی نووسەرێكی ئایینخواز و، بە ناو تا ئەندازەیەك شارەزا لە ئیسلام – تا توانستم هەبێ و بڕ بكەم – چ تاوانبارێك بم كە ئیتر هەموو توانستی خۆم بەگەڕ نەخەم بۆ ڕوونكردنەوەی زۆرتر لە جارانیش و، بۆ پەردەلادان لە ڕووی ئەو هەموو ناڕاستێتی و مێژووشێواندن و، ئیسلامناشیرینكردنە لەم لاوە و، بۆ دەستنیشانكردنی هەڵەكانی خۆمان لەو لاوە! هەربۆیە دەڵێم:
1. ئەو ڕۆژەی كە پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت -، كۆچی كرد لە مەككەوە بۆ “یثرب” دووشەممەیەکی دووەم ڕۆژی مانگی ڕەبیعی یەكەمی ساڵی سیانزەی پێغەمبەرایەتییەکەی بوو، بەڵام بڕیاری پێغەمبەر بۆ كۆچ – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – و سەرەتای كۆچی یاران، لە دوای “بیعة العقبة”ی دووەم، لە كۆتایی “ذوالحجة”دا، دەستی پێكردووە، (1)، كەوابوو ئەوەی ئەو یادە باس دەكات بۆ بڕواداران، دەبێ ئاگای لەوە بێت، نەڵێت لە ڕۆژێكی وەك ئەمڕۆدا پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت -كۆچی كرد بۆ مەدینە.
2. چیرۆكی تەونی جاڵجاڵۆكە و، لانەكردنی كۆتر لە بەردەم ئەشكەوتی “ثور”دا، بە لای زۆربەی زانایانی “زانستی سەنەد” و، فەرموودەگێڕانەوە و، بایەخدەران بە ئەقڵەوە، هیچ بنەمایەكی ڕاستییان بۆ نییە و، تەنها دروستكراوێكی شاخدارە و، دەبێ كاتی ئەوە هاتبێ بانگەوازخواز ــ ئەگەر هەمانبن و، ئیشیان هەڵخەڵەتاندن و، دەنگهێنان بۆ پەرلەمان و گەیشتن بە گیرفان نەبێت ــ پێیان شەرم نەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەكان و، چیدی ئەو چیرۆكانە نەڵێنەوە و، با “مەحوی” و، كێ و كێیش گوتبێتیان، ئەوانە لە فەرموودە و “زانستی سەنەد”دا شارەزا نەبوون و، وەك شاعیریش ڕێگایان بە خۆیان داوە ئەو بابەتانە بۆ خۆشكردنی “كوورەی دەفژەنین”، خۆش بكەن و، هێناویانەتەوە.
3. دەبێ مسڵمانان ئاگایان لەوە بێت كە نابێ مێژووی كەس فەرامۆش بكەن و، “دیموگرافیا”ی ناوچەكان تێك بدەن، بەڵکو ڕوونی بكەنەوە كە لە مەككەوە كۆچ كرا بۆ شارێك ناوی “یثرب” بوو، نەك مەدینە! دوایی ناوەکەی گۆڕا و، بوو بە “مەدینەی منەوەرە”، نەك شارەكە وای ناو بووبێت.
4. كۆچەكەی نەگەیشتە نێو شار و لە گەڕەكی”قوبا” لای دا و، یەكەم مزگەوتیش هەر لەوێ دروست كرا و، قورئان لە 108ـەم ئایەتی سورەتی “التوبة”دا ئاماژەی پێ دەكا و، دەفەرمێت: “بە ڕاستی مزگەوتێك هەر یەكەمجار كرایەوە و، هەر لە سەرەتایشیەوە لەسەر بنەمای لەخواترسان كرایەوە، شایانترە لەوێدا خواپەرستی بكەیت”.
5. گوتنەوەی سروودی “طلع البدر علینا من ثنیات الوداع”ـیش هیچ پەیوەندییەکی بەو ڕۆژەوە نییە؛ چونكە:
ئەلف/ ئەو ڕۆژە شارەكە ناوی “یثرب” بوو، نەك مەدینە و، ڕستەی “پێویستە هەماهەنگ و یارمەتیدەر بین لە دژ و ڕووبەبوونەوەی كەسێك بیەوێت “یثرب” داگیر بكات” لە نێو “وثیقة”کەدا، بەڵگەیە.
ب/ “ثنیة الوداع” لە باكووری شارەكەیە و، پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت – ، لە باشوورەوە هاتە ئەوێ.
پەڕاوێزەكان:
(1) (دكتۆر علی محمد محمد الصلابی، فصل الخطاب فی سیرة عمر بن الخطاب، شخصیته وعصره) طبعة دار الایمان ص54و155).

