یاسین قادر بەرزنجی
هەر لە یەکەم دزە نیگای دیدارتەوە
لە کازیوەی تیشکی خۆری ڕوخسارتەوە
کۆڕی زیکرم لە خانەقای
چاوانی تۆدا ئەگێڕم
مەلی سۆزم بۆ ئاسمانی
خۆشەویستی تۆ ئەنێرم
نەجم هۆگر
لە نەوەی ئێمەدا ، نەجم هۆگر کەسێکی هۆشیارو فرە بەهرە بوو، ئەو دووانەی نواندن و شیعرو نووسینی پێکەوە گرێدا بوو، ساڵی ١٩٦٨ دەستی بە کاری هونەریی کردووەو ساڵی ١٩٦٩ لەگەڵ کاک شەماڵی عەبە ڕەش و چەند لاوێکی تردا (تیپی نواندنی سۆران)یان دامەزراندووە کە یەکەم تیپی بێ مۆڵەتی فەرمی بووە لە شاری سلێمانی و کاکە نەجم بووەتە سکرتێری تیپەکە.
ئیدی ئەم خەمخۆرە لە چەند تیپێکی تردا لە شارەکەی بووەتە ئەندام یان دامەزرێنەرو سەرۆکیان بووە، ئەوانیش :
*ساڵی حەفتا بووەتە ئەندامی تیپی یەکێتی قوتابیانی کوردستان
*ساڵی حەفتاو یەک بووەتە سەرۆکی تیپی نواندن و مۆسیقای مەولەوی
*ساڵی حەفتاو شەش بووەتە سەرۆکی تیپی نواندنی سەندیکای پڕۆژە
*ساڵی حەفتاو حەوت بووەتە سەرۆکی تیپی شانۆی کرێکاران
*ساڵی حەفتاو هەشت بووەتە ئەندامی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کوردو چەند ساڵێکیش سکرتێری کۆمەڵ بووەو تا کۆتایی ژیانی ئەندامی کۆمەڵ بووو.
لە ساڵی ٢٠١١دا بووەتە لێپرسراوی لقی سلێمانی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و تا دووچار بوونی بەو نەخۆشییە سەختەی لەو پۆستەدا بوو.
لە شانۆگەرییە دیارەکانی هۆگری شانۆکار :
*کاوەی ئاسنگەر، ١٩٧٠
*هاملێت، ١٩٧٠
*داسەکەی شاسواری ئەمینی میرزا کەریم
لە دەرهێنانی خۆی، ١٩٧١
*دوو شانۆگەریی لە سەوڵاوای ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرهێنانی خۆی، ١٩٧٤
*دەردە مەی، ١٩٧٦
هۆگری دراماکار لەم درامایانەدا بەشدار بووە :
*ڕێزانی نووسەر
*ڕێچکە
*پەپوولە ماندووەکان
*خانمی سپێدە
*ڕابوون
*ساتەکانی ژیان
کە ئەم دووانەی دواییان لە دەرهێنانی خۆی بوون.
لەگەڵ بەشداریی وەک ئەکتەر لە هەردوو دراما (جومعەو گوڵە بێڕۆژەکان)ی هونەرمەند حسێن میسری.
بەشداریشی لە سینەمادا هەبووە، ساڵی ١٩٩٩ دەرهێنەری فیلمی (یاخی بوونی ستار) بووە و خاوەنی دەرهێنانی چوار کورتە فیلم بووە بە ناوەکانی :
پەیام، ئاپۆرا، یاد، کۆمەرگ.
ساڵی ١٩٩٤ لە ڤێستیڤاڵێکی شانۆیی کوردستاندا بەرامبەر بە نواندنی لە شانۆگەریی (فەرهادو ئەزموونێکی نوێ) خەڵاتی باشترین ئەکتەری پێ بەخشراوە.
مایەوە بڵێم نەجم هۆگر خاوەنی دوو کۆمەڵە شیعری چاپکراوە لە ٢٠٢١دا، یەکەمیان بە ناوی (بەهرە) کە تایبەتە بە جیهانی منداڵان و دووەمیشیان (هەستی ناسک) کە شیعری لیریکن.
جێی سەرنجە چەندین گۆرانیبێژ شیعریان کردووەتە ئاوازو گۆرانی، لەوانیش:
عەدنان کەریم، بەهجەت یەحیا، بورهان مەجید، ناسری ڕەزازی، تارا ڕەسوڵ، لوقمان سەلیم و نیان عەبدوڵڵا.
دروود بۆ تەمەنی پڕ بەخششت هاوڕێ شیرینەکەمان، هەزار ئەفسووس دوا ساڵەکانی تەمەنت بە ئازارو ژانەوە لەسەر پێخەفی نەخۆشیی بەڕێکرد، برا ڕەوانشادو هەمیشە لە یادەکەم، هۆگر گیان.

