رۆژنامەی ھەولێر

لە پێنج ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠٠ پڕۆژەی ماسی لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ڕاوەماسی لە ھەرێمی کوردستان ئێدی دەست پێدەکاتەوە. بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ، دەڵێت: ڕاوکردن بە کارەبا، ژەھر، ماددەی کیمیاوی، تەقەمەنی و تۆڕی کون ورد بە ھەموو شێوەیەک قەدەخەیە. دەشڵێ: ساڵانە ٤٠ ھەزار تۆن ماسی لە ھەرێم بەرھەم دەھێنرێت، لەکاتێکدا پێویستی ساڵانەی ھەرێم ٦٥ ھەزار تۆنە.

بەھۆی وەرزی گەرادانانەوە، قەدەخەکردنی ڕاوەماسی لە ١٥-٣ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو ١٥-٦ بەردەوام دەبێت. گرنگی دان بە بەرھەمی ماسی لە پلانی ستراتیژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ژمارەی پڕۆژەکانی بەرھەمھێنانی گۆشتی ماسی تا دێت زیاتر دەبن، ٤٣٠ پڕۆژەی مۆڵەتدار لە ھەرێمی کوردستان ھەن، لەگەڵ دەیان پڕۆژەی بێ مۆڵەتدار، بەرھەمی ئەو پڕۆژانە ساڵانە ٤٠ ھەزار تۆن دەبێت، بەرھەمەکانیان لەگەڵ ئەو خواستە زۆرە یەکناگرێتەوە کە لەسەر ماسی ھەیە، چونکە ساڵانە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ٦٥ ھەزار تۆن گۆشتی ماسی دەخۆن. ڕێژەی ٦٠% لە بەرھەمی بازاڕی ناوخۆ لە ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پڕۆژەکانی ناوخۆ ڕەوانەی بازاڕ دەکرێت و ٤٠% بە ھاوردە پڕ دەکرێتەوە.
بەپێی ڕێنمایی ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠١٣ بۆ پارێزگاری لە ئاوی ژێر زەوی، وەزارەتی کشتوکاڵ مۆڵەت بە پڕۆژەی حەوزی خۆڵین نادات، چونکە سەرچاوەی ئاوەکەیان ئاوی ژێرزەوییە، ھەروەھا بەپێی ڕێنماییەکان دەبێت پڕۆژەکان ٥٠٠ مەتر لە شەقامی سەرەکی دوور بن، بەڵام ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ پڕۆژە بێ مۆڵەت لە ھەرێمی کوردستان دامەزراون.
بە گوتەی پزیشکانی پسپۆر، گۆشتی ماسی یەکێکە لەو خواردنانەی سوودێکی زۆری بۆ تەندروستیی مرۆڤ ھەیە، ھەر تاکێک پێویستی بە ١٦ کیلۆ ماسی ھەیە لە ساڵێکدا.
پەرەپێدانی سامانی ماسی و ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات، بەرنامەی کابینەی نۆیەمە و ھەوڵەکان بۆ گەیاندنی بە ئاستی خۆبژێوی لە سامانە جۆربەجۆرەکانی ئاژەڵداری بەردەوامە. بۆ ئەو مەبەستە دەیەوێت بەرھەمھێنانی سامانی ماسی بگەیەنێتە ئاستێکی بەرزتر. گەورەترین پڕۆژەی بەرھەمی ماسی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق لە پارێزگای دھۆک دروست کراوە، کە لە چەند بەشێک پێکدێت و لە قۆناغی یەکەمدا توانای بەرھەمھێنانی ٢٠٠ تۆن گۆشتی ماسی ھەیە و سەدان ھەلی کاریشی بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ڕەخساندووە.
بێستون نەجمەددین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: وەک پێشتر بڕیاری لێ درابوو، ڕۆژی ١٥ـی حوزەیران دوایین ڕۆژی قەدەخەی ڕاوەماسی دەبێت و لە ١٦ـی مانگەوە ڕاوکردن بە شێوەیەکی ئاسایی دەست پێدەکاتەوە.
سەبارەت بەو شێوازانەی کە بەگوێرەی یاسا بۆ ڕاوکردن قەدەخەن، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: ڕاوکردن بە کارەبا، ژەھر، ماددەی کیمیاوی، تەقەمەنی و تۆڕی کون ورد بە ھەموو شێوەیەک قەدەخەیە، ھۆکاری قەدەخەکردنی تۆڕی کونوردیشی بۆ پاراستنی پەنجەماسییە بچووکەکان گەڕاندەوە تاوەکو زیان بە سامانی ماسی لە ساڵانی ئاییندە نەگات.
لەبارەی سزای ئەو کەسانەی سەرپێچی ڕێنماییەکان دەکەن، بەڕێوەبەری سامانی ماسی، ئاشکرای کرد: سزاکان بەگوێرەی قەبارەی تاوانەکە دەبن و دادوەر بڕیاریان لەسەر دەدات، سزاکانیش لە پێبژاردنی داراییەوە دەست پێدەکەن تاوەکو دەگاتە حەوت ساڵ زیندانیکردن.
بێستون نەجمەددین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان، زیاتر گوتی: بارانی ئەمساڵ و پڕبوونی بەنداوەکان کاریگەرییەکی زۆری ھەبووە و گەرایەکی زۆر لە لێواری ئاوەکان و ناو گیاوگۆڵەکان داندراوە، ئەمەش بووەتە ھۆی زیادبوونی ژمارەیەکی ئێجگار زۆری پەنجەماسی لە بەنداو و ڕووبارەکاندا، کە پێشبینی دەکرێت بگاتە زیاتر لە ٤ ملیۆن ماسی.
سەبارەت بە ئامارەکانی بەرھەمھێنانیش، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان، گوتی: ساڵانە ٤٠ ھەزار تۆن ماسی لە ھەرێم بەرھەم دەھێنرێت، لەکاتێکدا پێویستی ساڵانەی ھەرێم ٦٥ ھەزار تۆنە، ئێستا ئاستی خۆبژێوی ماسی زیندوو گەیشتووەتە ٦٠% کە زۆربەی بەرھەمی ناوخۆ لە نێوان مانگی ١٠ بۆ مانگی یەک دێتە بازاڕ.
لە ھەرێمی کوردستان زیاتر ماسی کارپ بەرھەم دەھێنرێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان پڕۆژەی ماسی سەلەمون ھەن کە بەھۆی تێچووی زۆر و پێویستییان بە ئاوی سارد و سازگارە، ژمارەیان کەمترە.
سەبارەت بە ساخکردنەوەی بەرھەمەکانیش، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لە کاتی زیادبوونی بەرھەمدا ڕەوانەی شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکرێت و بەپێی پێویستی و عەرز و تەڵەب ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنجام دەدرێت.
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان، گوتی: لە ھەرێمی کوردستان ٤٣٠ پڕۆژەمان ھەیە، تەنیا لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم زیاتر لە ٢٠٠ پڕۆژەی ماسی زیاد کراوە، ھەروەھا ئاماژەی بە لێخۆشبوونی گومرگی کرد بۆ ئەو کەلوپەلانەی بۆ پڕۆژە مۆدێرنەکان پێویستن و ھەندێک لە پێکھاتەکانی ئالیک، بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی تێچووی بەرھەمھێنان لە ھەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا بێستون نەجمەددین، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێمی کوردستان، ڕوونیشی کردەوە: بۆ پڕۆژەی سامانی ماسی ڕێنمایی ژمارە نۆی ساڵی ٢٠٢١ ھەیە، بەپێی ئەو ڕێنماییە ڕەزامەندی سێ لایەنی پەیوەندیدار وەردەگیرێت، ژینگە، شارەوانی و سامانی ماسی، ئێمە لای خۆمان بە دوو ڕۆژ مامەڵەیان بۆ تەواو دەکەین، ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکەین لە دروستکردنی پڕۆژە، ھەندێک پڕۆژەی ستراتیژی ھەن، کە ھەندێک مەوادی دەوێت ئەگەر لە ھەرێم نەبێت لە دەرەوە دێت، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ دەکرێت.