رۆژنامەی ھەولێر

عێراق ناچار بووە بۆ دابینکردنی خەرجییەکان و مووچە هانا بۆ یەدەگی دراوەکەی ببات

سلێمان تاشان – هە‌ولێر

ئابووریی عێراق لەبەردەم مەترسیدایە و بۆ پێنج مانگ دەچێت هەناردەی نەوتەکەی ئاسایی نییە و عێراق نیوەی ئەو نەوتە هەناردە ناکات کە دەبوایە ڕەوانەی بازاڕەکانی جیهانی بکات و سوود لە داهاتەکەی وەربگرێت.

ئەوەی ئابووریی عێراقی خستە دۆخێکی ناجێگیر دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو لەگەڵ ئێران لە کۆتایی شوباتی ئەمساڵ، پڕیشکی ئاگرەکە زیاتر چووە چاوی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە کەنداو بەگشتی و عێراق بەتایبەتی.
عێراق کە تا ئەو کات ڕۆژانە نزیکەی سێ ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرد لەپڕ بەهۆی داخرانی هورمز هەناردەی نەوتەکەی وەستا و تەنیا توانیویەتی چەند سەد هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات کە ئەویش لە ڕێی هێڵی نەوتی کوردستان و گواستنەوەی نەوت بووە بە تانکەر لە ڕێی سووریا و چەند شوێنیكی دیکە.
ئەم دۆخە چەندین مانگە ئابووریی عێراقی خستووەتە ژێر کاریگەری و پاشەکشەی بە ئابوریی ئەو وڵاتە کردووە، حکوومەتی عێراق ناچار بووە بۆ دابینکردنی خەرجییەکان و مووچە هانا بۆ یەدەگی دراوەکەی ببات و لێی کەم بکاتەوە.
هەموو ئومێدێک هەبوو لەگەڵ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ و کردنەوەی گەرووی هورمز هەناردەکردنی نەوت ئاسایی ببێتەوە، بەڵام ئەمە ئاسایی نەبووەتەوە.
راستە عێراق توانیویەتی هەناردەکەی بەرز بکاتەوە و دۆخەکە بەرەو ئەوە هەنگاوی نا تا هەناردە ئاسایی ببێتەوە بەڵام لەپڕ لە هەشتی ئەم مانگە جارێکی دیکە بارگرژییەکان لە هورمز پەرەیان سەند و دیسان گەرووی هورمز داخرایەوە و لەو کاتەوە بە دەگمەن کەشتی دەتوانن لەو ڕێڕەوە بارەکانیان بۆ بازاڕەکانی جیهان بگوازنەوە.
عێراق کە لە زیاتر لە لەسەدا نەوەدی داهاتەکەی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و زۆربەی نەوتەکەشی هەر لە هورمزەوە هەناردە دەکرا پشکی شێری لەو زیانانە بەرکەوتووە.
دوای یاداشتەکە ئومێدێک هەبوو بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنەکەی ئاسایی ئاسایی ببێتەوە و داهاتی عێراق کە لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ زیانێکی زۆر بەرکەوت لە نیوەی دووەم قەرەبووی زیانەکان بکاتەوە.
تەنانەت لە دواین ڕاپۆرتی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو کە هەفتەی ڕابردوو بەر لە دووبارە داخرانی هورمز، بڵاو کرایەوە، پێشبینی کرا لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ ئابووریی عێراق بگەشێتەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو عێراق یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەی کە لە نیوەی دووەمی ٢٠٢٦دا گەورەترین بازدانی ئابووری تۆمار دەکات و ڕێژەی گەشەی ئابوورییەکەی دەگاتە نزیکەی لەسەدا شەش ئەوەش دوای ئەوەی لە نیوەی یەکەمی ساڵدا بەهۆی جەنگی ئێران و داخرانی هورمز، گەشەکەی بۆ خوار لەسەدا دوو دابەزیبوو.
بەڵام چەند ڕۆژێکە قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزی و جەنگ لە ناوچەکە دەستی پێکردووە و یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا هەڵوەشاوەتەوە و بۆیەش ئەو مەترسییە لە ئارادایە قەیرانی دارایی عێراق قووڵتر ببێتەوە و بۆ ماوەیەکی درێژتر عێراق نەتوانێت وەک پێویست نەوتەکەی هەناردە بکات .
گەشەی عێراق ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە فرۆشتنی نەوت و کاتێک نەوت هەناردە نەکرێت حکوومەتی عێراق داهات و دۆلاری کەمتری دەست دەکەوێت و لەو کاتەشدا پێشبینییەکەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێچەوانە دەبێتەوە.
سندووقی دراو هەندێک ئامۆژگاریی عێراقیشی کردووە و داوای لێ کردووە بە ڕژدی چاکسازی بکات و ئاستی پشتبەستن بە نەوت کەم بکاتەوە و بایەخی زیاتر بە کەرتەکانی وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی بدات.
عێراق لە ساڵانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناش تووشی قەیران بوو چونکە نرخی نەوت ئەوەندە دابەزیبوو، تێچووی بەرهەمهێنانی دەرنەدەهێنایەوە.
ئەو وڵاتانەی بایەخیان بە کەرتەکانی دیکە داوە و نەوت سەرچاوەی سەرەکیی داهاتیان نییە، توانیویانە خۆیان لەم جۆرە قەیرانانە ڕزگار بکەن بەڵام دیار نییە کەی عێراق دەتوانێت سەرچاوەکانی داهات و ئابوورییەکەی فرەجۆر بکات.