عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
کۆنسێرتی ئۆرکێسترای سیمفۆنی سلێمانی، بە چەندین بەرهەمی موزیکی کلاسیکی جیهانی و کوردی، لەسەرەتای ئەم هەفتەیە لە زانکۆی سلێمانی لە هۆڵی کۆنگرێس بەڕێوەچوو و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو.
عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە، رابەری ئۆرکێستراکە ڕایگەیاند : لە کۆنسێرتەکەدا، ئێمە وەکو ئۆرکێسترای سیمفۆنی سلێمانی، چەندین بەرهەمی موزیکی کلاسیکی جیهانی پێشکەش دەکەین؛ بەرهەمگەلێک کە بەشێکن لە میراتی موزیکی جیهان و بە شێوازی ئۆرکێسترایی، رەنگ و دەنگێکی تایبەتی بە بەرنامەکە دەبەخشن. لەگەڵ ئەم بەرهەمە کلاسیکییە جیهانییەدا، بەرهەمێکی موزیکی دانراوی کوردیش لە بەرنامەی کۆنسێرتەکەدا جێگەی تایبەتی هەیە، بۆ ئەوەی موزیکی کوردی لەگەڵ میراتی موزیکی کلاسیکی جیهانی لە یەک پڕۆگرامدا کۆبکرێتەوە. ئەمەش هەنگاوێکە بۆ ناساندن و بەهێزکردنی بەرهەمی موزیکی کوردی لە چوارچێوەی موزیکی ئۆرکێسترایی.
گوتیشی: هیوادارین بتوانین کارێکی زۆر جوان و ناوازە پێشکەشی بینەران بکەین. ئەندامانی ئۆرکێستراکەمان هەموویان کچ و کوڕی گەنجی کوردن؛ لە شاری سلێمانی و ناوچەکانی دەرەوەی شارەکە و لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستانەوە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی بەیەکەوە کارێکی هونەری جیاواز و بەهێز پێشکەش بکەین.
عەبدوڵڵا سەگرمە باس لە بەشداری ژەنیاری میوان لەو کۆنسێرتە دەکات و دەڵێت: لەگەڵ ئەندامانی ئۆرکێستراکەمان، کۆمەڵێک میوانی هونەریشمان هەیە کە لە جۆرجیا و ئەڵمانیاوە هاتوون و بە ژەنیاری لەگەڵمان بەشداری لەم کۆنسێرتە دەکەن. هیوا دەخوازین ئەم هاوبەشییە هونەرییە بتوانێت شەوێکی پڕ لە موزیک و خۆشی و بیرەوەرییە جوانەکان بۆ بینەران دروست بکات.
دەربارەی بەرنامەی کۆنسێرتەکە، عەبدوڵڵا سەگرمە دەڵێت: بەرنامەی کۆنسێرتەکە لە ژەنینینی نۆ پارچە موزیک پێکدێت وەکو، ژان سیبلیوس، پۆیمەی سەمفۆنی “فینلاندیا” ئۆپوس 26. خۆم وەک رابەری ئۆرکێستراکە بە چێلۆی بەهەشت لە شەش جوڵەدا: پێش دەستپێکردن، دەنگدانەوەکانی دروستبوون، رووناکیی رۆژی یەکەم، ئەفسانەی دەنگ، یەکەم هەناسە، وێنەی زیندوو. ئەنتۆنین دڤۆژاک، هەڵپەڕکێیە سلاڤییەکان، ئۆپوس 46، ژمارە 8، ئۆپوس 72، ژمارە 2. رزگار ئازاد ئیسماعیل، گەشتی فریجی، هەڵپەڕکێی سەمفۆنی ژمارە 2. ژۆرژ بیزێ، سویتی کارمەن ژمارە 1. نەوزاد حاجی، خەونێک بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ. ئارام خاچاتوریان، سویتی ماسکەڕاد، رەقسی ڤاڵس. هەردی مەجید، لە شێوانۆ.

