رۆژنامەی ھەولێر

بەستنی سیمینارێک بۆ داڕشتنی ستراتیژییەکی نوێی بووژاندنەوەی شانۆ لە هەولێر

 

 

لە چوارچێوەی هەوڵی بەردەوام بۆ ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی شانۆیی و، پەڕاندنەوەی شانۆ لە سستی و چەقین، ئه‌مڕۆ ڕێکەوتی ٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و بە هاوکاریی تۆڕی میدیایی کوردستان تیڤی) سیمینارێکی گرنگ و بەپێزی لە هۆڵی «سەفوەت جەڕاح»ـدا بەڕێوە برد.

سیمینارەکە بە ناونیشانی «هەوڵدان بۆ بووژاندنەوەی بزووتنەوەی شانۆ لە هەولێر» ڕێک خرا، بە ئامادەبوونی بەرچاو و کاریگەری کەسایەتییە کارگێڕی و هونەرییەکان؛ لەوانە:
• سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر
• سەلیم قادر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی
• کۆمەڵێک لە هونەرمەندان، دەرهێنەران، ڕەخنەگران و ئەکتەران و خەمخۆرانی ڕەوتی شانۆ لە شاری هەولێر.
لە کۆڕەکەدا دوو ناوی هەرە دیار و ئەکادیمیکی بواری شانۆی کوردستان، م. سەباح عەبدولڕەحمان و د. ژیلوان تاهیر، چەمک و ئاستەنگەکانیان خستە بەر باس؛ هەردوو توێژەر بە خستنەڕووی دیدگای زانستی و شیاری کۆمەڵناسی و ئستاتیکی، توانییان هۆکارەکانی سستداگەڕانی گوتاری شانۆیی لە ناوچەکەدا شی بکەنەوە و، ئاسۆی نوێ بۆ پانتایی شانۆ و پەیوەندیی دەق، دەرهێنان و بینەر بخەنە ڕوو.

گەنگەشەیەکی کراوە و دیالۆگی بنیادنەر
یەکێک لە خاڵە وەرچەرخاوەکانی ئەم سیمینارە، شێوازە کراوەکەی بوو؛ ئامادەبووان و هونەرمەندان بەشدارییەکی کارایان کرد لە ڕێگەی ئاراستەکردنی پرسیاری ورد و ڕەخنەگرانە. دیالۆگەکان تیشكیان خستە سەر ئاریشە ڕێخستنییەکان، دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و، ئاڵۆزییەکانی پەیوەندیی بەردەنگ و تەختەی شانۆ.
ڕێزلێنان لە تەمەنێک شەونخوونی و پێشکەشکردنی تابلۆ و نەمامی زەردەخەنە، تەنیا ڕێوڕەسمێک نییە، بەڵکو وەفادارییەکی قووڵە بەرامبەر ئەو ڕۆحانەی تەمەنی خۆیان کردە دیاری بۆ خزمەتی فەرهەنگ و هونەری ئەم نیشتمانە.
لە درێژەی ئەم کاروانە پڕ لە شانازییەدا و وەک نەریتێکی ئەدەبی و هونەری بۆ بەرز ڕاگرتنی ماندووبوونی مامۆستایان، سیروان عوسمان، لە هەڵکەوتەترین هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی هەولێر، بەڵێن و وەفاداری تازه کردەوە.
لە کۆڕێکدا کە پڕ بوو لە سۆز و خەمخۆری بۆ ئەدەب و هونەر، خەڵاتی ڕێزلێنان و وەفاداری بەخشرایە دوو ئەستێرەی درەوشاوەی دنیای پەروەردە و هونەر (م. مەی عەبدولکەریم) و (د. ڕائید رەحمان)، وەک پێزانینێک بۆ خزمەتە بێپایانیان و ئەو ڕێچکە جوانەی لە بواری هونەریدا کێشاویانە.
ئەم ڕێزلێنانە تەنها خەڵاتێک نییە، بەڵکو پەیماننامەیەکە کە هەولێر هەرگیز ئەو دەستانە لەبیر ناکات کە ڕەنگ و جوانییان بە ڕۆحی شارەکە بەخشیوە.
شایانی باسە، ئەم دەستپێشخەرییە هونەرییە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. بڕیارە بەیانی ڕێکەوتی ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بەش و ڕەهەندەکانی تری سیمینارەکە بەردەوامییان پێ بدرێت، تاوەکو بگەڕێنەوە سەر دارشتنی راسپاردەی بەپێز بۆ داڕشتنەوەی پەیکەرەی کارای شانۆ لە شارەکەدا.