رۆژنامەی ھەولێر

هیوا سوعاد بەشداری لە فێستیڤاڵێکی وڵاتی میسر دەکات

شیڤان شێرزاد – هەولێر

 

هونەرمەند و دەرهێنەری شانۆیی “هیوا سوعاد یونس” دوای دەستنیشانکردنی وەک دادوەر لە فێستیڤاڵی عشیات المسرحیە، کە لە وڵاتی ئوردن بەڕێوە چوو، ئێستا داوەتنامەیەکی فەرمی لە وڵاتی میسرەوە لە لایەن سەرۆکی یەکێتی گشتی هونەرمەندانی عەرەب بە فەرمی پێ گەیشتووە و بڕیارە لە ١٠ـی نوڤەمبەر بەشداری لە چوارەمین خولی فێستیڤاڵی سینەمایی گەنجانی غەردەقە بکات لە وڵاتی میسر.

داوەتنامەکەی هونەرمەند “هیوا سوعاد” دوای ئەوە دێت، کە وەک بەرپرسێکی هونەری لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و سەرۆکی لقی هەولێری هونەرمەندانی کوردستان چەندین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بۆ شانۆ بە بەشداری وڵاتانی عەرەبی و جیهانی ساز کردووە و توانیویەتی پەیوەندییەکی تۆکمە لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی کوردستان دروست بکات، تەنانەت لە ڕێگەی چالاکییە شانۆییەکانیشیەوە دەیان هونەرمەندی ناسراوی عەرەبی و جیهانیی ئامادەی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکانی هەولێر بۆ شانۆ کراون، بەرامبەر بەو ئەزموونە دوورودرێژەش (مسعد فودە) وەک سەرۆکی یەکێتی گشتیی هونەرمەندانی عەرەب داوەتنامەی فەرمی پێشکەشی ئەو دەرهێنەرە کوردە کردووە و دەیەوێت وەک شارەزایەک لە بواری شانۆدا ڕاو سەرنجی خۆی لە بارەی پێشکەوتنی شانۆیی عەرەبی لە مێزگەردی هونەرمەندانی عەرەب بخاتە ڕوو.