رۆژنامەی ھەولێر

یەکەم شانۆنامەی مناڵانی کوردی وەرگێڕداوی بۆ ئینگلیزی لەسەر شانۆی بەریتانیا نمایش کرا

سەردار ئەکرەم

 

شانۆنامەی “The Bear’s Toothache” (ددانئێشەی ورچەکە)، کە نووسین و دەرهێنانی سەردار ئەکرەمە، بووە یەکەمین شانۆنامەی مناڵانی کوردی کە بە زمانی ئینگلیزی لەسەر شانۆی قوتابخانەی ویلیەم بوس لە شاری نۆتێنگهامی بەریتانیا نمایش بکرێت. ئەم دەستکەوتە نێودەوڵەتییە، قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە کولتوورییەکان و ناساندنی ئەدەبیاتی کوردی بە جیهان دەست پێ دەکات، بەتایبەت کە کارەکە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی نووسەر خۆی کراوە. قوتابخانەی ویلیەم بوس بە پەرۆشەوە پێشوازیی لە پڕۆژەکە کرد و بڕیاری نمایشکردنی دا. ئەمەش نیشانەیەکە لەسەر کوالیتییە بەرز و پەیامە جیهانییەکانی ناو شانۆنامەکە، کە دەتوانێت لە هەر کولتوورێکدا جێگەی خۆی بگرێت و کاریگەری دابنێت.
شانۆنامەکە بەشێکە لە کتێبی “نامەکانی لیسا”کەی سەردار ئەکرەم، کە لەلایەن د. کەیفی ئەحمەدەوە پێداچوونەوەی بۆ کراوە و وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بۆ شانۆی مناڵان سەیر دەکرێت.
هەر لەم بارەیەوە نووسەر بۆ ڕۆژنامەنووسان، خۆشحاڵی بێپایانی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند: “ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ من و بۆ هونەری کوردی بە گشتی. زۆر دڵخۆشم کە یەکێک لە تێکستەکانم کە لە کتێبی ‘نامەکانی لیسا’دایە و د. کەیفی ئەحمەد پێداچوونەوەی بۆ کردووە، ئەمڕۆ لەسەر شانۆیەکی بەریتانی نمایش کرا.”
ئەکرەم جەختی لەسەر گرنگیی وەرگێڕان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە تێکستەکانی بۆ زمانەکانی فارسی و عەرەبیش وەرگێڕدراون، کە ئەمەش دەرفەتێکی فراوانتر بۆ بڵاوبوونەوەی هونەری کوردی دەڕەخسێنێت. سەردار ئەکرەم، کە خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە لە بواری نووسینی شانۆیی و چەندین وتار و کتێبی ئامادەکراوی هەیە، بەم کارەی جارێکی دیکە توانای خۆی لە گەیاندنی هونەری کوردی بە ئاستە نێودەوڵەتییەکان سەلماند. پێیشی وایە شانۆ پەیامێکە بۆ جیهان کە هونەری کوردیش خاوەنی توانای گەورەیە بۆ گەیشتن بە ئاستە نێودەوڵەتییەکان و دەوڵەمەندکردنی گۆڕەپانی هونەری جیهانی.