ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
جپسی پەتاتە یەکێکە لە باوترین و پەسەندترین خۆراکە خێراکان لەلای منداڵان، بەڵام لە پشت تام و بەرگە سەرنجڕاکێشەکەیەوە، کۆمەڵێک مەترسیی گەورەی تەندروستی شاردراونەتەوە کە ڕاستەوخۆ کار لە گەشە و سیستەمی جەستەیی منداڵ دەکەن. لەم بارەیەوە، پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی دایک و باوکان دەکات و داوایان لێ دەکات بە تەواوی منداڵەکانیان لەم خووە زیانبەخشە دوور بخەنەوە.
قەڵەوی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان
د. پشدەر عەبدوڵڵا ئیسماعیل، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، ئاماژە بەوە دەکات کە جپسی پەتاتە بڕێکی زۆر وزە و چەوریی زیانبەخشی تێدایە، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کێشزیادی و قەڵەویی پێشوەختە لە تەمەنی منداڵیدا، کە دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە و کێشەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
فشار لەسەر گورچیلە و مەترسیی جەڵتە
بە وتەی ئەو پسپۆڕە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی خوێی سۆدیۆم لە پێکهاتەی جپسدا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر پەستانی خوێن. ئەم بارگرانییە بۆ سەر سووڕی خوێن مەترسیی تووشبوون بە سستیی گورچیلە و تەنانەت جەڵتەی مێشکیش لە قۆناغە جیاوازەکانی تەمەندا بەرز دەکاتەوە.
هەستی برسیێتیی بەردەوام و گۆڕانی ڕەفتار
لە درێژەی ڕوونکردنەوەکانیدا، د. پشدەر باسی لەوە کردووە:
• تێکچوونی شەکری خوێن: بوونی ڕێژەیەکی زۆری کاربۆهیدرات و نیشاستە لە جپسدا، شڵەژان لە ئاستی گلوکۆز و دەردانی ئەنسۆلین دروست دەکات، بەمەش منداڵ دوای خواردنی جپس بەردەوام هەست بە برسیێتی دەکات و داوای بڕی زیاتر دەکات.
• جووڵەی زۆر و نائاسایی: کارلێکی پێکهاتەکانی جپس کاریگەری لەسەر چالاکیی دەماری دەکات و دەبێتە هۆی جووڵەی لەڕادەبەدەر و بێزارکەر لە سرووشتی ڕۆژانەی منداڵەکەدا.
• زیان گەیاندن بە ددان و گەشە: چەورییە ناتەندروستەکان و پێکهاتەی نیشاستەیی هۆکارن بۆ کلۆربوونی خێرای ددانەکان، ئەمە جگە لەوەی کەمترین بەهای خۆراکی و ماددەی سوودبەخش بۆ گەشەی تەندروستی لەش دابین دەکات.
وشکبوونەوە و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە
یەکێک لە مەترسیدارترین لێکەوتەکانی پیشەسازیی دروستکردنی جپسی پەتاتە لە پلەی گەرمیی بەرزدا، دروستبوونی ماددەی کیمیایی ئەکریلەماید (Acrylamide)ە، کە زانستی پزیشکی وەک ماددەیەکی هاندەری تووشبوون بە شێرپەنجە پۆلێنی دەکات. هەروەها زۆر خواردنی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی شلەمەنی لە جەستە و وشکبوونەوەی منداڵ.
هۆشدارییەکی تایبەت بۆ خانمانی دووگیان
د. پشدەر عەبدوڵڵا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە پێویستە ئافرەتانی دووگیان بە تەواوی لە خواردنی جپسی پەتاتە خۆیان بەدوور بگرن؛ چوhawlerونکە ماددە کیمیایی و ژەهراوییەکانی ناو جپس دەتوانن بەربەستی وێڵاش ببڕن و مەترسیی جددی بۆ سەر گەشەی کۆرپەلە، لەبارچوون و تەنانەت مردنی کۆرپەکە لە نێو منداڵدانی دایکیدا دروست بکەن.

