رۆژنامەی ھەولێر

ترس لە ئەنسۆلین بەهۆی دەنگۆی نادروستەوە هەڕەشەیە لەسەر ژیانی تووشبووانی شەکرە

ماکوان عێزەت – هە‌ولێر

 

نەخۆشیی شەکرە یەکێکە لە بڵاوترین نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە سەردەمی ئێستادا، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، کۆمەڵێک تێگەیشتن و باوەڕی هەڵەش لە نێو کۆمەڵگەدا سەریان هەڵداوە. زۆرجار بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆ و زانیارییە ناڕاستانە لەلایەن کەسانی ناشارەزاوە دەبێتە هۆی دروستبوونی ترس لای نەخۆش، بە ڕادەیەک کە لە وەرگرتنی چارەسەری پێویست دەترسن و ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.

شەکرە چییە و ڕۆڵی ئەنسۆلین چییە؟
شەکرە بریتییە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکری گلوکۆز لە خوێندا بەهۆی کەمبوونەوە یان نەمانی هۆرمۆنی ئەنسۆلین. گلوکۆز سەرچاوەی سەرەکی و بنەڕەتیی وزەیە بۆ سەرجەم خانەکانی لەش، ماسرولکەکان، شانەکان و بەتایبەتی مێشک. کاتێک جەستە ناتوانێت ئەم گلوکۆزە بەکاربهێنێت، ئاستەکەی لە خوێندا بەرز دەبێتەوە و زیان بە ئەندامەکانی جەستە دەگەیەنێت.
د. شاهۆ فەتاح، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناوی، لەم بارەیەوە هۆشداری دەدات و ڕوونی دەکاتەوە کە پشتگوێخستنی نەخۆشییەکە و بەهەند وەرگرتنی قسەی ناشارەزایان بە زیانی گەورەی تەندروستی بەسەر نەخۆشەکەدا دەشکێتەوە.
شۆڕشی پزیشکی و گرنگیی ژیانی ئەنسۆلین
د. شاهۆ فەتاح تیشک دەخاتە سەر مێژووی ئەم چارەسەرە و دەڵێت: «دەرمانی ئەنسۆلین یەکێکە لە مەزنترین دۆزینەوە پزیشکییەکان کە ژیانی ملیۆنان کەسی لە مردن ڕزگار کردووە. تا پێش ساڵی ١٩٢١، هەر کەسێک تووشی شەکرەی جۆری یەکەم دەبوو گیانی لەدەست دەدا، بەڵام دۆزینەوەی دەرزیی ئەنسۆلین هاوکێشەکەی بە تەواوی گۆڕی».

بە وتەی ئەو پزیشکە پسپۆڕە:
• لە شەکرەی جۆری یەکەمدا: ئەنسۆلین تاقە چارەسەری سەرەکی و بێبەدیلە؛ تا ئێستا هیچ دەرمانێکی تر نەسەلمێنراوە کە شوێنی بگرێتەوە.
• لە شەکرەی جۆری دووەمدا: زۆرجار نەخۆش دوای ماوەیەک لە دەستپێکردنی نەخۆشییەکە، جەستەی بەرەو کەمبوونەوەی تووندی دەردانی هۆرمۆنەکە دەچێت و پێویستیی حەتمی بە وەرگرتنی دەرزیی ئەنسۆلین دەبێت بۆ پاراستنی ئەندامەکانی لەشی.

باوەڕە هەڵەکان و وەڵامی زانستیی پزیشک
زۆرن ئەو نەخۆشانەی بەهۆی شایعە و قسەی بێبنەماوە ئامادە نین دەرزیی ئەنسۆلین بەکاربهێنن. د. شاهۆ ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە و پووچەڵیان دەکاتەوە:
• «ئەنسۆلین دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینایی چاو و سستبوونی گورچیلە»: ئەم قسەیە بە تەواوی پێچەوانەیە؛ ئەوەی چاو و گورچیلە لەناو دەبات شەکرەی بەرز و کۆنترۆڵنەکراوە نەک ئەنسۆلین.

ئەنسۆلین تاکە پارێزەرە لەو مەترسییانە.
• «ئەنسۆلین ئێسک دادەخورێنێت و دەبێتە هۆی شکان»: هیچ بنەمایەکی زانستیی بۆ ئەم وتەیە نییە و ئەنسۆلین کاریگەریی نەرێنی لەسەر چڕیی ئێسک نییە.
• «دەستپێکردنی ئەنسۆلین نەخۆش ئالوودە دەکات»: ئەنسۆلین دەرمانی ئالوودەبوون نییە، بەڵکو هۆرمۆنێکی سرووشتیی جەستەیە و نەخۆش بەهۆی کەمیی دەردانی لە ڕژێنی پەنکریاسەوە وەریدەگرێت، هەروەک چۆن جەستە پێویستی بە ئاو و خۆراکە.
لە کۆتاییدا، پزیشکی پسپۆڕ دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم دەنگۆیانە دوور و نزیک پەیوەندییان بە ڕاستییە زانستییەکانەوە نییە، پێویستە نەخۆشانی شەکرە تەنیا لە ڕێگەی پزیشکی پسپۆڕەوە بڕیار لەسەر جۆری چارەسەر و دەرزیی ئەنسۆلین بدەن، نەک ڕێگە بە قسەی بێبنەما بدەن ببێتە بەربەست لە نێوان ئەوان و تەندروستییاندا.