رۆژنامەی ھەولێر

کاتێک خۆشگوزەرانی و زۆرخۆری دەبنە هۆکاری ئازاری جومگەکان

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

 

دەردەپاشا لە مێژوودا بە نەخۆشیی پاشا و دەوڵەمەندەکان ناسراوە، چونکە سفرە ڕازاوەكان و خواردنی زۆری گۆشت هۆکاری سەرەکی بوون. بەڵام ئەمڕۆ “دەردەپاشا” تەنیا تایبەت نییە بە خەڵکی شاهانە، بەڵکو بووەتە هەڕەشەیەکی تەندروستی و بەربڵاو کە جومگەی مرۆڤی هاوچەرخ پەک دەخات.

دەردەپاشا چییە و چۆن دروست دەبێت؟
نەخۆشیی دەردەپاشا (دا‌ء الملوك)، لە ئەنجامی کۆبوونەوە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی ترشەڵۆکی یۆریک (Uric Acid) لە خوێندا دروست دەبێت. کاتێک ئەم ڕێژەیە لە سنووری ئاسایی خۆی تێدەپەڕێت، ترشەکە دەگۆڕێت بۆ کریستاڵی ورد و تیژ و لەسەر جومگەکان نیشتەجێ دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازارێکی توند، ڕەقبوون و کەمبوونەوەی مەودای جووڵەی جومگەکە. ئەم حاڵەتە زیاتر لە جومگەکانی لەشدا، بەتایبەت لە جومگەی پەنجە گەورەی قاچدا دەردەکەوێت.
د. عیماد شێروانی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئێسک، شکان، بڕبڕەکانی پشت، گۆڕینی جومگەکان، نازووری ئەژنۆ و دەرچوونی حەوزی منداڵان، چۆنیەتی پەرەسەندنی ئەم نەخۆشییە ڕووندەکاتەوە و دەڵێت: “کاتێک کەسێک پرۆتین دەخوات، ئەم پرۆتینە لە پرۆسەی زیندەپاڵدا لە کۆتاییدا دەبێت بە یۆریک ئەسید کە پێویستە لە ڕێگەی میزەوە بکرێتە دەرەوەی لەش. بەڵام کاتێک ڕێژەی یۆریک ئەسید لە لەشدا زۆر دەبێت، یان گورچیلەکان ناتوانن بە تەواوی فڕێی بدەنە دەرەوە، نەخۆشییەکە سەرهەڵدەدات.”
سەبارەت بە ناونانی نەخۆشییەکە بە (دەردەپاشا)، پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کۆندا پاشاکان بەهۆی زۆر خواردنی گۆشتی سوور و خۆشگوزەرانییەوە زیاتر تووشی دەبوون، بۆیە پێوەست کراوە بە ژیانی شاهانەوە.

نیشانە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکە
تووشبووانی ئەم نەخۆشییە بەدەست چەند نیشانەیەکی دیارەوە دەناڵێنن کە بریتین لە:
• ئازاری زۆر و کوتوپڕی جومگەکان
• هەڵاوسان و سووربوونەوەی ناوچەی جومگەی تووشبوو
• هەوکردنی توندی جومگەکە کە دەبێتە هۆی گەرمداگەڕانی

پێوەندیی نێوان گۆشت و دەردەپاشا
یەکێک لە ڕێنماییە سەرەکییەکانی پزیشکان بۆ ئەم نەخۆشانه، دوورکەوتنەوەیە لە خواردنی گۆشت. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خواردنی (گۆشتی سوور، مریشک و پاقلەمەنییەکان) ڕێژەیەکی زۆر پرۆتینیان تێدایە. کاتێک تووشبووان ئەم خواردنانە دەخۆن، ڕێژەی یۆریک ئەسید لە خوێنیاندا بە شێوەیەکی خێرا بەرز دەبێتەوە و دەبێتە هۆی توندبوونی ئازارەکە و پەرەسەندنی زیاتری نەخۆشییەکە.

کێ زیاتر مەترسیی تووشبوونی لەسەرە؟
بەپێی ئامار و لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان، ئەم کۆمەڵانەی خوارەوە زیاتر ڕووبەڕووی مەترسییەکە دەبنەوە:
1. ڕەگەز: نەخۆشیی دەردەپاشا زیاتر لە پیاواندا دەردەکەوێت بەراورد بە ئافرەتان.
2. شێوازی ژیان و کێش: ئەو کەسانەی بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن، یان بڕێکی زۆر لە گۆشتی سوور دەخۆن، لەگەڵ ئەوانەی کە زۆرخۆری لە خواردنەوە کحوولییەکاندا دەکەن، ئەگەری تووشبوونیان یەکجار زۆرە.

ڕێگاکانی چارەسەر و کۆنترۆڵکردن
چارەسەری ئەم نەخۆشییە بە گشتی بەسەر دوو قۆناغی سەرەکیدا دابەش دەبێت:

یەکەم: خۆپاراستن (شێوازی ژیان):
دەمپارێزی لە گۆشتی سوور، مریشک و پاقلەمەنییەکان، لەگەڵ تەرک و کەمکردنەوەی خواردنەوە کحوولییەکان (بەتایبەت بۆ ئەوانەی بە بڕی زۆر دەیخۆنەوە)؛ چونکە ئەم جۆرە خواردن و خواردنەوانە دەوڵەمەندن بەو پرۆتین و پێکهاتانەی کە ڕێژەی یۆریک ئەسیدی ناو لەش بەرز دەکەنەوە.

دووەم: چارەسەری دەرمانی:
پزیشکان بە پێی دۆخی نەخۆشەکە دوو جۆر دەرمانی سەرەکی بەکاردێنن:
دەرمانە دژەهەوکردنە ناستێرۆیدییەکان (NSAIDs): بۆ کەمکردنەوەی ئازار و هەوکردن لە کاتی هێرشی کوتوپڕی نەخۆشییەکەدا.
دەرمانی ڕێکخەری ترشی یۆریک: دەرمانی تایبەت بۆ کەمکردنەوە و پارێزگاریکردن لە ڕێژەی ئاسایی یۆریک ئەسید لە خوێندا، وەک (Zyloric – Allopurinol) یان (Febuxostat).