رۆژنامەی ھەولێر

سووتانەوەی گەدە یان ئازاری زراو

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

 

جیاکردنەوەی نێوان ئازاری زراو و ئازاری گەدە یەکێکە لە بابەتە تەندروستییە هەرە گرنگەکان، چونکە هەم لە ڕووی شوێنی سەرەکی کێشەکە و هەم لە شێوازی چارەسەرکردنیانەوە تەواو لە یەکتر جیاوازن. زۆرجار هاوڵاتییان بەهۆی هاوشێوەیی شوێنی ئازارەکەوە تووشی تێکەڵکردنی ئەم دوو حاڵەتە دەبن، بەوپێیەی هەردووکیان لە بەشی سەرەوەی سکدا چڕ دەبنەوە.

دکتۆر دیاری نیهاد ئیسماعیل، پسپۆڕی نەشتەرگەریی ناوسک و کۆئەندامی هەرس، جگەر، مەمک و غودە، نیشانە سەرەکییەکانی جیاکاری نێوان هەردوو ئازارەکە بە ڕوونی دەخاتە ڕوو:

١. ئازاری زراو (شوێن و سروشتی نیشانەکان)
کیسەی زراو دەکەوێتە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی سک (ڕێک لە ژێر جگەردا). کێشەکانی ئەم ئەندامە، وەک بەردی زراو یان هەوکردن، بەم نیشانانەی خوارەوە دەناسرێنەوە:
شوێنی ئازار: زیاتر لە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی سکدایە، بەڵام زۆرجار ئازارەکە تەشەنە دەکات و بڵاودەبێتەوە بۆ شانی ڕاست یان پشتی مرۆڤ (نێوان هەردوو شانەکە).
کاتی دەستپێکردن: ئازارەکە بە شێوەیەکی گشتی دوای خواردنی ژەمە چەور و قورسەکان دەست پێ دەکات (نزیکەی ٣٠ خولەک بۆ چەند کاتژمێرێک دوای نانخواردن).
سروشتی ئازارەکە: ئازارێکی توند و بەردەوام (وەک گرژبوونی بەهێز). بە گۆڕینی شێوازی دانیشتن، پاڵکەوتنی جەستە یان چوونە سەرئاو کەم نابێتەوە.
نیشانەکانی تر: هێڵنجدان و ڕشانەوەی توند، زەردبوونی چاو و پێست (زەردوویی) و، هەندێک جار بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش (تا) ئەگەر هەوکردنی لەگەڵدا بێت.

٢. ئازاری گەدە (نیشانە و تایبەتمەندییەکان)
گەدە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ناوەڕاستی سک (ژێر کۆڵەکەی سنگ). کێشەکانی وەک هەوکردن، برینی گەدە یان دڵەکزێ بەم شێوازە دەردەکەون:
شوێنی ئازار: ڕێک لە بەشی سەرەوە و ناوەڕاستی سکدا هەستی پێدەکرێت، کە بە ناوچەی دەمی گەدە ناسراوە.
کاتی دەستپێکردن: پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە تێربوون یان برسێتییەوە هەیە. بۆ نموونە ئازاری برینی گەدە زۆرجار لە کاتی برسێتی و خاڵیبوونی گەدەدا توندتر دەبێت.
سروشتی ئازارەکە: زیاتر وەک کزانەوە، سووتانەوە، یان هەستکردن بە قورسی و غازات دەردەکەوێت.
نیشانەکانی تر: ترشەڵۆک هاتنەوە بۆ قوڕگ (دڵەکزێ)، غازاتی زۆر و، هەستکردن بە تێربوونی خێرا لە کاتی نانخواردندا.
کەی بارودۆخەکە مەترسیدارە و پێویست بە فریاکەوتنی خێرا دەکات؟
دکتۆر دیاری نیهاد ئیسماعیل ئاموژگاری هاوڵاتییان دەکات کە لە کاتی دەرکەوتنی هەندێک نیشانەی تونددا کات بەفیڕۆ مەدەن. ئەگەر ئازارێکی زۆر توند و لەپڕ لە لای ڕاستی سکدا پەیدا بوو، کە هاوشان بوو لەگەڵ تای بەرز، لەرزین، زەردهەڵگەڕانی ڕەنگی پێست و چاو، یان ڕشانەوەی بەردەوام، پێویستە دەستبەجێ سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە بکرێت؛ چونکە لەو کاتەدا مەترسی داخرانی بۆری زراو یان هەوکردنی توندی لێ دەکرێت و پێویستی بە دەستێوەردانی خێرای پزیشکی هەیە.