تێگه‌یشتن له‌ كه‌سایه‌تیی جیاواز

چه‌مكی كه‌سایه‌تی ئاماژەیە بۆ ئەو دەمامکەی کە ئەکتەرەکان لە نمایشەکانیاندا بەکاریان دەهێنا. لە توێژینەوە دەروونییەکان، چه‌مكی کەسایەتی، چەمکێکی بنەڕەتییە. کەسایەتی ئاماژەیە بۆ جیاوازی تاکەکەسی لە هەندێک شێوازی بیرکردنەوە و هەستکردن و ڕەفتاركردندا.

شێوازێكی كه‌سیی تایبەتمەندییە دەروونی و ڕەفتارییەکان، کە بەهۆیەوە هەر کەسێک لە کەسانی دیکە جیا دەکرێتەوە. توێژینه‌وه‌ لەباره‌ی کەسایەتی، تیشک دەخاتە سەر دوو بواری سەرەکی. بوارێک تێگەیشتنە لە جیاوازییە تاكه‌كه‌سییه‌كان لە تایبەتمەندییەکانی کەسێتی وەک توانای کارلێکی کۆمەڵایەتی. بوارێکی تر ئەوەیە کە تێبگەین چۆن بەشە جیاوازەکانی کەسایەتی بە یه‌كه‌وه‌ کۆدەبنەوە.
تیۆرداڕێژه‌ری جۆراوجۆر پێناسەی جیاوازیان بۆ چه‌مكی کەسایەتی خستۆته‌ڕوو، لەسەر پێناسەیەکی دیاریکراو کۆک نیین، بەڵام بە پێی بۆچوونی زۆربه‌یان دەتوانرێت بڵێین کەسایەتی، شێوازی تایبه‌تمه‌ندییه‌ هەمیشەییكانی تاكه‌كانه‌ کە سه‌قامگیری و جێگیری به‌ ڕەفتاره‌كانی تاك ده‌به‌خشێت. ئەمە پێناسە هه‌مه‌گیره‌ دوو لایەنی سەرەکی له‌خۆده‌گرێت، ئه‌وانیش:
•تایبەتمەندییە به‌رده‌وامه‌كان: تایبەتمەندییەکان بەشدارن لە سەقامگیری ڕەفتار و سەقامگیری ڕەفتار لە بارودۆخە جیاوازەکاندا.
•تایبەتمەندییە كه‌سییه‌كان: ڕەنگە تایبەتمەندییەکان لە هەندێک گرووپدا باو بن یان لەلایەن هەموو ئەندامەکانەوە هاوبەش بن، بەڵام شێواز و مۆدێله‌كه‌یان بۆ هەر کەسێک جیاوازە.
ده‌توانین بڵێین مێژووی باسكردنی چه‌مكی كه‌سایه‌تی دەتوانرێت لە سەرەتاوە بگەڕێنرێتەوە بۆ فەیلەسوفەکان. بیرمەندان و فەیلەسوفان بە درێژایی کات هەوڵیان دەدا لە سروشتی مرۆڤ تێبگەن و وەڵامی پرسیارەکانی مرۆڤ بدەنەوە، بەڵام تا کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم پێشکەوتنێکی ئەوتۆ لەم بابەتەدا نەهاتە ئاراوە، لەو کاتەدا، سیگمۆند فرۆید بە سوودوەرگرتن لە تێبینییە کلینیکیەکانی، تیۆرێکی مۆدێرن و گەورەی پێشنیاز کرد کە هەوڵیدا تەواوی کەسایەتی لە هەموو مرۆڤەکاندا ڕوون بکاتەوە. دوای ئەوە، تیۆردارێژه‌ری زۆر باسیان لە کەسایەتی کردووە و سەرنجیان خستۆتە سەر لایەنە جیاوازەکانی، هه‌ر بۆیه‌ كۆمه‌ڵێ ڕوانگه‌ی جیاواز هاتنه‌كایه‌وه‌ كه‌ بریتیین له‌م ڕوانگانه‌:
ڕوانگەی دەروونشیکاری: فرۆید یەکەم کەس بوو کە تیۆرێکی هەمەلایەنەی سەبارەت بە کەسایەتی خسته‌ڕوو. سەرەتا سێ ئاستی ناساند کە کەسایەتی تێیدا کار دەکات: هوشیار، نیمچەهوشیار و نائاگا. هوشیاری ئەو هەست و ئەزموونانە دەگرێتەوە کە لە ساتێکی دیاریکراودا ئاگادارین. بە بڕوای فرۆید، بەشێکی کەمی دەروون لە ئاستی هوشیاریدا بووە. زۆربەی زه‌ینی مرۆڤ لە ئاستی نائاگادا بوو کە خەزنەی غەریزەکان و هێزی بزوێنەری ڕەفتار و ئەو ئارەزووانەی کە ڕێنمایی ڕەفتارمان دەکەن ئامادە بوون. ئێمە ناتوانین ئەم بەشە ببینین و کۆنتڕۆڵی بکەین. جه‌ختی سەرەکی تیۆری دەروونشیکاری فرۆید لەسەر ئەم ئاستە بوو. هەروەها نیمچە هوشیار، بیرەوەری و بیرکردنەوە و هەستەکانی لەخۆگرتبوو کە لە ئێستادا ئاگاداریان نیین، بەڵام دەتوانرێت بە ئاسانی بگەیەنرێنە ئاستی هوشیار، بەڵام لە ساڵانی دواتردا فرۆید پێکهاتەی کەسایەتییەکانیشی پێناسە کرد. ئەو كه‌سایه‌تی بۆ سێ توخم پۆلینبه‌ند ده‌كات ئه‌وانیش بریتیین له (Id) (Ego) و (Super Ego) . ئاید خەزنەی غەریزە و لیبدۆیه‌ (وزەی دەروونی) و ته‌واو ناهوشیاره‌. ئه‌م بەشە بەهێزترین پێکهاتەی کەسایەتییە و وزە بۆ دوو بەشەکەی تر دابین دەکات. ئیگۆ تاکە بوارێکی دەروونە کە پەیوەندی بە واقیعەوە هەیە و لە منداڵیدا لە ئایده‌وه‌ سەرهەڵدەدات. سوپەرئیگۆ لە خۆیەوە سەرهەڵدەدات و گوزارشت لە لایەنە ئەخلاقی و ئایدیاڵەکانی کەسایەتی دەکات. کارلێکی ئەم پێکهاتانە لەگەڵ یەکتردا بیرکردنەوە و هەستەکانمان دروست ده‌كه‌ن. فرۆید سوود لە چەمکەکانی تری وەک میکانیزمەکانی بەرگرییش لە تیۆریەکەیدا وه‌رگرتووه‌. هەروەها ئەو قۆناغانەی دیاری کردووه‌ کە گەشەکردنی دەروونی سێکسیی کەسایەتی تێیدا ڕوودەدات. بە گوێرەی دیدی فرۆید، کەسایەتی تا تەمەنی پێنج ساڵی پێکهاتەی خۆی دەدۆزێتەوە و کەسایەتی گەورەساڵیش لە ژێر کاریگەری ئەو هۆکارانەدایە کە پێش ئەم تەمەنە ڕوویانداوە. دوای فرۆید، خوێندکارەکانی چەمکەکانی ئەویان بەکارهێنا و تیۆری جۆراوجۆریان لێی دروستکرد. میلانیا کلاین، ئانا فرۆید، مارگرێت ماهلەر، هاینز کۆهوت، دۆناڵد وینیکۆت، ئۆتۆ کێرنبێرگ لە تیۆردارێژه‌رانی گرنگی ئەم قۆناغه‌ن. کارل یۆنگ، ئەلفڕێد ئادلێر، کارین هۆرنای، ئه‌ریك فرۆمو ژمارەیەک لە تیۆردارێژه‌ره‌كانی دیکەش گۆڕانکاری بنەڕەتیتریان لە تیۆری فرۆیددا کردووە.
تیۆردارێژه‌ره‌كانی ره‌وتی مرۆڤدۆستی-بوونگەرایی، لە سنوورداربوونی مرۆڤ و نەبوونی دەزگای مرۆیی لە ڕێبازەکانی دیکەدا ڕازی نەبوون. ئەوان چەمکگەلێکی وەک ئازادی و بەرپرسیارێتییان پێشنیاز کرد. لەم ره‌وتانه‌دا، دوای تێرکردنی پێداویستییە ئاست نزمەکانی وەک برسێتی، تینوێتی و ئاسایش، خەڵک بەدوای پێداویستییە بەرزەکاندا دەگەڕێن. بەپێی ئەوان مرۆڤ مەیلی سروشتی خۆی هەیە بۆ خودباڵایی.
ئەبراهام ماسلۆ یەکێک لە تیۆردارێژه‌رانی ئەم بوارە، پلەبەندی پێداویستییەکانی خسته‌ڕوو. لە ئاستی خوارەوەی هەرەمەکەدا پێویستی فیزیۆلۆژی هەیە وەک پێویستی خۆراک و ئاو و هەوا. ئاستی دواتر پێویستی ئاسایشە. ئاستی سێیەم پێکدێت لە پێویستی سۆز و سەربەخۆیی، کە بە پێویستی سۆزداری و خۆشەویستیش ناودەبرێن. ئاستی چوارەم پێویستی ڕێزگرتنە. لە کۆتاییدا، لە بەرزترین ئاستدا پێویستی بە خودباڵایی هەیە. بە گوتەی ماسلۆ، هەموو مرۆڤەکان ناگەنە ئەم ئاستە. کارل ڕۆجەرز هەروەها تیۆردارێژه‌رێكی دیکەی ئەم بوارە بوو کە سەرنجی له‌سه‌ر مه‌یلی خودباڵایی هه‌یه‌.
ڕێبازی بوونگەرایی: لە ڕێبازی بوونگەراییدا بە هەمان شێوە ڕۆلۆ مەی، ڤیکتۆر فرانکل و …هتد چه‌ندان تیۆری جیاوازیان خستۆته‌ڕوو. گرنگترین فه‌یله‌سوفانی بوونگەرایی بریتیین له‌ سۆرێن کیرکێگارد، فریدریش نیچه‌، مارتن هایدگەر و ژان پۆل سارته‌ر. لە ڕاستییدا ڕه‌وتی بوونگەرایی له‌ هه‌ندێ ڕووه‌وه‌ هاوشێوه‌ی ره‌وتی مرۆڤگه‌راییه‌ كه‌ له‌ ئه‌مریكاوه‌ سه‌رهه‌ڵدابوو. بۆ نموونە له‌ڕه‌وتی رۆڵۆ می باوەڕیانوابوو زۆر کەس ناوێرن ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان ببنەوە. و لە پرۆسەی دەربازبوون لێی، ئازادییەکی زۆریان لەدەست دەدەن. بە ره‌تكردنه‌وه‌ی ئازادی خۆیان، خۆیان لە بەرپرسیارێتی بەدوور دەگرن. ئەوانەی نایانەوێت هەڵبژێرن، ئاگایی خۆیان لەدەست دەدەن کە کێن و هەست بە بێمانا و نامۆبوون دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، مرۆڤە تەندروستەکان تەحەدای چارەنووسی خۆیان دەکەن و ئازادی خۆیان بە به‌نرخ دەزانن و ڕاستگۆیانە لەگەڵ خۆیان و کەسانی دیکەدا دەژین. ئەوان دەزانن کە مردن حەتمییە و دەوێرن لە ئێستادا بژین.
سه‌باره‌ت به‌ تیۆرییەکانی تایبەتمەندی کەسایەتی بڵێن كه‌ تیۆرییەکانی كه‌سایه‌تی لەگەڵ کارەکان گۆردۆن ئۆلپۆرت دەستی پێکرد. هەوڵیدا لیستی ئەو تایبه‌تمه‌ندییانه‌ دیاری بکات کە کەسایەتی مرۆڤ پێکدەهێنن. بە پێچەوانەی تیۆرییە دەروونشیکاری و مرۆڤدۆستەکان سەبارەت بە کەسایەتی، تیۆری تایبەتمەندیەکانی ئۆلپۆرت جەخت لەسەر جیاوازی تاکەکەسی دەکاتەوە. ئۆلپۆرت بۆ دەرهێنانی تایبه‌تمه‌ندیی کەسایەتی فەرهەنگی گشتگیری ئینگلیزی بەکارهێنا. توێژەران لە ڕێگەی ئەم کتێبانەوە سەرەتا ١٨ هەزار وشەیان دەرهێنا کە باسی كه‌سایه‌تییان کردبوو. ئۆڵپۆرت ئەم تایبتمه‌ندییانه‌ی کەمکردەوە بۆ ٤٥٠٠ تایبه‌تمه‌ندی کەسایەتی. دوای ئه‌وه‌، سەرەتا دابەشی کرد بۆ دوو پۆلینبه‌ندی تایبەتمەندی تاکەکەسی و هاوبەش، و دوای ئەوە، پۆلێنبەندییەکی دیکەی خسته‌ڕوو کە سێ جۆر تایبەتمەندی لەخۆگرتبوو.
بەناوبانگترین تیۆری تایبه‌تمه‌ندی، پەیوەندی بە مۆدێلی پێنج فاکتەری مەکكاری و کۆستاوه‌ هه‌یه‌. ئه‌وان له‌ سەرەتادا دوو فاکتەری سەرەکی و دواتر سێ فاکتەریان دەستنیشان کرد، بەڵام لە کۆتاییدا، دوای توێژینه‌وه‌یەکی زۆر، پێنج هۆکاری کەسایەتییان ناساند كه‌ ئەم پێنج هۆکارە بریتیی بوون لە: دەرەوەگەرایی، دەمارگیری، کراوەیی به‌ڕووی ئەزموون، ڕازیبوون، دڵخۆشکەربوون و ویژدان. .
تیۆرییەکانی پەیوەست بە كه‌سایه‌تی دابەش دەکرێن بەسەر سێ بەشدا: ڕه‌وتی مەعریفی، ڕه‌وتی ڕەفتاری و ڕه‌وتی فێربوونی کۆمەڵایەتی. تیۆری بنیاتەکانی کەسی جۆرج کێلی لە ڕیزی تیۆرییە مەعریفیەکاندا هاتووە. ئەو باس لەوە دەکات کە مرۆڤەکان وەک زاناکان تیۆر دروست دەکەن کە بەهۆیەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ڕووداوەکانی ژیانی خۆیان دەدەن. ئەو ئەم تیۆریانە به‌ پێکهاتە کەسییەکان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات. بۆچوونی گشتی ئەوە بوو کە مرۆڤ بۆ ئەوەی مرۆڤ بناسێت، پێویستە لە پێکهاتە کەسییەکانیدا بیپشکنێت. تیۆری گشتی وەک ده‌روازه‌یه‌ك بۆ تیۆرییە مەعریفیەکان دادەنرێت. بێگومان ڕه‌وتی گشتی لەنێو توێژەران زۆر بەناوبانگ نەبووە و چالاکوانانی دەروونناسی مەعریفی زۆر گرنگی بەم تیۆرییە نادەن.
گرنگترین تیۆردارێژ لە بواری ڕەفتاردا، سکینەر بوو كه‌ بە یەکێک لە کاریگەرترین دەروونناسەکانی سەدەی بیستەم داده‌نرێ. پێش سکینەر، پاڤلۆڤ، واتسۆن و ڕەفتارناسانی دیکە کاریان لەسەر کاریگەریی مەرجدارکردن لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ کردبۆوه‌، بەڵام ئەوە سکینەر بوو کە هەموو لایەنەکانی کەسایەتی ڕوونکردەوە. سکینەر کەسایەتی بە مۆدێلێك یان کۆمەڵێک ڕەفتاری چالاک باسده‌كات. ڕه‌وته‌كه‌ی بەهۆی جەختکردنەوەیەکی زۆر لەسەر ڕەفتاری چاودێرکراو پێی دەوترێت ڕەفتارگه‌راییی ڕادیکاڵ.
وێڕای ئه‌وه‌ش، ئەلبێرت باندۆرا، دەروونناسێکی کەنەدییه‌ دەریخست کە کەسایەتی تەنها ڕەفتارە بینراوه‌كان نییە، بەڵکو پرۆسەی مەعریفڤی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە گۆڕین و باشترکردنی شێوازەکانی ڕەفتاردا. لە ڕاستیدا تیۆری باندۆرا كه‌لێنێكی له‌ نێوان تیۆری ڕەفتار و مەعریفی دروستی کردووە، چونکە گرنگی بە پرۆسەکانی وەک گرنگیدان و یادەوەری و پاڵنەریش دەدا. ئامانجی ئەو ئەوە بوو کە نیشانی بدات پرۆسەی فێربوون بە چەندین شێوە ڕوودەدات. چەمک خۆکارایی یەکێکە لە گرنگترین چەمکەکانی دەروونناسیی ئەمڕۆ، کە لەلایەن باندۆراوه‌ پێشنیاز کرابوو.
تیۆردارێژرەکانی تری دوای باندۆرا سەرنجیان خستۆتە سەر هەندێک لایەنی کەسایەتی و هیچ تیۆرێکی هەمەلایەنە لە نێوانیاندا نابینرێت. بۆ نموونە جولیان ڕوتەر بە پێشنیازکردنی فێربوونی کۆمەڵایەتی، سەرنجی خستە سەر سەرچاوەی کۆنترۆڵی ناوخۆیی و دەرەکی. واڵتەر میشێل تیۆرییەکەی بە ناوی تیۆری کەسایەتی مەعریفی-هەستیاری خستەڕوو، کە تایبه‌تمه‌ندی لەگەڵ پرۆسەکانی مەعریفی-سۆزداریی لە دۆخەکەدا تێکەڵ کرد. مارتن سێلیگمانیش سەرەتا چەمکی دەروونناسیی ئەرێنی پێشنیاز کرد.

ھەواڵی زیاتر