گرنگی و سوودی شاخەوانی بۆ مرۆڤ و ژینگە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

شاخەوانی یەکێکە لەو کارانەی کە گرنگییەکی زۆری بۆ ئارامی و تەندرووست باشی مرۆڤ هەیە، شاخەوانان دەچنە سەر چیاکان و زۆربەی کات شەو و ڕۆژ لەوێ بەسەر دەبەن. شاخ و کێوه‌کان به‌شێكن له‌و ژینگه‌یە، که‌شاخه‌وانه‌کان ڕووی تێده‌که‌ن، شاخه‌وانی وه‌ک جۆرێك له‌ وه‌رزش، ده‌توانێت کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ژینگه ‌و کۆمه‌ڵگا هه‌بێت، چونکە شاخه‌وانی وەرزشێکی بەناوبانگە و دەستڕاگەیشتنە و سوودی زۆری هەیە. لە ڕووی تەکنیکییەوە هەر کەسێک دەتوانێ بەپێ بگاتە لووبتکەی شاخێک، بەڵام ئەوە نایکاتە شاخەوانێکی پیشەگەر. شاخەوانی بەسەرکەوتن بەسەر هەر گردێک یان شاخێکدا وەسف ده‌کرێت، کە لێوار و چڕی زەوییەکە بەرزبێ و پێویستی بە بەکارهێنانی بەردەوامی کەرەستەی تەکنیکی هەبێ، لە هاویندا ئەم کەرەستانە دەتوانێ کڵاو و پەت و کەرەستەی سەرکەوتنی پارێزەر لە خۆبگرێ و لە زستانیشدا کەرەستەی دیکەی وەکو کرامپۆن و ئامێری پارێزەری سەرکەوتن بەسەر سەهۆڵدا بێت.

ڕێبین کەریم، یەکێکە لە شاخەوانەکانی هەولێر و دەربارەی گرنگی شاخەوانی دەڵێ: نابێ مرۆڤ وا بیربکاتەوە کە شاخەوانی وەرزشێکی سادەیە، بەبێ ئەوەی پێویستی بە کەرەستەیەک هەبێ کە بەئاسانی ئەنجام بدرێت. شاخەوانی یان هەڵگەڕان بەشوێنە سەختەکان، ئەم جۆرە وەرزشە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەد ساڵ پێش ئێستا، سەرەتای ئەم وەرزشە لە ساڵی(١٨٥٤) دەستی پێکردووه‌، سەرەتا مرۆڤ وەک سەرکەشی دەستی بەگەڕان کرد بەسەر چیاکاندا و بەدوای نهێنی سروشدا گەڕا، پاشان بیری لەوەع کردەوە چۆن بگاتە لوو تکەی چیاکان، بەتایبەت ئەو لووتکانەی مرۆڤ بەئاسانی ناتوانێت پێی بگات، لە بیرۆکەی تاکە کەسییەوە بۆ گەڕان بەسەر چیاکان گرووپ دامەزرا، پاشان بۆ ڕێکخستنی زیاتری وەرزشی شاخەوانی یانەی بۆ دامەزرا، پاشان هەتا ئەمڕۆ درێژەی هەیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئارەزوومەندانی ئەم جۆرە وەرزشە، بەهونەری نوێوە زیاتر پێشی دەخەن و گرنگی پێ دەدەن.
دەشڵێت: لە باشووری کوردستانیش لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٠٦ یەکەم فیدراسیۆنی شاخەوانی دامەزرا، بەشێوەیەکی گشتی وەرزشی شاخەوانی بەگرووپ و بەشێوەیه‌کی ڕێکخراو و کارا، بۆ سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٢ دەگەڕێتەوە، تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠یش زیاتر لە سەد کۆمەڵە و گرووپ و سەنتەر و فیدراسیۆن و ڕێکخراوی شاخەوانی بوونیان هەیە. شاخه‌وانی سوودی بێشوماری هەیە، دیارترین سوودەکانی بریتین لە باشترکردنی لەشجوانی و سەلامه‌تی دڵ و خوێنبەرەکان، هەروەها کەمکردنەوەی چەوری یلەش. هەندێک لە سوودەکانی دیکه‌ی کەمتر بەرجەستەن، وەک زیادبوونی گەورەی متمانەی کەسی و تواناکانی کارکردنی بەتیم، کەلە ژیانی تایبەتیدا بەکار دەهێنرێت بەبێ ئەوەی تەنانەت هەستی پێبکات. هەروەها هۆکاری زۆربەی جەڵدەی مێشک، داخستنی ڕێڕەوی ناوەوەی خوێنبەرەکانە، بەهۆی کۆبوونەوەی چەوری. لە جەستەی هەموو کەسێکدا چەندین موولوولە هەن، کە دەکرێنەوە بەڕێژەی لە ٪١٥ بەڵام لەکاتی شاخه‌وانیدا ئەم ڕێژەیە بەرز دەبێتەوە بۆ لە ٪٩٥ چونکە ئۆکسجین و خۆراک کەپێویستی جەستەی مرۆڤە، لە ڕێگەی ئەم موولوولەکانەوە لە هەموو بەشەکانی لەشدا دابەش دەبێت. لە ئەنجامدا بە چالاکی زیاتر و کردنەوەی موولوولەکان، ئۆکسجین و خۆراک دەتوانن بەخێرایی زیاتر و بەئاستێکی کوالیتی باشتر، بگاتە ماسولکەکان و مێشک و ئەندامەکانی ناوەوەی لەش.
ڕێبین کەریم دەربارەی ئەنجامدانی شاخەوانی بەبەردەوامی دەڵێ: ئەنجامدانی شاخەوانی بە بەردەوامی، یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ زیادکردنی چڕی ئێسکەکان و هەروەها بەهێزکردن و زیادکردنی بەرگەگرتنی ئێسکەکانی لەش. هەروەها شاخه‌وانی پێویستی بە ڤیتامین( دی) دابین دەکات. یەکێکی تر لە سوودە زۆر سەرنجڕاکێشەکانی شاخەوانی ئەوەیە، کە جگە لە باشترکردنی تەندروستی جەستەیی مرۆڤ، بەشداریکردن لەم وەرزشەدا یارمەتیدەرە بۆ باشترکردنی باری دەروونی مرۆڤ، کاتێک سەردەکەویت، بیرکردنەوە نەرێنییەکان نامێنن و ئەم وەرزشە وات لێ دەکا هەست بەباشتربوون بکەیت. یەکێک لە سوودەکانی تری شاخەوانی بۆ ڕۆح، زیادبوونی متمانە بەخۆبوونە. ئەو کەسانەشی کێشیان زیادە و حەزیان لە ئەنجامدانی شاخەوانیە، لەڕووی جەستەییەوە، جەستە دەخاتە دۆخێکی سەختەوە و سووتانی چەوری خێراتر دەکات، کاتێک مرۆڤ سەردەکەوێتە سەر شاخێک، لە بەرزاییە بەرزەکاندا کێش دادەبەزێ، بەبێ ئەوەی تەنانەت بەپێ بڕۆی.
کاتێک مرۆڤ سەرقاڵی وەرزشە و بەتایبەتی سەرکەوتن بەشاخ و چیادا، ئەوا بڕی کالۆری پێویستی جەستەی مرۆڤ سێ هێندە زیاد دەکات. لە ئەنجامدا جەستەی مرۆڤ دەبێ چەورییە هەڵگیراوەکان بسووتێنێ و بیخوا، بۆ ئەوەی ئەم بڕە کالۆرییە دابین بکات. بۆیە لەکاتی وەرزشکردندا مرۆڤ ئارەقەیەکی زۆر دەکا و بەشێک لە چەوری ژێر پێستی جەستەی بەهۆی ئارەقکردنەوە لادەبرێت. زۆرێک لە توێژینەوەکانیش دەریانخستووە، کەچالاکی سەرکەوتن بەسەر شاخەکاندا، مەترسی تووشبوون بەچەند جۆرێکی شێرپەنجەش کەم دەکاتەوە. بۆ نموون لاە، شێرپەنجەی سییەکان، شێرپەنجەی قۆڵۆن، شێرپەنجەی مەمک و ناوپۆشی منداڵدان. هەروەک چۆن گەشتکردن و چالاکییە وەرزشییە جیاوازەکان، وا لە جەستەت دەکەن بەشێوازی جیاواز، بینین و دەنگ و تەنانەت بۆن، کەبۆنی هەر ژینگەیەک نەشتەرگەری کیمیایی هاوشێوە لە مێشکدا ئەنجام دەدەن. توێژینەوەیەک کەلە ساڵی ٢٠١٥ لە زانکۆی ستانفۆرد ئەنجامدراوە، دەریدەخان کەڕۆیشتن بەپێ لە سروشت و سەرکەوتن بە شاخدا، چالاکی بەشەکانی مێشک هێور دەکاتەوە، کەزاناکان دەستنیشانیان کردووە، پەیوەندی بەنەخۆشییە دەروونییەکانەوە هەیە.
هەروەها گەڕان بەسروشتدا مەیلی مێشک بۆ بیرکردنەوە و خەیاڵکردن کەم دەکاتەوە. زانایان بەوشەی ڕومینات ئاماژە بەو بیرکردنەوانە دەکەن و بەکۆمەڵێک بیرکردنەوەی نەرێنی و نەخشەی تەرکیزکراو ناوی دەبەن، کەپەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ دڵەڕاوکێ و خەمۆکیدا هەیە. بەڵگەی بەڵگەدار هەیە کەبۆ دانیشتوانی شار و ئەوانەی لە دەوروبەری شاردا دەژین، ئەزموونکردنی سروشت و گەڕان بەدوایدا، باری دەروونی مرۆڤ باشتر دەکات و دوورت دەخاتەوە لە خەمۆکی و بیرکردنەوە نەرێنییەکان.

ھەواڵی زیاتر