رۆژنامەی ھەولێر

ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین لە هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی ٦٠٠ تۆن

کەرتی هەنگەوانی لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی ئابووری و کشتوکاڵی و لە ئێستادا ١٣ هەزار هەنگەوان سەرقاڵی ئەم پیشەیەن و نزیکەی ٥٠٠ هەزار پوورەی هەنگ بەڕێوە دەبەن.

ئەمساڵ کەرتی هەنگەوانی گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و کۆی بەرهەمی هەنگوین لە نێوان ٥٥٠ بۆ ٦٠٠ تۆن تۆمار کراوە، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٪٢٠ بۆ ٪٢٥ زیادی کردووە.
سەبارەت بە کاتی بڕینەوەی بەرهەم، پرۆسەکە بەپێی تایبەتمەندیی جوگرافیای ناوچەکان دەگۆڕێت؛ لە ناوچە دەشتاییەکاندا لە کۆتاییی وەرزی هاویندا ئەنجام دەدرێت، لە کاتێکدا لە کوێستانە ساردەکاندا پرۆسەی بڕینەوەی هەنگوین دەکەوێتە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە.
لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە پێشخستنی بەرهەمی هەنگویندا؛ ئەویش لەڕێگەی پێشکەشکردنی ڕێنماییی زانستی بە هەنگەوانان و ساغکردنەوەی بەرهەمەکان؛ هەروەها هەوڵدان بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی لە بەرانبەر بەرهەمی هاوردەکراودا، کە سەرجەمیان بوونەتە هۆی بەرزکردنەوەی کوالێتی و زیاتر پەرەپێدانی ئەم سێکتەرە.